|
سڤیل:
ژیروان نوری
فەرەیدون دارتاش سەرۆكی رێكخراوی هونەرمەندانی
كوردستان بە(سڤیل)ـی راگەیاند، رێكخراوەكەی
حیزبی نییە، بەڵام خەڵكانی ناو رێكخراوەكە
حیزبین و پەنا بۆ حیزبەكانیان دەبەن.
سەرۆكی رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان، لە
وەڵامی حەمەسوار عەزیزدا، كە لەژمارەی پێشووی
(سڤیل)دا نوسیوویەتی "رێكخراوی هونەرمەندان
هەڵبوەشێتەوە باشترە". دەڵێت "ئێمە هەوڵی
زۆرمان داوە، ناكرێ بڵێین ئەو رێكخراوە
هەڵبوەشرێتەوە باشترە، چونكە هەموو رێكخراوێك
بەپێی پیشەكەی خۆی، كۆمەڵێك ئامانجی هەیە، كە
لەپێناو بەرژەوەندی ئەندامەكانی دایە، من
حەمەسوار ناناسم، بەڵام رەنگە ئەو برادەرە
هەندێك داخوازی لەرێكخراوەكە هەبووبێت و بۆی
جێبەجێ نەكرابێ، بۆیە ئەو قسانە دەكات".
لەوەڵامی نووسینێكی وشیار ئەحمەد ئەسوەد، كە
لە(سڤیل)ـدا بەڵگەیەكی خستبووەڕوو كە
"رێكخراوی هونەرمەندان حیزبیە و پەنا بۆ
یەكێتی و پارتی دەبات". فەریدون دارتاش سەرۆكی
رێكخراوی هونەرمەندان دەڵێت "قەت داوامان
نەكردووە حیزب تەداخول بكات، بەڵام كاتی خۆی
حیزب وشیار ئەحمەدی لەرێكخراو دانا و دواتر
فەسڵ كرا، بەڵام من تەحەدا دەكەم حیزبێك منی
دانابێ، وشیار باسی حیزبایەتی من دەكات، خۆیشی
لەپێش هەموو كەسێك لەبارەگای حیزبەكانە و ئیشی
رێكخراو دەباتە حیزبەكان". دارتاش ئاماژە بەوە
دەدات، جارێكی دیكە خۆی بۆ سەرۆكایەتی رێكخراو
كاندید ناكەتەوە و دەڵێت "رێكخراوەكە حیزبی
نییە، بەڵام ئەندامەكانی حیزبیە، خەڵك هەیە
لەناو سەركردایەتی رێكخراو، یاداشتنامە دەداتە
حیزبەكەی، گوناهی من چییە، بەڵام من قەت ئەوەم
نەكردووە".
|