|

سڤیل: سلێمانی
كاردینای سپی لەهەردوو بواری شیعر و نواندن
دەركەوتووە و دەڵێ "هەردووكیان دوو بەشی گرنگی
ژیانی منن، لەوەتەی كاردینا خۆی ناسیوە شیعری
لەگەڵدا بووە، هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆیان
هەیە، وازیش لەهیچیان ناهێنم".
كاردینای سپی، لەساڵی 1989 لەشاری سلێمانی
لەدایكبووە، نۆ ساڵە شیعر دەنووسێ، قوتابی
قۆناغی چوارەمی كۆلیژی زمانە، لەبەشی عەرەبی،
كە ئەم ساڵ پلەی سێیەمی لەكۆلیژەكەی خۆی
بەدەستهێنا، ئەو لەساڵی 2007 بەڕۆڵێكی سەرەكی
بەشداری لەدراماكانی (ئارەزوو) و (خەرەند)
كرد، ئەو كە ئێستا وەك شاعیر و ئەكتەر
ناسراوە، دەڵێت "دراماكانی (ئارەزوو) و
(خەرەند) زۆر بەجوانی منی بەخەڵك ناساند،
ئەگەر ئیشێكیش لەو ئاستەدا نەبێ، نایكەم،
چونكە نامەوێ بەكارێكی لاواز، ئاستی ئیشەكەی
پێشووترم دابەزێنم، لەئێستادا بۆ ئیشێكی دیكەش
پێیان گوتووم، هێشتا بڕیارم لەسەر نەداوە".
كاردینای سپی لەبارەی رەنگی سپی ئاماژە بۆئەوە
دەكات، سپی رەنگی پاكییە و دەتوانی لەرەنگی
سپیدا هەموو رەنگەكانی دیكەی لە سەر بنەخشێنی،
"منیش حەزدەكەم هەمووكات رەنگی پاكی هەڵبگرم،
هەر بۆیەشە رەنگی سپیم بۆ پاشگری ناوەكەی خۆم
هەڵبژاردووە".
سپی خان باسی لەوەشكرد، ئەگەر ژمارەی
تەلەفۆنێك نەناسێ، وەڵامی ناداتەوە، دەڵێت
"لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا ڕەنگە مەرحەبایەك
كێشەیەكت بۆ دروست بكات، منیش تاقەتی كێشەم
نییە". كاردینای سپی نایشارێتەوە، كە داوای
زەواج و دڵداریشی لێكراوە، دەڵێ قابیلە
تائێستا داوای زەواج و دڵداریم بۆ نەهاتبێ،
بەڵام ئایا بۆچی تا ئێستا شوی نەكردووە
كاردینا دەڵێ "قوتابی زانكۆم و هەوڵدەدەم
نمرەی باڵا بەدەستبهێنم و لەخوێندنی باڵا
بخوێنم، پاشان هێشتا منداڵم بۆ شووكردن".
كاردینای سپی حەزناكات شیعرەكانی خۆی چاپ
بكات، چونكە ئەو پێیوایە بەشێوەیەكی زۆر
ناشرین كتێب لەسەر شەقام و زەوی دادەنرێن، كە
بەبڕوای ئەو قەد نابێ كتێب لەسەر زەوی دابنرێ،
بەڵام ئەو لەئێستادا لەسەر داوای هاوڕێیانی و
خەڵكانێك، لەداهاتوویەكی نزیك، یەكەم كتێبی
شیعری خۆی چاپ دەكات.
كاردینا شەش مانگ پێش ئێستا كێشی 63 كیلۆ بوو،
توانی بۆماوەی دوو مانگ، حەوت كیلۆ كەم
بكاتەوە، سپی خان دەڵێت "وەختێك بەس دەمخوێند
و دایكیشم نانەكەی دەخستە بەردەمم، زوو
قەڵەوبووم، بەڵام ئێستا 56 كیلۆم و باڵاشم 161
سم، ئەوەندە بەسە، لەوە زیاتر كێشم كەم بكەم،
خۆم بە جوان نازانم".
|