نــــــــازێ دیــــــــــاری جــــــــەژنی ئـــــــــــامـــــادەیە  

 

سڤیل: نازێ عەزیزی رایگەیاند، لەهەفتەی داهاتوودا وێنەی دوا كلیپی خۆی لە شەقڵاوە دەگرێ و بەنیازە بۆ جەژنی رەمەزان، ئامادەی بڵاوبوونەوەی بكات. نازێ عەزیزی كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵانێكە لەهەولێر نیشتەجێیە، بە(سڤیل)ی راگەیاند، لەهەفتەی ئایندەدا گۆرانی (جێژوان) كلیپ دەكات، كە ئەو گۆرانییە یەكێكە لەگۆرانییەكانی دوا ئەلبوومی، كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، دەڵێ "گۆرانی (جیژوان) لە شیعری میدیا مەعروفی و ئاوازی خۆمە، كە لەپێكهاتەی سێیەم ئەلبوومم (ئاوازەكانی دڵتەنگی) دایە". نازێ لەبارەی ئەو كلیپەوە، كە بەنیازە لەشەقڵاوە وێنەی بۆ بگرێت، دەڵێ "یەكەمجارمە لەگەڵ دەرهێنەر محەمەد جەمیل كار دەكەم، ئەو كاری دەرهێنانی كلیپەكە ئەنجام دەدات و لەلایەن هاوكار فەرهاد بەكامێرای hd سینەمایی وێنەی بۆ دەگیرێ، وای دەبینم، ئەو كلیپە ببێتە یەك لەكلیپە زۆر جوانەكانی من، كە هیوادارم زوو كارەكە تەواو بێت و بتوانم بۆ جەژنی رەمەزان وەك دیارییەكی جەژنانە پێشكەشی هەوادارانم بكەم".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com