|
     
سڤیل: مەریوان عومەر
زەحمەتە ئـــــافرەت دان بەخوە خراپەكانی
پیاوەكەیدا بنێت، تەنیا كاتێك كار دەگاتە
ناكۆكی و جیابوونەوە
لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە تەنكەلۆجیەی بەخۆیەوە
بینیوە، كەچی كۆمەڵگای یابانی هێشتا سروشتێكی
موحافیزكارانەی هەیە، بەتایبەت لەبارەی ئەو
بابەتانەی پەیوەندیەكان بە ژیانی تایبەتی
خێزانەوە هەیە. لێدوانەكانی خێزانی سەرۆك
وەزیرانی تازەی یابانی "ناوتوكان" لەبارەی
هاوسەرەكەیەوە بە شێوەیەكی زۆر جیاواز و
چاوەڕواننەكراو بوو و بووە مایەی سەرسوڕمانی
خەڵكی یابانی. بەڵام لەهەمان كاتدا ئەو
راشكاویەی لە قسەكردنەكەیدا هەبوو، مایەی رێز
و پێزانینی خەڵك بوو. ئەو هاوسەرەكەی بە كەسێك
وەسف كرد كە "هیچ زانیاریەك و حەزێكی جوانیشی
لەبارەی جلوبەرگەوە نیە، هەروەك هیچ شتێكیش
لەبارەی دروستكردنی خواردن نازانێت".
گەر پیاو نەزانێت هێلكەیەك سپی بكات، یا
سۆسیجێك سوور بكاتەوە، ئەوە پەیوەندی بەخۆیەوە
هەیە، بەڵام كاتێك خێزانەكەی پێی بڵێت كە "هیچ
زانیاریەكی نیە" ئەمە تاچەند قبوڵكراوە؟ كام
خێزانی سەركردە و سیاسەتمەدار زیاتر لەبارەی
نهێنی خێزان و كەسانی نزیكی خۆیەوە قسە دەكات؟
ئەو راشكاویەی خێزانی سەرۆك وەزیرانی یابانی
قسەی پێكرد، پێچەوانەی چاوەڕوانی كۆمەڵگای
پارێزگاری یابانی بوو لەخێزانی
سیاسەتمەدارەكانیان.
بەڵام كاتێك بارودۆخ دەگاتە ئەو ئاستەی كە
گەڕانەوەی بۆ نیە، ئەو تۆمەتانەی خێزانی
سیاسەتمەدارەكان ئاڕاستەی هاوسەرەكانیانی
دەكەن، زۆر توند و بێڕەحمانەیە. ئەمە رێك ئەو
حاڵەتەیە بەسەر سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵی "سیلڤیۆ
برلسكۆنی" هات، كاتێك هاوسەرەكەی "فیرۆنیكا"
سەرەتا لەبارەی رەفتاری ناپەسەند و
پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئافرەتاندا بێدەنگ بوو،
بەڵام دواتر كە كار لەكار ترازا، بڕیاریدا
"ئیدی بەسە" و تۆمەتەكانی كە ئاڕاستەی
برلسكۆنی هاوسەرەكەی كرد، بووە كەرەسەیەكی
باشی دەزگا راگەیاندنە ئیتاڵیەكان. فیرۆنیكا
وتی "چیتر ناتوانم رێگەی لێبگرم كە خۆی نەكاتە
گاڵتەجاڕ!!".
"هیلاری كلینتۆن" لەبەرامبەر رەفتارەكانی "بێڵ
كلینتۆن"ی هاوسەرەكەی لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی
ئەمریكادا بێدەنگی هەڵبژارد، بە رووداوی
ئابڕووبەرانەی پەیوەندیە سێكسیەكەشی لەگەڵ
"مۆنیكا لوینسكی"دا، كاتێك مۆنیكا گەواهی
لەسەر وردەكاریەكانی پەیوەندیەكانی دا، ئەمە
بۆ "هێلاری"یش مایەی ریسواییەكی زۆر و بێ وێنە
بوو، كە ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە.
بەڵام ئایا پێویست بوو كە هێلاری هەڵوێستێكی
ئازادیخوازانەی ژنانە بنوێنێت و بەهۆی مەیل و
حەزە سێكسیە ناڕەواكانی هاوسەرەكەی جێبهێڵێت و
ئەو بڕە ئابڕووەی مابووی بیپارێزێت؟ ئەمە ئەو
هەڵوێستە بوو كە ئافرەتانی چینی ناوەند لە
رۆشنبیرانی بزووتنەوە فێمێنیستەكان
چاوەڕوانیان دەكرد. بەڵام لێكدانەوەكانی
هێلاری جیاواز بوو، دواتر بەئاشكرا دەركەوت،
كە تموحی چوونە نێو ململانێی كێبڕكێكانی
سەرۆكایەتی و بردنەوەی كۆشكی سپی هەیە. ئەو
پۆستەی ئێستاش هەیەتی، دەرەنجامی ئەو تموحەی
بوو، بۆیە ئەوكات وەك هاوسەرێكی خەڵەتێندراو
خۆی دەرخست، سەرەڕای ئەوەی دەیزانی تەواوی
پەیوەندیەكانی كلینتۆن و مۆنیكا راستن، بەڵام
سەرەتا نكوڵی لە تۆمەتەكان كرد و بە حەق و
ناحەق پاڵیدایە هاوسەرەكەی و پشتگیری لێكرد.
