|

محەمەد قەدری، ئەو هونەرمەندەی گەنجەكــانی
ئێستا لاسایی پێش پەنجا ساڵی ئەو دەكەنەوە:
سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی
هونەرمەند محەمەد غەریب قەدری لەساڵی 1935
لەپێنجوێن لەدایكبووە و گەڕەكی تەیراوەی شاری
هەولێریش گەڕەكی بەڕێكردنی تەمەنی منداڵی
ئەوبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیشی هەر
لەو گەڕەكە تەواوكردووە، لەبەرئەوەی باوكی
بووە عەمیدی كۆلیژی شەریعە لەبەغدا،
كوردستانیان جێهشێت و لەبەغدا نیشتەجێ بوون،
قەدری هەر لەبەغدا خوێندنی ئامادەیی و
پەیمانگای هونەرەجوانەكانی بەشی مۆسیقای
تەواوكردووە، ئێستا ئەو باوكی پێنج كوڕە، سێ
لەكوڕەكانی هونەرمەندن و لەبەغدا دەژین، دوو
كوڕیشی لەگەڵ خۆی لەهەولێرن. محەمەد قەدری لەو
دیمانەیدا لەگەڵ (سڤیل) وەڵامی چەندین پرسیار
دەداتەوە و قسە لەسەر سەرەتاكانی هونەركردنی و
حەز و لایەنە تایبەتییەكانی ژیانی خۆیشی
دەكات.
سڤیل: لەسەردەمی منداڵی خۆت، چۆن موتابەعەی
گۆرانیت دەكرد؟
محەمەد قەدری: لەسەردەمی منداڵی مندا هەر
رادیۆ هەبوو، زۆریشم حەز لەرادیۆ هەبوو، گوێم
لەگۆرانییەكان دەگرت، كاتێك گوێم لەگۆرانی و
مۆسیقا دەبوو، دەمویست بچمە ناو رادیۆ و بزانم
ئەو دەنگانە چۆن دەردەچێ، جگە لەوەش خوا لێی
خۆشبێ، هونەرمەند تاهیر تۆفیق دەهاتە تەیراوە
و ئاهەنگی بووك و زاوای دەگێڕا، یەكسەر خۆمان
دەكردە ماڵەكە و دەچووین گوێمان
لەگۆرانییەكانی تاهیر تۆفیق دەگرت، لەو وەختەش
هەر تاهیر تۆفیق و حەیدەر كەچەڵ هەبوون، ئەو
توركمان بوو، قۆریاتی دەگوت.
سڤیل: لەساڵی چەند دەستت بەكاری هونەری كرد؟
محەمەد قەدری: هێشتا قوتابی قۆناغی دووەمی
پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدابووم، كاك
یەحیا مەرجان شیعرێكی بۆم هێنا و گوتی: بۆ
نایەی ئاوازێكی بۆ دابنێی؟ شیعرەكەش دووقۆڵی
بوو، هی محەمەد شەنگە بوو، (كوڕەكە دەڵێ:
جوانی هونەرخوازی كچە كوردی نیشتیمان، بۆیە
وابەنازی خۆت ئەنوێنی بەسەرمان. كچەش دەڵێ:
كوڕە كوردی شیرینم، ئەمرم رۆژێك نەتبینم، گەر
نەبی لەژینم. خەسارە هەموو ژینم) ئاوازم بۆی
دانا، لەساڵی 1957 لەفیستیڤاڵی پەیمانگای
هونەرەجوانەكان پێشكەشمان كرد، یەحیا مەرجان
لەگەڵ كچێكی بەشی شێوەكاری بەجووتە
گۆرانییەكەیان گوت، لەفیستیڤاڵەكە شەماڵ شائیب
دانیشتبوو، هاتە لامان و گوتی: گۆرانییەكەتان
زۆر خۆشە، وەرن بۆ ئێزگە با بۆتان تۆمار بكەم،
ئێمەش نەماندەزانی ئێزگە و تۆماركردن چییە،
ئەو وەختە هونەرمەند جەمال جەلال هاتوچۆی
ماڵمانی دەكرد، گوێی لەگۆرانییەكە بوو، وەختێك
زانیم گۆرانییەكەی بردووە لەگەڵ گوڵبەهار
تۆماری كردووە. ئیتر ئەو گۆرانییە بوو بەنسیبی
جەمال جەلال و گوڵبەهار.
