|
سڤیل
ئەلیس ئیڤا بەر لەوەی بگاتە هۆلیۆد لەشانۆ و
تەلەفزیۆن و سینەماكانی بەریتانیا كاری
كردووە، خۆشی بە رەگەز بەریتانییە، یەكەم كاری
لەهۆلیۆد دەورێكی بچووك بوو لەفیلمی "سێكس و
شار"، دواتر لەفیلمی كۆمیدی "لەدەرەوەی خواستی
منە"، رۆڵی سەرەكی بینی، دواتریش هەر لەهۆلیۆد
لەفیلمی پەڕینەوە لەگەڵ هاریسۆن فۆرد
بەشدارییەكی سەرەكی كرد، لەو فیلمەدا ئەلیس
نمایشكەر ئەكتەرێكی ئوسترالیە، دەیەوێت بچێتە
ئەمریكا و لەوێ وەك نیكۆڵ كیدمان و ناومی واتس
بەناوبانگ بیت، ئەو دووانە كە بەرەگەز
ئوسترالین، بەڵام لەئەمریكا سەركەوتنی چاكیان
بەدەست هێناوە، بەڵام بۆ ئەو كچە گەنجە
لەفیلمەكەدا وا نابێت، بەڵكو ناچار دەبێت لەشی
خۆی بفرۆشێتە بەرپرسی نوسینگەی كۆچبەران بۆ
ئەوەی مافی پەنابەری پێبدرێت، ئەوەش دەكات،
لەگەڵ ئەوەشدا بەناوبانگ نابێت، دواتریش
لەلایەن پۆلیسەوە داوای لێدەكرێت ئەمریكا
بەجێبهێڵێ، ئەو فیلمە باس لەو كۆچبەرانە
دەكات، كە بە خەونەوە دەچنە ئەمریكا، بە
تایبەتیش مەرگەساتی مەكسیكییەكان نیشان دەدات.
ئەلیس بەجوانی و قژە زەردەكەی كچەكانی هۆلیۆدی
ساڵانی شەستەكان بەبیر بینەر دەهێنێتەوە،
لەدیمانەیەكی رۆژنامەی (حەیات)دا باس لەهەندێك
لایەنی كارەكانی خۆی دەكات، بەتایبەتی دوا
فیلمی كە ناوی پەڕینەوەیە، هەرچەندە كە
پێشتریش ئاماژەمان بۆ كرد كە ئەلیس ئیڤا، لەو
فیلمەدا رۆڵی كچێكی نمایشكەر دەبینێت، بەڵام
خۆی هەرگیز بەلای نمایشكەری جلوبەرگەوە
دانەچووە، بەپێچەوانەی زۆربەی كچە ئەكتەرەكانی
تر بیری لەنمایشكردنی جلوبەرگ نەكردۆتەوە،
ئەلیس لەبارەی نمایشكردنی جلوبەرگەوە دەڵێ
"مەرج نییە، هەر ئافرەتێك جوان و باڵابەرز بێت
بیر لەنمایشكردنی جلوبەرگ بكاتەوە، من خۆم زۆر
حەزم لە مۆسیقا و سەمای كلاسیكی بوو، بە
منداڵییەوە زۆر چاك بالیەم دەكرد و پیانۆم
دەژەنی، خەونم ئەوە بوو، ببمە مۆسیقاژەن،
بەڵام ڤایرۆسی شانۆ چووە خوێنم، لەبەر ئەوەی
دایك و باوكم یەكێك بوون، لەئەكتەرە
بەناوبانگەكانی شانۆ لەبەریتانیا، بۆیە بۆ
خوێندن چوومە ئەكادیمیای هونەری درامی
لەلەندەن، بۆیە نمایشكردنی جلوبەرگ هەرگیز
پەیوەندی بە منەوە نییە".
