سەڵاح باڵابەرز، شانۆگەرییەكانی ڕەنگاڵەی بەدڵ نییە: هـونـەرمـەنـدان لـەلای حكـومـەت رەزا قورستترین خەڵكن  

 

سڤیل: شەنكار عەبدوڵڵا

سڤیل: یەكەم كاری شانۆیت لەساڵی چەندبوو و چی بوو؟
سەلاح باڵابەرز: یەكەم كارم دەوربینین بوو لەشانۆدا، لەساڵی 1969 دەوری پۆلیسم بینی، هەتا ئێستاش دەورم زیاتر لە35 دراما و لەگەڵ 30 شانۆ بینیوە، ئەوە جگە لەوەی ئیشم لەدیكۆردا كردووە، چونكە خۆم دارتاش بووم، زۆربەی دیكۆری شانۆییەكان خۆم كردوومە.
سڤیل: زۆرجار هونەرمەندان لەشانۆوە دەور دەبینن، هەر ئەوانەن دەچنە بەر كامێرا؟ تۆ كامیانت بەلاوە خۆشە؟
سەلاح باڵابەرز: من شانۆم بەلاوە خۆشەویستترە، چونكە شانۆ رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ جەماوەردا، بەڵام لەبەردەم كامێرادا ئەگەر چەند جارێكیش هەڵە بكەی، پێت دووبارە دەكەنەوە، بەڵام لەشانۆدا زیاتر توانای ئەكتەرەكە دیار دەكەوێت.
سڤیل: زۆرجار گلەیی ئەوە دەكرێت كە هۆڵەكانی شانۆ چۆڵە لەبینەر، هۆكاری ئەمە چییە؟
سەلاح باڵابەرز: خەڵك ئێستا تۆراوە لەشانۆ، بۆیە پێویستە هەوڵبدەین ئاشتیان بكەینەوە، كۆمەڵێك كەسیش فێربووینە شانۆ پێشكەش دەكەن، بەڕاستی گاڵتەجاڕییە و پێی ناوترێت شانۆ، زیاتر مەهزەلەیە، تەنیا لەپێناو پارە پەیداكردنە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك نەیەت بۆ شانۆی جدی، تیپەكەی كاك ئەحمەد سالار شانۆییەكی پێشكەش كردبوو، یەكەم رۆژ سێ كەس هاتبوو بۆ بینینی، ئێمەش شانۆگەریمان پێشكەش كردووە 10 كەس هاتبوو بۆ سەیركردنی، شانۆی باش پێشكەش دەكرێت، بەڵام بینەر تاقەتی ئەو جۆرە شانۆیانەی نییە، بینەر زیاتر حەز دەكات لولەیەك گوڵەبەرۆژە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و قاقا لێبدات، ئیتر گوێی لەناوەڕۆكی شانۆكە نییە.
سڤیل: ئەی شانۆییەكانی تیپی ڕەنگاڵە چۆن لێكدەدەیتەوە؟
سەلاح باڵابەرز: شانۆییەكانی تیپی رەنگاڵە تەنیا بۆ پێكەنینە و هیچ ئامانجێكی نییە، خەڵكیش حەزی لەو جۆرە شانۆیانەیە، ئەو كارانەی رەنگاڵە كۆمیدیایەكی لاوازە، هەرچەندە خۆشم كارم كردووە لەگەڵ ڕەنگاڵەدا، بەڵام زۆر حەز لەو دەورانە ناكەم، چونكە ئەوە پێویستی بەوەیە هەمیشە دەمت بەپێكەنین بێت، منیش زۆر حەزم لەپێكەنین و گاڵتەكردن نییە.
سڤیل: دوایین كاری شانۆیتان (فیلەكەی خاوەن شكۆ) بوو، ئەی بینەر چۆن بوو؟ رای خۆت چۆنە لەسەر ئەو شانۆییە؟
سەلاح باڵابەرز: شانۆگەری (فیلەكەی خاوەن شكۆ)، هونەرمەند عومەر دڵپاك كاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام دابوو، خەڵكێكی زۆر كەم هاتبوون بۆ بینینی، بەڕاستی خەڵك تاقەتی كاری جدی نەماوە، هەرچەندە ئەم شانۆییە تارادەیەك كۆمیدی بوو، بەڵام رەخنەشی تێدابوو، پێنج رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام پارەی هۆڵەكەشی دەرنەهێنا، نزیكەی 8 هەشت ملیۆن دینارمان زەرەر كرد.
سڤیل: هەڵسەنگاندنت بۆ درامای ئێستا چییە؟
