|
   
وریا بوداغی
جابێر وۆكی ناوی فیلمێكی ١٣ خولەكیە
لەدەرهێنانی جان سڤانكماژێر. فیلمێك لەسەر
سیمبۆل و كۆنسێپت. لەماوەی ١٣ خولەكدا جیهانی
خۆئازاری و پەروەردە ناتەندروستەكان پێشان
دەدا. فیلمێك بۆ روانگەی جیهانی منداڵانەوە،
بەبێ ئەوەی كە هیچ ئەكتەرێكی راستەقینەی
تێدابێ، تەنیا بە جوڵەدان بە كەلوپەلەكانی ناو
ژوورێكی مانادار. ژورێك كە زیاتر لەكەوانتەرێك
دەچێ، ئەم فیلمە لەساڵی ١٩٧١ بەرهەم هاتووە،
دەتوانین بڵێن فیلمێكە لە نێوان هونەر و
دەروونناسیدا.
هەروەكو چۆن دەرهێنەری فیلمەكە ئاماژە بەوە
دەدا كە فیلمەكەی بە شێوازی گێڕانەوە نییە،
ئێمەش ناتوانین ئەم فیلمە بخەینە خانەی فیلمە
هەواڵی گێڕانەوەكان. جابێر وۆكی لەسەر بنەمای
پێشنیارەكانی فرۆید بۆ پەروەردەی منداڵ بەرهەم
هاتووە، نیشاندەری ئەو لادان و خۆ
ئازاردانەیە، كە منداڵ لەناو جۆرێك لە
پێگەییشتنی ناوشیارانەدا تووشی دەبێت و
هەروەها نیشاندانی شۆڕشی راستەقینەی منداڵە
لەدژی باوك.
بەشێكی گەورەی فیلمەكە پەیوەندی راستەوخۆی بە
خۆئازاری و تا ڕادەیەكیش نیشانەكانی لادانی
هۆمۆسیكسچوالیتیەوە هەیە، ئەو بنەما گرینگانەی
یان باشتروایە بڵێن ئە ساتە هەستیار و هەرگیز
نەدیتراوەمان پێشان دەدا كە منداڵ خاوەنێتی،
خاوەنی هەموو جۆرە چێژەكانی سێكسی و هەروەها
ئامادەكارییەكان بۆ لادان لە سلووك و
پەروەردە.
لەفیلمەكەدا ئەوەمان پێشاندەدا كە ئەگەر منداڵ
بە خۆوە سەرقاڵ بێت چی دەكات، یان بیر لە چی
دەكاتەوە و لە لایەكیترەوە ئەوەشمان پێشاندەدا
كە پاڵنەرەكانی ئەو بۆ شۆڕشكردنی لەدژی باوك
كامانەن، تەنیا لە رێگەی سیمبۆلەكانەوە، وەكو
تەنیا بوونەوەرێكی راستەقینە كە بووكەڵە نییە،
ئەویش پشیلەیەكی ڕەشە كە بۆ ماوەی چوار جار
ترسناكانە دێتە ناو بیركردنەوەكانی منداڵەوە،
لەگەڵ ئەوەدا كە پشیلە خۆی سیمبۆلێكی سێكسیە،
لەهەمانكاتیشدا ئێمە دەگەیەنێتە ئەو باوەڕەی
كە لەم فیمەدا تەنیا بۆ دروستكردنی بەشیك لە
دۆخەكانی شۆك یان دۆخەكانی ترس بەكار هاتووە.
هەر لەو فیلمەدا و لەناو ئەو ژورەدا كە
دەتوانین بە ژووری پەروەردەی منداڵ ناوی بەرین
یان یەكێك لەژوورەكانی پەروەردەی منداڵ لەپاش
سەماكردنی مۆدێلێكی جلوبەرگ كە هیچ سەرو
روخسارێكی پێوە دیار نییە، پاشان لە دار و
دیواری ژوورەكەوە دار دەڕوێ و گوڵ دەكا و
هەروەها دارەكە بەریش دێنی كە میوەی كرمێ
دەبێ، ئەو میوانەی كە لەگوڵێكی راستەقینەی
داری سێوێك دروست دەبن، بەڵام دواتر كە
بەردەبنەوە دەشكێن و كرم لێیان دێتە دەرێ.