سڤیل: ئەی بۆچی خۆت گۆرانییەكەت تۆمار نەكرد؟
محەمەد قەدری: هەر حەزم دەكرد ببم
بەئاوازدانەر، ئاوازم بۆ فوئاد ئەحمەد،
عەبدوڵڵا دڵسۆز، گوڵبەهار و كۆمەڵێكی دیكەش
دانا، بەڵام خۆم شەرمم دەكرد گۆرانی بڵێم،
خەڵك بەچاوێكی سووك سەیری گۆرانیبێژیان دەكرد،
جگە لەوەش براگەورەكەشم بەڕێوەبەری گشتی
پەروەردەبوو لەهەولێر، لەبەرخاتری ئەویش
نەمدەویست ببم بەگۆرانیبێژ، نەوەك تەئسیر
لەسومعەی بكات. بەڵام رۆژێك نازم نەعیم، كە
بەڕێوەبەری بەشی كوردی بوو لەئیزاعەی بەغدا،
گوتی: باشە تۆ ئاواز بۆ ئەو گۆرانیبێژانە
دادەنێی، خۆ تۆ دەنگت لەوانە خۆشترە، بۆ خۆت
گۆرانی ناڵێی؟ منیش گوتم: بەخوا شەرم دەكەم
ناتوانم. گوتی: حەیفە ئەو دەنگەت دەمرێنی،
ئەگەر گۆرانی نەڵێی، ئاوازەكانت بۆ تۆمار
ناكەم، وەڵڵا ئیتر لەوەوە دەستم پێكرد
بەگۆرانی و ئاوازدانان. یەكەم گۆرانیشم لەساڵی
1958- 1959 بەناوی (پەشیمانی) تۆماركرد.
سڤیل: بۆچی زۆر حەزتكردووە لەگەڵ ئافرەتەكان
گۆرانی دوێت بڵێی؟
محەمەد قەدری: ئەوە حەزی خۆم بوو، زۆر حەزم
لەدووقۆڵی بوو، دەگەڕام بۆ ئافرەتێك دەنگی خۆش
بێ، ئەوانەی كە لێم نزیكبوون گوڵبەهار و
نەسرین شێروان بوون، هەروەها جەمیلە و غالیدە
سالم، ئەوانە عەرەب بوون، هەروەها لەگەڵ
مائیدە چوار گۆرانیم تۆماركرد، كە جوانترین
دەنگی ئافرەتی عێراقییە و لەگەڵ كەس گۆرانی
نەدەگوت، بەڵام ئەو دەنگی منی پێخۆش بوو،
ئێستاش هەموو گۆرانییەكانم بە ڤیدیۆ ماوە،
دواتر ژیان ئەحمەد (دكتۆرە بەلقیس) هات، چەند
ئاوازێكم بۆی دانا و ئەویش دەنگی زۆر خۆش بوو،
من پەنجا و دوو ساڵ پێش ئێستا گۆرانی دووقۆڵیم
لەگەڵ ئافرەت گوتوە، تازە گەنجەكان خەریكن
گۆرانی دووقۆڵی دەڵێن.
سڤیل: مادام هەموو ئەو گۆرانیانەت ماوە، بۆچی
نایدەیتە كەناڵە كوردییەكان پەخشی بكەن؟
محەمەد قەدری: ئێ بیدەم بەكێ؟ كەس داوای لێ
نەكردووم، ئەوە پێنج ساڵە لەكوردستانم،
تائێستا كەسێك نەیگوتووە مەرحەبا، من یەكێكم
لەو هونەرمەندانەی، كە پێنج ساڵە لەكوردستانم
كەس نەهات بڵێت كەرت بەچەند.
