|
مەریوان
عومەر
لە هەرەباشترین 10 زانكۆی جیهان (8)یان هی
ئەمریكا و (2)یان بەریتانین
بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەر یەك، زانكۆی (هارڤارد)ی
ئەمریكی لەسەرووی لیستی هەرە باشترین 500
زانكۆی جیهان بۆ ساڵی 2010دا مایەوە.
زانكۆكانی تری ئەمریكاش لەسەرووی لیستی
(ریزبەندی ئەكادیمی زانكۆكانی جیهان-ARWU)
دان، ئەو ریزبەندیەی زانكۆی (شەنگەهای
جیاوتۆنگ)ی چینی لەساڵی (2003)وە ساڵانە
رایدەگەیەنێت.
لە ریزبەندی 2010ی باشترین زانكۆكاندا،
زانكۆكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە بەراورد
بەساڵانی پێشوو، پێشكەوتنیان بەخۆیانەوە
بینیوە. دوو زانكۆی سعودی (زانكۆی مەلیك
عەبدوڵڵا) و (زانكۆی مەلیك فەهد) بۆ بواری
پتڕۆڵ و كانزاكان لەریزبەندی باشترین 500
زانكۆی جیهاندا پۆلێن كراون.
هەشت زانكۆی ئەمریكی لە ریزبەندی 10 هەرە
باشترین زانكۆكانی جیهانی دان، لە 100 زانكۆی
یەكەمینیشندا 54 پلەیان داگیركردوە. دوای
زانكۆی (هارڤارد)، هەرسێ زانكۆی ئەمریكی
(كالیفۆرنیا) و (ستانفۆرد) و (ماساچوتس)ی
تەكنەلۆجی دێن. دوای ئەوان زانكۆی (كامبرج)ی
بەریتانی لەپلەی پێنجەم دێت، كە ساڵی پار پلەی
چوارەمی پێدرابوو. پەیمانگای (كالیفۆرنیا بۆ
تەكنەلۆجیا) پلەی شەشەمی بەدەست هێناوە، هەرسێ
زانكۆی تری ئەمریكی (برینستۆن) و (كۆڵۆمبیا) و
(شیكاگۆ)یش لەپلەی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەم
دان. زانكۆی (ئۆكسفۆرد)ی بەریتانی پلەی دەیەمی
بەركەوتووە.
ژمارەی زانكۆكانی بەریتانیا لە ریزبەندی 500
باشترین زانكۆی جیهاندا، لە 40 زانكۆوە
دابەزیوە بۆ 38 زانكۆ. لە رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستیش زانكۆی مەلیك سعود پلەی (324) و
زانكۆی ئەستەمبوڵ پلەی (424) و زانكۆی مەلیك
فەهد پلەی (427) و زانكۆی تاران پلەی (490)یان
بەدەست هێناوە.
زانكۆكانی ئاسیا 106 پلەیان لە 500 باشترین
زانكۆی جیهاندا داگیر كردوە. زانكۆ چینیەكانیش
لەباشترین زانكۆكانی ئاسیان. 34 زانكۆی چینی
لە لیستەكەدا پۆلێن كراون، واتە نزیكەی دوو
هێندەی ساڵی 2004.
جگە لە لیستی باشترین 500 زانكۆی جیهان، ئەو
دامەزراوەیە لەزانكۆی شەنگەهای لیستی باشترین
زانكۆكانی لەبوارە ئەكادیمیەكانی فیزیا و
كیمیا و زانستی كۆمپیتەر و ئابووری و
بەڕێوەبردنی كاریشدا بڵاوكردۆتەوە. سەرەڕای
لیستی باشترین زانكۆكان لەبوارە ئەكادیمیەكانی
زانستە سروشتیەكان و بیركاری و ئەندازە و
تەكنەلۆجیا و زانستی ژیان و كشتوكاڵ و پزیشكی
و دەرمانسازی و زانستە كۆمەڵایەتیەكان.
