"شەمۆ لەترسی ژنەكەی ناوێری من سواری سەیارەكەی بكات"  

 

سڤیل: زانا دڵشاد دزەیی


دڵسۆز ماوەتی لەهاوڕێیەكی خۆی توڕەیە، كە (شەمۆ)یە، دەڵێت "چاوپێكەوتنێكی شەمۆم خوێندۆتەوە، دەڵێ: دڵسۆز ماوەتی دەبلی ئۆتۆمبێلەكەمی شكاندووە، بەڵام من لەژیانمدا سواری سەیارەی (شەمۆ) نەبوومە، چونكە ئەو لەترسی ژنەكەی، ناوێری ئافرەت سواری سەیارەكەی بكات".
دڵسۆز ماوەتی، لەساڵی 1985 لەسلێمانی لەدایكبووە، وەك ئافرەتە ئەكتەرێكی كۆمیدی ناسراوە، وێڕای دوو زنجیرە دراما، بەشداری لەچەندین فیلمی سێدیە بازاڕییەكاندا كردووە، بەڵام ئێستا ئەو دەڵێت "لەداخی سەنتەرەكانی بازاڕ و چەند ئەكتەرێك، وازم لەفیلمی سێدییەكان هێناوە و لەمەودوا بەشداری لەفیلمی سینەمایی دەكەم، ڕۆژانەش خەریكی وەزرشكردن و دابەزاندنی كێشی خۆمم". دوای بەشداریكردنی لەبەرنامەی (كێشبڕكێ) لەكەناڵی زاگرۆس، كە تایبەتە بەو كەسانەی كێشیان زۆرە، (خرپن گیان) لەماوەی دوو مانگدا 32 كیلۆ كێشی كەمی كردووە و ئێستا 148 كیلۆیە.
دڵسۆز ماوەتی، كە پێشتر (شەمۆ)ـی وەك مامۆستا و خۆشەویستترین هاوڕێ ناوبردووە، بەڵام ئێستا لە(شەمۆ) توڕەیە، وەك خۆی دەڵێ "چاوپێكەوتنێكی (شەمۆ)ـم خوێندۆتەوە، دەڵێ دڵسۆز ماوەتی سواری ئۆتۆمبێلەكەم بوو و دەبلەكەی شكاند، جارێ من لەژیانمدا سواری ئۆتۆمبێلی (شەمۆ) نەبوومە، چونكە ئەو زۆر لەژنەكەی دەترسێ و ناوێری هیچ ئافرەتێك سواری سەیارەكەی بكات". دڵسۆز خان، كە لەسلێمانی بە(خرپن گیان) ناسراوە، دەشڵێ "هەموو خەڵك دەزانن من قەڵەوم، خودا وای دروست كردووم و ناڕازی نیم، بەڵام ئەو قسەیەی (شەمۆ) زۆر دوورە لەڕاستی، لێشی توڕەم، تەلەفۆنم بۆ كرد، بۆچی ئەو قسەیەت كردووە؟ دەڵێ: وەڵڵا هەروا بۆ سوعبەت، جاتخوا ئەوە سوعبەتە!".
خرپن گیان كچە تاقانەی ماڵەوەیە و دوو برای هەیە، دەڵێ "هێشتا منداڵم بووم دایكم كۆچی دوایی كرد، لەبەرئەوە زوو بوومە كابانی ماڵەوە، هەموو كاروبارەكانی ناوماڵم جێبەجێ دەكرد، ئەو وەختە باوكم چایخانەی هەبوو لەسلێمانی، منیش وەك كوڕێك لەگەڵ باوكم كارم دەكرد و شاگردی چایخانەكە بووم".
دڵسۆز خان دایكی كوڕێكە و بەخۆشەویستیش شووی كردووە، بەڵام چەند ساڵێكە لەهاوسەرەكەی جیابۆتەوە، كوڕەكەش لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەكەیدا دەژی، لەوبارەیەشەوە گوتی "هاوسەرەكەم چووە دەرەوەی وڵات، بڕیاربوو دوای خۆی، منیش لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام لەجیاتی دیاری، تەڵاقنامەی بۆ ناردمەوە، لەبەرئەوە تائێستا بـــــــــــڕیــــــــــــــارم نەداوە جارێكی دی شوو بـــــــــــــــــــــــكەمەوە، دەتـــــــــــــــرسم شــــــــــوو بكەم و دیسان فەشەل بێنم".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com