بورهان مەجید: هەڵوێستەكەم بێسوود بوو  

 

سڤیل: كەنار بێباك
هونەرمەند بورهان مەجید دوا ئەلبوومی بەسەرپەرشتی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی ئەنجام دەدات و دەڵێت "ساحەكە هەر بۆ ئەو كەسانە چۆڵ نابێ، كە گۆرانی كوردیان تێكداوە".
هونەرمەند بورهان مەجید، لەساڵی 1960 لەسلێمانی لەدایكبووە و خاوەن پێنج ئەلبوومی بڵاوكراوەیە، ئەو بەردەوام رەخنە لەبارودۆخی ئێستای گۆرانی كوردی گرتووە و ماوەیەكی زۆر وازی لەگۆرانی گوتن هێنا، دەڵێت "ئەو دووركەوتنەوەم لەگۆرانی گوتن، وەك هەڵوێستێك بوو، لەبەرامبەر ئەو قەیران و شێواندنەی كە تووشی گۆرانی كوردی هاتووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەبینم هەڵوێستەكەمان بێسوود بوو و قەیرانەكەش زیاتر بووە، لەبەرئەوە بڕیارمدا دەست بەگۆرانی گوتن بكەمەوە و ئەو خەڵكانەشی، كە هونەری كوردیان تێكداوە، دەمەوێ پێیان بڵێم: هەتا سەر ساحەكەیان بۆ چۆڵ نابێ".
لەبارەی دواین كاری هونەری خۆشیەوە، هونەرمەند بورهان مەجید رایگەیاند، كە ئەلبوومێكی دیكە بەناوی (خەمی خاك) بەرهەمدەهێنێ، كە هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی سەرپەرشتی دەكات، گوتی "لەوانەیە ئەو ئەلبوومەم 10 گۆرانی لەخۆی بگرێ و سەرجەم ئاوازەكانیش هی خۆمن".
گۆرانییەكانی ساڵانی نەودەكانی بورهان مەجید لەسەر زاری گەنجانی ئەو سەردەمە زۆر دەگوترانەوە و كاریگەری خۆی هەبوو.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com