|
لەبەرهەبوونی
شاهریبانا تورك، كە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی
توركە، شەهریبانەكەی مێردینیش، كوردی بۆ
ناوەكەی خۆی زیاد كرد، دەڵێ "لەبەرئەوەی
شەهریبانا تورك هەبوو، منیش كە دەستم بەگۆرانی
كرد، كوردیم بۆ ناوەكەم دانا، گوتم با
شەهریبانا كوردیش هەبێ". شەهریبانا كوردی كە
خاوەن 10 ئەلبوومی بڵاوكراوەیە لەو دیمانەیدا
لەگەڵ (سڤیل) دەڵێت "هەر لەسەر ناوی كوردی
حكومەتی توركیا غەرامەی زۆری كردووم،
لەراگەیاندنەكانی توركیا نیشان نادرێم، مەرجی
ئەوان ئەوەیە كوردییەكە لابدەم، چاوپێكەوتنم
لەگەڵ دەكەن، بەڵام من ڕازی نیم بەقسەی ئەوان
بكەم".
شەهریبانا كوردی لەساڵی 1975 لەباژێری مێردین
لەدایكبووە، ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە
و تا پۆڵی پێنجی سەرەتایی خوێندووە و دەڵێ
"ئێمە لەباژێری مێردین باری ئابووریمان باش
نەبوو، ماڵیشمان لەشارێكی توركەكان بوو،
نەمتوانی لەخوێندن بەردەوام بم، خۆزگە
دەمتوانی خوێندنی زانكۆ تەواو بكەم".
شەهریبانا كوردی باسی لەوەشكرد، ئەو لەسەر
شانۆ و لەكاتی كۆنسێرتكردن شەرم لەهیچ شتێك
ناكات، بەڵام ژیانی ئاسایدا زۆر شەرمنە و
پێیوایە، بەشێكی جوانی ژنان لەشەرمنیەكەیەتی و
گوتی "حەزدەكەم زۆر گوێ لەقسە رابگرم و
بەتایبەت نوكتە، حەزم لەنوكتەیە، بەڵام كەسیش
نەڵێت نوكتەم بۆ بگێڕەوە، واهەستدەكەم نوكتە
لەدەمی خۆمەوە تامی لێناكەم"، كوردی گوتیشی
"لەكاروباری ناوماڵ زۆر دەستڕەنگینم و ژنێكی
ئازام و رقم لە تەمبەڵی و خەوتنە".
|