سڤیل: ئەوە نزیك لەپێنج ساڵە لەكوردستانی،
بۆچی لێرەدا كارێكی هونەریت نەكردووە؟
محەمەد قەدری: لێرە زۆر هەوڵمدا كار بكەم،
بەڵام دەست و قاچم بەستراوە و لێناگەڕێن
كاربكەم، بۆ زۆر شوێن چووم و داوام كردووە
شوێنێك هەبێ ئیشی مۆسیقا و ئاوازدانان بكەم،
هەرچی دەرگا هەیە لێمداوە، بەڵام بەداخەوە كەس
دەرگای ئیشی بۆ نەكردمەوە، چووم بۆ لای
بەڕێوەبەرایەتی هونەرەكانی موزیك لای كاك
شێرزاد سەرسپی، ئەویش مەجال نادات ئیش بكەم،
دەیان ئاوازم لەماڵەوە هەیە، دەیان ئاوازم
لەماڵەوە كەوتووە، من ئامادەم بۆ ئەو
گەنجانەی، كە دەنگیان خۆشە، ئاوازیان بۆ
دابنێم.
سڤیل: تۆ پێتوایە هۆكارەكەی چییە، كە ڕێگەت
پێنادەن كار بكەی؟
محەمەد قەدری: هەركەسێك بۆ خۆی جێگایەكی
گرتووە، لەوە دەترسن ئەو كەسەی كە توانای
كاركردن و داهێنانی هەیە، نەوەك شوێنی ئەوان
بگرێتەوە، من پەنجا و دوو ساڵ خزمەتم كردووە،
حەزدەكەم لەوكارەی كە لەگەڵ روحی مندا دەژی
تێیدا بەردەوام بم، بە حەیفی دەزانم لەكاتێكدا
بمرم، كە هێشتا توانام ماوە، چونكە مردن هەر
ئەوە نییە لەژیاندا نەمێنی، هونەرمەند ئەگەر
لەبوارەكەی خۆیدا كارنەكات، بەرەو مردن
دەڕوات، منیش نامەوێ بەزیندووێتی بمرم، من
تێناگەم ئایا هونەرمەند كە بەتەمەن دەبێ،
ئەوها رێزی نامێنێ و كەس ناچێ بەلایەوە.
سڤیل: گۆرانییەكانی ئەو قۆناغە چۆن دەبینی؟
محەمەد قەدری: هەنگاوی باش نراوە و دەنگی
خۆشیش هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لەناو
كورددا ئاوازدانەر كەمە، زۆربەیان تەقلیدە،
یەكێكم نەدیووە بەدڵ ئاوازدابنێ، خوا وامنی
خوڵقاندووە، كە نەتوانم لەگۆترە ئاواز دابنێم،
زۆربەی ئاوازەكانی ئێستا لەگۆترە دادەنرێ،
ئەوەش هۆكارەكەی ئەوەیە، كە كەسێكمان نییە
ئیختیساسی خۆی ئاوازدانان بێ. بەڵام هەڵكەوت
زاهیر كوڕێكی بەتوانایە و زۆرم خۆشدەوێ،
روحیەتێكی زۆرجوانی هەیە لەئاوازدانان،
رێگایەكی زۆر جوانی گرتووە، بەداخەوە وابزانم
زۆر دژایەتی دەكرێ، جێگای داخە لەكوردستان
هەموو شتێك بووەتە دژایەتیكردن، من لەنزیكەوە
هەڵكەوت زاهیرم بینیوە، كوڕێكی زۆر موئەدەب و
نموونەی ئەخلاقی بەرزە، ئەو خۆیشی یەكێكە لەو
هونەرمەندانەی حەز لەئاوازەكانی من دەكات.
سڤیل: پەیوەندی و هاوڕێتیت لەگەڵ جیلی ئێستا
چۆنە؟
محەمەد قەدری: من هەر لەتەلەفزیۆن دەیانبینم،
قوربان جاران لەئێزگەی بەغدا كافتریا هەبوو،
هەموو هونەرمەندان لەكافتریا كۆدەبوونەوە و
كامەیانت دەویست لەبەردەست بوون، ئەگەر عارەبت
دەویست هەبوو، كوردت دەویست هەبوو، بەڵام
ئێستا كەس كەس نابینێ، ئێستا من دەگەڕێم بۆ
ئافرەتێك ببینمەوە لەگەڵیدا گۆرانی شێوەی تازە
بڵێم، بەڵام كوا كەس نییە، زۆر هەوڵمدا
ئافرەتە گۆرانیبێژەكانی كورد ببینم ئاوازیان
بۆ دابنێم، دەمەوێ لۆكە ببینم ئاوازی بۆ
دابنێم، دەنگێكی زۆر ناسك و خۆشی هەیە، بەڵام
كوا كەس ئەوانە نابینێ، من نازانم لە
تەلەفزیۆن بۆ ئەوەندە زۆرن و لەهیچ جێگایەكی
ئەو شارەش دیارنین.