سەلاح باڵابەرز: درامای ئێستا زیاتر كۆمەڵێ گەنج پێی هەڵدەستن و بەئێمە (پیرەكان) دەڵێن: هیچیان نەكردووە. گرنگ ئەوەیە لەماوەی رابردوودا ئێمە توانیومانە بەردێ بخەینە سەر بناغەی هونەری كوردی، ئێستا جیاوازە، ئێستا تەكنەلۆژیایەكی زۆر گەورە لەبەردەستدایە و پارەی باش هەیە بۆ ئەو درامایانەی كە دەیكەن، بەڵام كاتی خۆی ئێمە درامای (ژاڵە)ـمان كرد لەسەر گیرفانی خۆمان بوو، ئەو هەموو هیلاكی و عەزیەتەمان كێشاوە تێیدا، هەرچەندە هەتا ئێستاش (ژاڵە) لەناو خەڵك هەر ماوە، حەقە گەنجەكان كە توانای باشیان هەیە، ئیشی باش پێشكەش بكەن، ئێمە كاتی خۆی موكیاژیان بەبنێشتە تاڵ بۆ دەكردین، دواتر دەبوو بە نەوت لێمان بكردایەتەوە، بۆیە ئێستا زۆربەی پیرەكان دەموچاویان چرچ و لۆچ بووە، ئێستا ئەو هەمووە شتە لەبەردەستدایە و دەتوانێت گەنجت بۆ پیر بكاتەوە، بەڵام لەئێستا هەندێ لەگەنجەكانیش ئیشی باشیان پێشكەش كردووە، ئێستا ستۆدیۆی ئەكتەر هەیە، كە كۆمەڵێ گەنجن و توانیویانە لەمیهرەجانەكاندا خەڵاتی باش بەدەست بهێنن.
سڤیل: وەك هونەرمەندێك نزیكەی 40 ساڵە خەریكی كاری هونەریت، لەلایەن حكومەتەوە چیت بۆ كراوە؟
سەلاح باڵابەرز: نەك هەر هیچیان بۆ نەكردووم، هیچیان بۆ هونەرمەندانی دیكەش نەكردووە، هونەرمەندمان هەیە نەخۆشە و كەوتووە لەماڵەوە، هەر ئاوڕیشیان لێنادەنەوە، هونەرمەندان لەلایەن حكومەتەوە رەزا قورستترین خەڵكن.
سڤیل: ئەی لێرەدا رۆڵی رێكخراوەی هونەرمەندان چییە؟
سەلاح باڵابەرز: رێكخراوەی هونەرمەندان تەنیا چەند كەسێكن و بۆ بەرژەوەندی خۆیانن و سەر بەحیزبە، هەر رێكخراوێكیش سەر بەحیزب بوو، ناتوانێت هیچ جوڵەیەك بكات، كە لەقازانجی خەڵكدا بێت، هەتا سەرۆكی هونەرمەندان یەكێكە لەئەندامانی حیزب.
سڤیل: تۆ پێویستت بەهاوكاری حكومەت هەیە؟
سەلاح باڵابەرز: كەس نییە پێویستی بەهاوكاری حكومەت نەبێت، من ئەوە زیاتر لەساڵێكە نەخۆشم و توانای ئەوەم نییە تا ئێران یان ئەردەن بچم، من خانەنشینم 345 هەزار مووچەكەمە، ئاخر بەم پارەیە ماڵ و منداڵی پێ بەخێو بكەم؟ بەشی چی دەكات، بەڕاستی پێڕاناگەم.
سڤیل: رۆڵی جەماوەر چی بووە لەهاندانی هونەرمەندان؟
سەلاح باڵابەرز: زۆر سوپاسی جەماوەر دەكەم، ئەگەر جەماوەر نەبووایە هیچ كارێكمان بۆ نەدەكرا، ئێستاش خەڵك زۆر رێزم لێدەگرن، زۆر دووكاندار هەیە، كاتێ دەمەوێ شتێكی لێبكڕم، پێمدەڵێن: نابێت پارە بدەیت، چونكە تۆ خزمەتی ئێمەت كردووە، من هەتا ماوم لەڕێگەی خۆم لانادەم، ئەگەر نانیش نەبێت بیخۆم لەهونەر كۆڵ نادەم.
سڤیل: دوای ئەو هەمووە ناخۆشییە، حەزدەكەم شتێكی خۆشمان بۆ بگێڕیتەوە؟
سەلاح باڵابەرز: شت زۆرە، بۆ نموونە جارێكیان شانۆگەرییەكمان دەكرد، بەناوی (زۆردار)، جەمالی حەمەكۆڵ هەیە، كە ئێستا پارێزەرە، ئەومان لەسێدارە دەدا، لەپشتەوە ئەڵقەیەمان بۆ دروستكردبوو، بۆئەوەی نەچێتە ملیەوە، منیش دەوری زابتێكم دەبینی، كە لەسێدارەمدا، دەست و قاچی رەق بوو، منیش چوومە پاڵیەوە دووجار بانگم كرد و قسەی نەكرد، منیش قیژاندم و گوتم: كوشتم پەردەكە لابدەنەوە. كاتێك لێمانكردەوە پێدەكەنی.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com