ئەلیس لەفیلمی "لەدەرەوەی خواستی من"، رۆڵێكی
كۆمیدی دەبینێت، بەڵام لەفیلمی"پەڕینەوە"
رۆڵێكی درامی زۆر جددی دەبینێت، ئەگەر پرسیاری
لەبارەی ئەو فرەجۆری نواندنە لێ بكەیت، ئەوا
ئەو توڕە دەبێت و پێت دەڵێت "ئەو جۆرە
پرسیارانەم لێ مەكەن، من وەك ئەو كچانە نیم،
خۆم لەیەك جۆر كاری نواندن زیندانی بكەم، من
دەمەوێ رۆڵی هەمەجۆر ببینم".
ئەلیس ئیڤا وەك خۆی باسی دەكات، هیچ رۆژێك
بیری لەوە نەكردۆتەوە، ببێتە ئەكتەرێكی
هۆلیۆد، بە جۆرێك باس لەچوونی بۆ هۆلیۆد
دەكات، كە زیاتر لە رێكەوتێك دەچێت، دەڵێ
"رۆژێك تەلەفۆنێك بۆ ئەو كچە كرا بوو، كە
بەڕێوەبەری كارەكانم بوو، گوایە دەرهێنەرێك و
تیمێكی فیلمسازی لەئەمریكاوە هاتووە، بۆ ئەوەی
من ببین و كاریان لەگەڵ بكەم، من ئەمەم
بەگاڵتەی هاوڕێكانم زانی، بەڵام چەند رۆژێك
دواتر دیسان تەلەفۆنیان كردووە، من چووم
لەگەڵیان دانیشتم داوایان لێكردم لەفیلمی سێكس
و شار بەشداری بكەم، من دوای قسەكردن لەگەڵیان
گوتم پەیوەندیم پێوە ناكەنەوە، بەڵام چەند
هەفتەیەك دواتر تەلەفۆنیان كردەوە وادەی
كارەكەیان دیار كرد".
لەسەرەتای كاركردنی ئەلیس لەگەڵ ئەمریكییەكان
لە جۆری پەیوەندی كۆمەڵایەتی رۆژانە بێزار
بووە، ئەلیس ئەو ئەزمونە بە ناخۆش وەسف دەكات
و دەڵێ "كاتێك یەكەم فیلمم لەگەڵ ئەمریكییەكان
كارم كرد، زۆر سەرم سوڕما، ئەوان لەكاتی
كاركردن ماندوو نەدەبوون، تەنها بیریان
لەكارەكە دەكردەوە، بیریان لە هیچ شتی تر
نەدەكردەوە، تەنانەت ئەو كاتەی كە تەواو
دەبووین، تەنانەت سڵاوێك و ماڵئاواییان
نەدەكرد، زۆر بەلامەوە سەیر بوو، كە پەیوەندی
مرۆڤانەیان لەكاتی كاركردن نییە، بە خۆم دەگوت
ئەمریكییەكان منیان لە ساندریلاوە كردە كچە
سواڵكەرێك". تێڕوانینی ئەلیس بۆ ژیان وەها
ناكات كە ئەمە بە ئەزمونێكی تاڵ بزانێت، ئەلیس
دەڵێ "من هەردەم بە ئیجابی بیر لەژیان دەكەوە،
من زۆر شت لەو جۆرە كاركردنە فێر بووم، دانم
بەخۆم گرت، تا ناوم لەناو ئەو لیستەوە بوو، كە
تایبەت بوو بە كچە ئەكتەرە بەناوبانگەكانی
هۆلیۆد، پارەیەكی زۆرم دەستكەوت، ئەمەش مانای
ئەوە نییە، بە هەموو شتێكی هۆلیۆد رازی بم".
ئەو دوا قسەیەی ئەلیس وا دەكات سەبارەت دوا
بڕیاری لەبارەی مانەوە لەهۆلیۆد نەدات، ئەو
دەڵێ "من ناتوانم لەلەندەن و شانۆ داببڕێم،
بۆیە دەبێت كاتی خۆم لەنێوان هۆلیۆد و لەندەن
دابەش بكەم".
لە "حەیات" وەرگیراوە
|