زەكەریا گۆرانیی "دوڕنە دوڕنە"ـی هابەمان بۆ دەڵێتەوە  

 

وشیار ئەحمەد ئەسوەد

من كە جاربەجار وردە ڕەخنە دەنووسمەوە، بەدڵنیاییەوە بەر لە هەر شتێك مەبەستم بەئاگاهێنانەوەی كەسی ڕەخنەلێگیراو و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیەتی، كە ئەمەش بەسوودی ئەو تەواو دەبێت، كەچی زۆر جار باجی نووسینی ڕەخنەكانم بەسووكایەتیكردن و جنێوبارانكردنم لەلایەن كەسانی بەرامبەرەوە داوە، ئەمە كێشەی زۆرینەی خەڵكی ئێمەیە، بەتایبەتیش لە ناوەندی هونەرمەنداندا زۆرترین ژمارەیان جیقڵدانەیان تەنگە و تەنیا لەگەڵ بەشانوباڵ هەڵدانەكاندا لەنجە دەكەن و هەوای هەوەسیان دەفیشكێنێ.
وا دەزانم لە ساڵی 2000 بوو، كە ڕەخنەم ئاراستەی كۆمەڵێك بۆچوون لە دیمانەیەكی هونەرمەند زیاد ئەسعەد كرد و لە چەند خاڵێكی نەرێنی بەئاگام هێنایەوە، كەچی دواتر چەندان نووسینی جنێوئامێزم لەبارەوە بڵاوكرایەوە، سەیرتریش ئەوەبوو هیچ یەكێك لە جنێوفرۆشەكان تەنانەت وەڵامی پرسیارێكی ڕەخنەكانمیان نەدابووەوە، تەنیا لە خۆشەویستییان بۆ زیاد ئامادە نەبوون چ كەموكورتییەكی لەبارەوە بخوێننەوە، ئەمە لەكاتێكدا خۆیشم بەدەنگی زیاد ئەسعەد ئاسوودە دەبم.
لەوەش پتر مەبەستمە بڵێم ئێستایش، كە دەمەوێ هونەرمەند زەكەریا ڕەخنە بكەم و لە خەوشەكانی ئاگاداری بكەمەوە، دڵنیام كەم نین ئەوانەی هەواداری ئەو دەنگەن و ئامادەیی گوێگرتنی هیچ ڕەخنەیەكیان لەبارەوە نییە، بەڕەخنەكانم قەڵس دەبن و ڕەنگە كاردانەوەی نەرێنیشیان هەبێت، ئەمە لە كاتێكدا داهێنەرانیش ناكەونە دەرەوەی ڕەخنەوە، هاوكات خۆیشم پێشتر لەبارەی زەكەریاوە نووسینم بڵاوكردووەتەوە، وێڕای ئەوەی لە وردە ڕەخنەدا لە خەوشەكانیم ئاگادار كردووەتەوە، هاوكات وەك گۆرانیبێژێكی باش لە گەنجەكان خستوومەتە بەر ئاماژەوە.
پێشتر گوتوومە و ئێستایش جەخت دەكەمەوە، كە زۆرینەی گۆرانیبێژانی ئێمە ئەلبوومی ساڵانەیان لە هونەرەكەیاندا كردووەتە سەنگی مەحەك، ئەمەیش وا دەكات زۆرجار فریای تەواوی كارە باشەكان ناكەون و لانیكەم خەوش لە چەند گۆرانییەكی ئەلبوومێكدا دروست دەكەن، زەكەریایش لەمە بەدەر نییە، چونكە ئەگەر ئەو هونەرمەندە گەنجە تۆزقاڵێك بەئاگا بووایە و بەدیقەتەوە كارەكانی دوایین ئەلبوومی بكردایە، میلۆدیی گۆرانییەكی زۆر ناوداری هونەرمەندی توركمان "هابە"ـی دووبارە نەدەكردەوە و بەناوی میلۆدیی خۆیەوە بڵاوی نەدەكردەوە.
مەزهەبی "ساقییە بادەم بۆ تێكە" كە یەك لە گۆرانییە سەرزارییەكانی زەكەریایە و لەسەر پەیژەی مەقامی "سەبا" لە دوایین ئەلبوومیدا بڵاوی كردووەتەوە، دروست میلۆدیی "دوڕنە دوڕنە"ـی گۆرانیبێژی كۆچكردووی توركمان "هابە"ـیە و لە كۆتایی حەفتاكاندا لە كەركووك بڵاوی كردەوە، ئەو گۆرانییە بۆ سەردەمەكەی خۆی زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو و تائێستایش لە یادەوەریدا ماوەتەوە، هەر كەسێكیش مەبەستی بێت دەتوانێ ئاسان لە تۆمارگەكانی كەركووكدا دەستی بكەوێت، دوور نییە لە تۆمارگە كۆنەكانی هەولێریشدا هەبێت، من دەڵێم ئەگەر بەنۆتەیش بنووسرێنەوە، دروستتر دەردەكەوێت، كە زەكەریا تەنانەت بەنیو ڕستەی موزیكیش لەو میلۆدییەی لانەداوە.
پێموایە زەكەریا بەو گۆرانییە نەك تەنیا نەیتوانیوە خزمەتی خۆی و هونەری كوردی بكات، تەنانەت خزمەتی "هابە"ـشی پێنەكردووە، لەبەرئەوەی میلۆدییەكەی بەناوی خۆیەوە بڵاوكردووەتەوە. هیوادارم هونەرمەند زەكەریا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە ڕژدە بكات، كە بەدڵنیاییەوە مەبەستی سەرەكیم تێیدا بەئاگاهێنانەوەیەتی، هاوكات پێویستبوون بەدیقەتی پتر بۆ كارەكانی لە داهاتوودا. جەختیش دەكەمەوە، كە ئەو گەنجە یەك لە دەنگە ناوازەكانی گۆرانیی كوردییە، بۆیە دەهێنێ وردتر لە كارەكانی بڕوانێت، پاشان ئەنجامیان بدات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com