دلێر عەبدولقادر: ئەوەی ئێستا دەیزانم، پێشتر بمزانیبابە، قەت بەندم نەدەگوت  

 

 

سڤیل: كاوە شێخانی


دلێر عەبدولقادر گۆرانیبێژ لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل) دەڵێ ئەو كاتەی من بەندم دەگوت، هونەری بەند جۆرێكی تر بوو، ئەو رەخنە ئاراستەی ئەو بەندبێژانە دەكات، كە لەبەندەكانیان جنێو بەكاردەهێنن و پێی وایە ئەو جۆرە كەسانە هونەری كوردیان شێواندووە، لەبەرئەوە دەڵێت "لەبەند گوتن پەشیمانم".
***
سڤیل: كێشەی تۆ و ئەژدەر وەهبی بەكوێ گەیشت؟
دلێر عەبدولقادر: ئەژدەر وەهبی دەڵێ "من كاتی خۆی گۆرانی (شەونم و شیلان)، بەچەپڵە گوێم لێ بووە". هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان دەزانن گۆرانی شەونم و شیلان هی منە، لەساڵی 1997 ئەو گۆرانیەم تۆماركردووە، بۆ ڕاستی قسەكەشم، تۆمارگەی ناز ئەو گۆرانییەی بۆ تۆماركردووم، هونەرمەند ئەژدەر لەگۆڤارێك قسەی خۆی كردووە و منیش قسەی خۆم كردووە، من رێزم بۆ ئەژدەر وەهبی هەیە و هیچم لەگەڵی نەماوە.
سڤیل: بۆ ئانگەكانت زۆرتر سەفەری سلێمانی دەكەی، هیچكات بووە لەو ڕێگایەدا تووشی كارەسات بووبی؟
دلێر عەبدولقادر: ڕاست دەكەی من زۆر دەچم بۆ سلێمانی، من منداڵی هەولێرم، بەڵام دیارە خەڵكی سلێمانی داوام لێدەكەن بۆ ئاهەنگگێران و زۆر رێز لەخەڵكی سلێمانی دەگرم، منیش ناچارم بچم، بەڵام وەك ترس نا، چونكە ئەوەی لەلای خوابێ، ناگەڕێتەوە، بەڵام لەساڵی 2005 لەڕێگەی گەڕانەوەم بۆ هەولێر لەڕێگای سلێمانی و كەركووك تووشی وەرگەڕان هاتین، بەداخەوە برای ئازیزم هونەرمەند عەبدولخالق ئەحمەد لەو كارەساتەدا گیانی لەدەستدا، من گلەیی ئەوە لەوەزارەتی رۆشنبیری دەكەم، كە تائێستا هیچی بۆ ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە نەكردووە.
سڤیل: تۆ لەساڵی چەندەوە ئاهەنگی بووكگواستنەوە دەكەی و تائێستا ئاهەنگت بۆ چەند بووك و زاوا كردووە؟
دلێر عەبدولقادر: من لەساڵی 1995 ئاهەنگی بووك گواستنەوە دەگێڕم، ساڵان زیاتر لە 250 ئاهەنگی بووك گواستنەوە دەكەم، چونكە هیچ ڕۆژێك نییە من ئاهەنگم نەبێ، باوی ئەوە نەماوە وەك جاران تەنیا ڕۆژی هەینی خەڵك ژن بهێنێ، ئێستا هەموو ڕۆژێك ئاهەنگی بووك گواستنەوە هەیە.
سڤیل: ئەگەر باسی دلێر بكرێ، یەكسەر دەڵێن "هونەرمەندی یەكێتییە" بۆچی؟
دلێر عەبدولقادر: نەخێر من هونەرمەندی كوردم و موڵكی هیچ حیزبێكی كوردستان نیم، ئەو ڕۆژە من لەهەولێر ئاهەنگم بۆ حیزبی شیوعی گێڕاوە، بۆمن هیچ حیزبێك جیاوازی نییە، من گۆرانیم بۆ مام جەلال و بۆ سەرۆك بارزانی گووتوە، من وەك كوڕێكی هەولێر كاردەكەم و هەولێرچیاتی دەكەم، سەر بەهیچ حیزبێكی سیاسی نیم، دەمەوێ لەڕێگای هونەرەكەم خزمەت بەڵاتەكەم بكەم، بەڵام لەگەڵ كوڕی بەرپرسەكان نێوانم خۆشە، بەتایبەت كوڕەكانی كاك كۆسرەت و كاك نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، بەڵام ئەوە لەچوارچێوەی هاوڕێیەتی، نەك حیزبایەتی.
سڤیل: بۆچی وازت لەبەندگوتن هێناوە؟
دلێر عەبدولقادر: ئەوكاتەی من بەندم دەگوت زۆر خۆش بوو، بەڵام ئێستا نا، چونكە مرۆڤ لەژیان پێویستی بەگۆڕان هەیە، تاساڵی 2003 من بەندم دەگوت، دوای ئەوە من وازم هێنا.
سڤیل: چ قسەیەكت بۆ ئەو بەندبێژانە هەیە، كە لەبەندەكانیان جنێو بەیەكتری دەدەن؟
دلێر عەبدولقادر: من باوەڕم بەو شتانە نییە و بەهونەرمەندیان دانانێم، ئەوانە هونەری كوردیان شێواندووە، ڕاستە بەند كەلتوری كوردە، ئەو رەسەنایەتییە لەكوردستانی ئێران سەری هەڵداوە، دوای هاتۆتە كوردستانی باشوور، بەڵام نەك بەمشێوەی ئێستا، سەردەمی ئێمە وانەبوو، ساڵانی دوای نەوەدەكان كەی شەڕە جنێو هەبوو؟ بەڵام كە چووم بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكان بۆمن قوتابخانەیەكی باش بوو، زۆرشت فێربووم بۆ بەشێوازی گۆرانی گوتنی خۆم، زۆریش پەشیمانم لەو بەندانەی گوتوومە، ئەوەی كە ئێستا دەیزانم، ئەوكات بمزانیبایە قەت بەندم نەدەگوت.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com