لەلیستی باشترین زانكۆكانی جیهان لەزانستە
سروشتیەكان و بیركاریدا، كە لەماڵپەڕی (ARWU)
بڵاوكراوەتەوە، جارێكی تر زانكۆی هارڤاردی
ئەمریكی پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە. دوای ئەو
زانكۆی كالیفۆرنیا. زانكۆی (كامبرج)ی بەریتانی
لەپلەی سێهەم هاتووە، ئینجا (پەیمانگای
كالیفۆرنیا و ماساچوتسی تەكنەلۆجی و
ستانفۆرد)ی ئەمریكی لەپلەكانی چوارەم و پێنجەم
و شەشەم دێن. زانكۆی (تۆكیۆ) لە پلەی هەشتەم
دێت، دوای ئەو (پەیمانگای یەكێتی سویسری بۆ
تەكنەلۆجیا) لە (زویرخ) بەپلەی نۆیەم و زانكۆی
كۆڵۆمبیا)ی ئەمریكی بەپلەی دەیەم دێن.
لەمەشیاندا زانكۆی (ئۆكسفۆرد)ی بەریتانی
لەپلەی یازدەهەم دێت.
لە دیاریكرنی ئەو ریزبەندەی ئەكادیمیەی
باشترین زانكۆكانی جیهان، زۆر جەخت لەسەر
پێوەری دەسكەوتی توێژینەوە زانستیەكان دەكرێت.
لەگەڵ ئەمەشدا شەش ئاماژەی تر بەهەند
وەردەگیرێن وەك: ژمارەی ئەو قوتابی و
مامۆستایانەی خەڵاتی نۆبڵیان بەدەست هێناوە،
هەروەها ژمارەی توێژینەوە دیارەكانیان، ژمارەی
ئەو وتارانەی بڵاوكراونەتەوە، بەشی هەر تاكە
قوتابیەك لەئەدای زانكۆكە، بە بەراورد
بەقەبارەی ئەو دامەزراوە فێركاریەی تێیدا
دەخوێنێت. زانكۆی هارڤارد بە بەدەستهێنانی
پێنج باشترین ئاماژە لەكۆی شەش ئاماژەی
سەرەوە، پلەی باشترین زانكۆی جیهانی بەدەست
هێناوە.
زانكۆی (هارڤارد) هەرە كۆنترین زانكۆی
ئەمریكایە و یەكێكیشە لەزانكۆ كۆنەكانی جیهان.
هەشت ساڵە بەباشترین زانكۆی جیهان دەستنیشان
دەكرێت. لەسەر ئاستی زانكۆكانی جیهاندا
زۆرترین ژمارەی قوتابی و توێژینەوەی زانستی
هەیە، كە خەڵاتی نۆبڵ و خەڵاتە جیهانیەكانی
تریان بەدەست هێناوە. هەروەك گەورەترین زانكۆی
جیهانیشە لە رووی ژمارەی قوتابی و گەورەیی
رووبەر و باڵەخانە و كەرەسە و
پێداویستیەكانیەوە. هارڤارد دەكەوێتە شاری
(كامبردج) لە ویلایەتی (ماساچوتس) و ساڵی 1636
(جۆن هارڤارد) لەسەر شێوەی زانكۆی (كامبرج) و
(ئۆكسفۆرد)ی بەریتانی دایمەزراندوە. یەكێكە
لەهەرە زەحمەتترین زانكۆكانی جیهان لەرووی
مەرجی وەرگرتنی قوتابیەوە. 21.125 قوتابی و
2107 مامۆستای هەیە.
زانكۆ ئەوروپیەكان لەو ریزبەندیەی زانكۆی
شەنگەهای چینی نیگەرانن. وەزیری فێركردنی
فەرەنسی مانگی رابردوو بەرلەوەی ئەو لیستە
رابگەیەندرێت، بۆ گفتوگۆگردن لەو بارەوە
سەردانی زانكۆی شەنگەهای كردوە. دەیان سەرۆك
زانكۆی تری ئەوروپی سەردانی هاوشێوەیان ئەنجام
داوە. "یانگ چینگ"ی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری
ناوەندی باشترین زانكۆ جیهانیەكان لەزانكۆی
شەنگەهای لەوبارەوە دەڵێ "ئێمە باوەڕمان وایە
ئەو لیستە گرنگی زۆری دەبێ بۆ پسپۆرانی
زانكۆكان و زانایان لە سەرتاسەری جیهاندا،
بەڵام نەماندەزانی بەو شێوەیە كاریگەری
دەبێت".
|