لەخولەكی پێنجەمی فیلمەكەدا بووكەڵەیەك
پێشاندەدا كە وەكو بووكەڵە دارینەكان دەچی و
لە رەگەزی كوڕە، لەناو ئەم بووكەڵەیەوە واتە
لەناو لەشی و لەسەرجەم بەشەكانی لەشی،
بووكەڵەی بچووك بچووك دێنە دەر و لەپەنا ئەو
وەك ئەوەی كە خۆیان مراندبێ و یان خۆیان
بێدەنگ كردبێ، رادەكشێن تا دواتر بە لێدانی
زەنگێك كە لەلایەن ئەو جلوبەرگەوە دێت، كە
پێدەچێت هی باوكە و روخساری دیار نییە،
بوكەڵەكان وەجوڵە دەكەون و بەرەو ناو
مەكینەیەك دەڕۆن و توشی كارەسات دەبن. ئوتی
هەڵمی وەسەریان دەكەوێ و پانیان دەكاتەوە،
دەكەونە بەر چەندها جۆری مەكینە كە بەمهۆیەوە
لەناو دەچن و دواتر لەناو قاپی بچووك بچووكدا
لەسەر ئاگر دەكوڵێن و دەبنە خۆراكی چەند
بووكەڵە پلاستیكەكە كە ڕۆڵی منداڵ و خێزانیان
پێدراوە، ئەوان خۆشحاڵن لەوەی كە خواردنێكی
لەو شێوەیەیان خواردووە.
بەشێكی گرینگی فیلمەكە ئەم بەشەیە كە لەژێر
كڵاوێكدا پەیكەرەكی بچووك دێتە دەر كە سەرێكی
چەقۆیە و بەردەوام خۆی بە مێز و پەڕۆی
سەرمێزەكە دادەكێشی و لەدواجاریشدا خۆی
خەڵتانی خوێن دەكا و لە رێگەی كامێراكانی ئەو
فیلمەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە ئەو چەقۆیە
لەگەڵ ئەوەدا كە سەما دەكا، بەڵام زۆر بە زبری
لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا دەجوڵێتەوە كە
بەشێكیشی پەیكەرەی مرۆڤە كە دواجار خۆی
دەكوژێ.
لەسەرتاسەری ئەم شۆڕشە منداڵانەیەدا باسی
ئازادی ناكرێ، بەڵكو تەنیا بەربەرەكانێیە،
ئەوەی كە لەدواجاردا ئێمە دەگەیەنێتە ئەو
قەناعەتەی كە لەراستیدا ئەمە شەڕێكی گەورەی
منداڵە لەگەڵ باوك ئەوەیە كە هەر بەهۆی ئەو
هەوڵدانەوە كە لەرێگەی هێڵێكەوە بەسەر
خەریتەیەكدا نیشاندەدرێ و لەهەر كاتی
دەرچووندا پشیلەكە دەهات و نەیدەهێشت لەناو
هێڵی سنووردارەكاندا دەرچین، بەڵام دواجار
نەتەنیا ئێمە و منداڵان لەناو ئەم كێشەیەدا
دەردەچین، بەڵكو ئەو شەڕ و شۆڕشە بە ئاشكرا
دەبینین، كە بە شێواندنی وێنەی باوك دێت لەسەر
دیواری ماڵەوە و هەروەها كرانەوەی پەنجەرەكان
و هەڵفڕێنی سێمبولەكانی منداڵان و مانەوەی
جلەكانی باوك لەناو كوانتەرەكەدا و هەروەها لە
قەفەسدابوونی پشیلە وەحشیەكە كە خۆ بە
قەفەسەكەی دادەدا.
|