كاتێكیش پەیوەندیەكان بۆ رای گشتی ئەمریكا
ئاشكرا بوون، ئەو توانی وەك هاوسەرێكی
خەڵەتێندراو، كە شكۆ و كەرامەتی بەهەدەر
دراوە، سۆزی گەلی ئەمریكا بەلای خۆیدا كێش
بكات و بەهۆیەوە بەئاسانی بگاتە ئەنجومەنی
پیران.
"ماكس دیڤیدسۆن" لەوتارێكدا لە "دەیلی
تەلەگراف" لەبارەی "سمانسا"ی خێزانی "دەیڤد
كامیرۆن"ی سەرۆك وەزیرانی پارێزگاری تازەی
بەریتانیا دەڵێ "كامیرۆنیش كەسێكە مەعریفەیەكی
قوڵی لەبارەی سیاسەتەوە نیە، بەڵام لە
وڵاتێكدا كە خەڵك لە هاوسەری سیاسەكان
واچاوەڕوان دەكات، كە تا ئەوپەڕی پەیوەستی بە
هاوسەرەكانیانەوە پەیوەست بن و پشتگیریان
بكەن، بۆیە رەنگە سمنسا دواین كەس بێت دان بە
كەموكوڕیەكانی هاوسەرەكەیدا بنێت".
دەبێ بزانین كە سمنسا هەمان بۆچوونی
پارێزگارانەی هاوشێوەی هاوسەرەكەی خۆی هەیە،
بۆیە ناوێرێت بەجۆرێك هێرش بكاتە سەر
هاوسەرەكەی، كە كاریگەری لەسەر داهاتووی
سیاسیەكەی هەبێت. هەموو رەخنەكانی خۆی لەبارەی
هاوسەرەكەی لەوەدا كورت كردەوە، كە "پشێوی و
بێسەروبەری لە چێشتخانەدا دروست دەكات و
جلەكانی هەروا لەسەر زەوی جێدەهێڵێت، هەمیشە
یاری بە مۆبایلەكەی دەكات و تەلەفیزیۆنیش بە
بەردەوامی لە كەناڵێكەوە بۆ یەكێكی تر
دەگۆڕێت". خەڵكی بەریتانیا چاوەڕێی ئەوە لە
سمنسا ناكەن، كە وەك هاوسەری "برلسكۆنی"
لەبارەی هاوسەرەكەیەوە بدوێت.
"میشێل ئۆباما" لەمیانەی هەڵمەتەكانی
هەڵبژارنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەساڵی 2008
هاوسەرەكەی خۆی "ئۆباما"ی توڕە نەكرد، كاتێك
لەبارەی گوێچكە گەورەكانیەوە قسەی كرد و
دەنگدەرانیشی هۆشیار كردەوە، كە ئەو نابێتە
"مەسیحێكی تازە". هەرچەندە ئەمەی دواییان
پێویستی بە روونكردنەوەی زیاتر هەبوو، بەڵام
بۆ ئۆباما بەو شێوەیە ئازاربەخش نەبوو.
هەندێك لەخێزانی سیاسیەكان بیریان نامێنێت، كە
جاری وا هەیە هەوڵی دەرخستنی هاوسەرەكانیان
وەك نمونەی هاوسەری باش دەرەنجامێكی پێچەوانەی
لێ دەكەوێتەوە. هەروەك "سارا براون"ی هاوسەری
"گۆڵدن بڕاون" لەكۆنگرەی پارتی كرێكارانی
بەریتانیا لەساڵی 2009 ستایشی رەفتاری
نەرمونیانانەی هاوسەرەكەی كرد، بەڵام
ستایشەكانی تارادەیەكی زۆر بووە مایەی
سەرسوڕمانی خەڵك.
بە شێوەیەكی گشتی راستگۆیی باشترین سیاسەتە كە
پێڕەو بكرێت، دەنگدەران خەڵكانێكی گەوج نین،
دەتوانن باش و خراپ لەیەكتر جیا بكەنەوە.
هەندێك لە چاودێران پێیان وایە "شیری بلێر"ی
خێزانی "تۆنی بلێر"ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی
بەریتانیا كەمێك گەوجانە رەفتاری كرد، كاتێك
زیاد لە پێویستی لەبارەی پەیوەندی هاوسەرگیریی
نێوان خۆی و بلێری ئاشكرا كرد و لەدەمی دەرچوو
و وتی "بلێر" لەكاتێكدا پێشنیاری هاوسەرگیری
بۆ كردوە، كە ئەو خەریكی پاككردنەوەی ئاودەست
(WC) بووە، ئەو پێی وابوو ئەو چیرۆكە بۆ خەڵك
سەرنجڕاكێش دەبێت.
|