سڤیل: بابێینەوە سەر قۆناغی گەنجێتیت، لەگەڵ
دڵداری چۆن بووی؟
محەمەد قەدری: ئەگەر دڵداریم نەكردایە،
نەمدەتوانی ئاواز دابنێم، زۆریشم خۆشویستووە،
هەر یەكێكیان تامی خۆی هەبووە، زۆربەی
ئەوانەشی كە خۆشم ویستوون كچە عەرەب بوون،
بەڵام لەیەكێكیان زۆر عاشقی ببووم، من
لەساڵانی حەفتاكان مامۆستابووم لەپەیمانگای
مامۆستایانی بەغدا، عەشقی قوتابییەكی خۆم
بووم، ئێستاش ئەو عەشقەم هەرماوە.
سڤیل: ئێ ئەو عەشقە چی لێهات؟
محەمەد قەدری: وەڵڵا فەشەل بوو، چەند جارێك
چوومە داوای، بەڵام باوكی قبووڵی نەكرد، چونكە
كورد بووم، كچەكە ئێستاش ماوە، لەبەرمن شووی
نەكردووە، جارجارە تەلەفۆنم بۆ دەكات.
سڤیل: بۆخاتری كچێكی تایبەت گۆرانیت گوتووە؟
محەمەد قەدری: بەڵێ، كچێك بەناوی (ئەمیرە)
لەسوریا بۆخاتری من هاتبووە بەغدا بمبینێ،
بەڵام بەداخەوە من فریای نەكەوتم، من ئەو رۆژە
مۆڵەت بووم لەئێزگە، كە گەڕامەوە گوتیان: كچێك
ناوی (ئەمیرە)ـیە هاتووە بۆئەوەی بتبینێ، تۆ
لێرە نەبووی، رۆیشت بۆ هۆتێلی (بەینە
نەهرەین)، منیش خۆم گەیاندە هۆتێلەكە و پرسیم
كچێك بەناوی (ئەمیرە) لەو هوتێلەیە دەمەوێ
بیبینم، گوتیان: ئەمڕۆ سەفەری كرد، ئەوە زۆر
كاری تێكردم. شاعیر محەمەد ساڵەییم لەلابوو،
گوتم: لەسەرئەوە شیعرێكم بۆ بنووسە. ئەوكاتە
سەڵاح حیلمی بەڕێوەبەری ئیزگە بوو، شیعرەكەم
بۆ برد، بەناوی (ئەمیرە) بیكەم بەگۆرانی،
گوتی: بۆ نایكەی بەشلێرە؟ گوتم: ئاخر بەو ناوە
كراوە. گوتی: نا بیكە بەشلێرە. ئەگەر
نەمكردایە بەشلێرە بۆیان تۆمار نەدەكردم، ئیتر
ناچاربووم بەشلێرە تۆمارم كرد.
سڤیل: بۆ تۆ بەغدا خۆشتر بوو یاخود كوردستان؟
محەمەد قەدری: وەڵڵا زیاتر لەپەنجا ساڵ
لەبەغدا ژیاوم، ئەگەر وەزعی بەغدا باش بوایە،
ئەوێ بۆ من خۆشتر بوو، زۆربەی برادەركانم
لەوێن، لێرە برادەر و شتم زۆرە، ئەگەر
مەسلەحەتیان هەبێ، تەلەفۆنم بۆ دەكەن، كەسێك
تەلەفۆنێكم بۆ ناكات، ئەگەر من تەلەفۆنی بۆ
نەكەم، من دڵم بەوان خۆش نییە، لەبەرئەوە
زۆربەی كات لەماڵەوەم، جارجارە پیاسەیەكی
بازاڕ دەكەم، بەڕاستی بێئیشی زۆر زەحمەتە.
|