|
سڤیل:
رەوەند جەواد
موزیكژەن ئاراس كۆیی، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی
لەگروپی موزیكی نالی راگەیاند و دەڵێت
"نەمتوانی قبوڵ بكەم، ببم بەبەشێك لەو
گەندەڵیخانەی گروپی موزیكی نالی".
هونەرمەند ئاراس كۆیی موزیكژەن، كە ساڵانێكە
كاری موزیك دەكات و ئاواز و دابەشكردنی موزیكی
بۆ چەندان هونەرمەندی كورد ئەنجام داوە، لەو
دیمانەی لەگەڵ (سڤیل) ئاماژە بەوە دەدات، كە
لەساڵی 2005 و 2006 لەرێگەی هونەرمەند زانا
ئەنوەر، كە ئەندامی گروپی موزیكی نالییە،
داوای لێكرا بۆئەوەی كار لەگەڵ ئەو گروپەدا
بكات، گوتی "زانا پێی گوتم وەك سەرپەرشتیارێك
كار لەگەڵ گروپی نالی بكە، دواتر سۆران
عبدولخاڵق دەفژەنی گروپی نالی، ئەویش داوای
لێكردم، چەند مەرجێكم هەبوو، بەهەموو
مەرجەكانم ڕازی بوون و گوتیان: سەربەرز دەبین
ئەگەر تۆ سەرپەرشتی ئێمە بكەی و بەبێ
هەڵبژاردن تۆ سەرۆكی گروپی". هەروەها ئاراس
كۆیی گوتیشی "تامن نەچوومە گروپی نالی، ئەوان
نەیانتوانی كاری باش بكەن و چەند ساڵ بوو گروپ
بوون، ئەلبوومێكی موزیكیان نەكردبوو، بیری من
ئەوە بوو ئەلبومێكی موزیك ئەنجامبدەین، بەناوی
(گوڵەكانی پرچی حەبیبە)، من یەكەم دەستپێكردنم
لەم گروپە بە گۆرانی (وەخرە لە كوێستان )بوو،
كە بەدەنگی شوان قەرەداغی تۆماركرا".
گروپی موزیكی نالی، كە لەساڵی 1998 لەشاری
هەولێر دامەزرا و چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژ
و موزیكژەن تێدا ئەندام بوون و تا ئێستاش چەند
بەرهەمێكیان پێشكەش كردووە و بە گروپێكی
بەتوانا ناسراون. موزیكژەن ئاراس كۆیی، كە
دواین هونەرمەندە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی
لەگروپی موزیكی نالی راگەیاندووە، بەقسەی خۆی
"دوو مانگ پێش ئێستا بڕیارمدا دەست لەگروپی
نالی بكێشمەوە، ئێستا بەئاشكرا لەراگەیاندن
باسی دەكەم، بۆئەوەی خەڵك بزانن كە من بێ
بەریم لەو گروپە". لەبارەی هۆكاری
دەستلەكاركێشانەوەشی، كۆیی دەڵێت "ئەو گروپە
تووشی سستی و گەندەڵی بوو، ئەگەر نالی شاعیر
بمابایە بیزانیایە كە گروپێكی وا گەندەڵیان
بەناوی ئەوەوە دروست بووە، لەسەر خۆی دەدا و
لەبابەڕۆی دەدا، بۆیە من نەمویست لەو
گەندەڵیانەدا بەشداربم".
ئاراس كۆیی، باس لەچۆنیەتی وەرگرتنی بودجەی
گروپی موزیكی نالی دەكات، لەلایەن وەزارەتی
رۆشنبیرییەوە، ئاماژە بەوەش دەدات، كە گروپی
نالی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری مانگانە
بودجەیەكی دیاریكراو وەردەگرێ، بەڵام پارەكە
ڕۆژ بەڕۆژ لەكورتی دەدا و پڕۆژەكانیش كەمتر
دەبوونەوە، "هەوڵمدا بزانم ئەو میزانیەیە چی
لێدێ، ئینجا تێگەیشتم ئەو پارەیە بەپاكی خەرج
ناكرێت، من بەپێویستمزانی ئەو گەندەڵیانە
ئاشكرا بكەم".
ئاراس كۆیی، پێیوایە كە "سەفین سالح،
ناشەرعیانە خۆی كردووە بەسەرۆكی گروپی موزیكی
نالی"، چونكە وەك كۆیی دەڵێت "بەڵگەم لایە، من
سەرۆكی گروپی موزیكی نالیم، سەفین زۆر
بێشەرمانە خۆی تێوەرداوە، بەداخەوە ئەو
مەبەستی گەورەی هەیە ببێتە سەرۆك گروپ، هیچ
لەموزیك تێناگات، تەنیا قسەژەنێكی باشە".
هونەرمەند ئاراس گلەیی لەچۆنیەتی خەرجكردنی
بودجەی گروپەكە هەیە، "چەند مانگێك بودجەی
گروپمان وەرنەگرت، بۆئەوەی بودجەی چەند مانگێك
بەیەكەوە وەربگرین و كارێكی گەورەی پێ ئەنجام
بدەین، بەڵام دواتر بەبێ ئیمزای من چوون
پارەكەیان وەرگرت و، بەحیسابی ئەوان خزمەت بە
كوردستان و جەماوەر دەكەن، بەڵام هەمیشە گروپی
نالی مەبەستیان خزمەتكردن نەبووە". ئاراس
كۆیی، كە پێنجەمین هونەرمەندە بەتوڕەیی
لەگروپی موزیكی نالی دەرهاتووە، دەڵێت
"لەروویی داراییەوە حەقێكی زۆرم لای ئەو
گروپەیە، ئەگەر بۆم جێبەجێی نەكەن رووبەڕووی
دادگایان دەكەمەوە".
سڤیل هەوڵیدا رای گروپەكه وەربگرێ، بەڵام بە
هۆی سەفەركردنیانەوە بۆ دەرەوە نەتوانرا رایان
وەربگیرێ. |