لە پاش شەڕ پیانۆ دەژەنم  

 

لەساڵی ٢٠٠٢ لەئەمریكا فیلمێك كە لەپەنجەرەیەكی ترەوە باس لەشەڕی دووەمی جیهانی دەكات پیشان درا، "رومەن پولانیسكی" لەرێگەی فیلمەكەیەوە ئێمە بە كارەساتی جینۆسایدی جوولەكەكانی پۆلۆنیا بە دەست نازییەكان ئاشنا دەكا.
ئەم فیلمە لەسەر چیرۆكێكی ڕاستەقینەی بنەماڵەی ڤلادیسلا شپێلمێن لەسەردەمی شەڕی ئاماژەبۆكراودا كە بە دەستی خۆی نوسراوەتەوە دروست بووە.
بنەماڵەی "شپێلمێن" بنەماڵەیەكی خۆشگوزەران و خۆشبەختبوون، ئەوان كێشەی هەژاری و دەستكورتیان نەبوو و لەسەردەمی شەڕەكەشدا پێیان خۆش نەبوو لەشوێنی خۆیان بڕۆن، لەسەر نەڕۆیشتن و مانەوە سووردەبن، هەتا ئەوەی كە نازییەكان نزیك دەبنەوە و ئەم بنەماڵەیەش لەگەڵ خەڵكی سواری قەتار دەكەن بۆ ئەوەی كە بیانبەنە كەمپەكانی مەرگ و لەپاڵەپەستۆی نزیك قەتاری مەرگدا برادەرێكی "شپێلمێن" گیانی ئەو نەجات دەدا و ئیتر بنەماڵەكەی لێدادەبڕێ. ئەم برادەرە پۆلیسی پۆلۆنییەكان بوو كە هاوكاری نازییەكانیان دەكرد بۆ ئەوەی كە كاروبارەكانیان بە باشی پێش بكەوێ.
"شپێلمێن" زۆر بەوە دڵخۆشە كە ژیان سەرلەنوێ دەست پێدەكاتەوە و لەفیلمەكەدا ئەوە نیشان دەدا كە "شپێلمێن" چەندە بە ئازار و برسییەتییەوە لەناو وێرانەكانی شاردا خۆی دەشارێتەوە ئەو چەندین جار مەرگی خۆی لە برسێتی و نەخۆشی بە چاوی خۆی دەبینێ.
ئەوەی كە لەفیلمەكەدا و لەكەسایەتی "شپێلمێن" زۆر ئاشكرایە، عەشقی ئەو بە مۆسیقایە و هەروەها ئەو لێهاتوویەی كە ئەو لەمۆسیقادا هەیەتی، ئەو بەشێوەیەكی سەرسوڕهێن عاشقی مۆسیقایە و بەردەوام دەستەكانی دەجوڵێن بۆ ژەنینێك كە هەرگیز لەخۆی جیا ناكاتەوە.
"شپێلمێن" لەفیلمەكەدا بەردەوام بە شوێن ژیان دا دەگەڕێ لەگەڵ ئەوەدا رۆژ لەگەڵ رۆژ ئەو برسیتر و لاوازتر دەبێت، عەشق بو مۆسیقا ئەو بە زیندوویی دێڵێتەوە تا ئەو كاتەی كە لەوێرانەكانی شاری ۆورشۆدا لەماڵێكی رووخاودا پیانۆیەك دەدۆزێتەوە و ئیتر دەستەكانی لەرزۆكن، ئەو لەراستیدا ناتوانێ پیانۆ بژەنێ، لەشەوێكدا بە هەڵكەوت ئەفسەرێكی پلەداری ئەڵمانی ئەو دەدۆزێتەوە و ئەمە بۆ هەردووكیان رووداوێكی زۆر سەیر دەبێ، رووداوێك كە هیچكاممان پێشبینی ناكەین. ئەفسەرەكە شپێلمەن ناكوژێ و تا ڕاددەیەكی زۆریش هاوكاری دەكا بۆ ئەوەی باشتر بژی و شەوانە خۆراكی بۆ دەبا، بەڵام پاش ئەوەی كە ئەفسەرەكە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی كە ئەم كەسایەتییە پیانیستە و هەروەها لە ژەنینی بەشێك مۆسیقا ئەفسەرەكە سەری سووڕ دەمێنێ و ئەمە بۆ هەردووكیان زۆر گرینگە، بۆ شپێلمەن كە پێیوایە لەمەرگ نزیك بۆتەوە و ئاخرین ساتەكانی خۆی لەگەڵ مۆسیقادایە و هەروەها بۆ ئەفسەرە ئەڵمانییەكەش كە لەم وێرانەیەدا هونەرمەندێكی ئاوا دەبینێ و ئیتر لێرەدایە كە گیانی لێناستێنێ.
لەپاش ئارامبوونەوەی وڵات و كشانەوەی هێزەكانی نازی لەپۆلۆنیا، ئەو جوولەكانەی كە نەكەوتبوونە ناو قەتارەكانی مەرگ و هەروەها نەكەوتبوونە ناو كەمپەكانی مەرگەوە، توانیان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و لێرەدایە ئەفسەرەكە بە دیل گیراوە و داوای "شپێلمێن" دەكا كە گیانی نەجات بدا، بەڵام ئەم هەواڵە بە شپێلمەن ناگاو و ئەو لەوە ئاگادار نییە كە ئەفسەرەكە گیراوە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە پاش ماوەیەكی تر "شپێلمێن" لەگەڵ هاوڕێیەكی دێنە ئەو شوێنە بەسەر كەنەوە كە ئەفسەرە ئەڵمانییەكە داوای "شپێلمێن"ی كردبوو.
دەرهێنەری ئەم فیلمە بەهۆی ئەوەی كە خۆی بە منداڵی لەكەمپەكەنی مەرگدا ژیاوە و تەنانەت دایكیشی لەو سەردەمە لەناو چووە، زۆر باش توانیوێتی یادەوەرییەكانی ئەو كاتی شەڕ بە ئێمە پیشان بدا و هەروەها تواناكانی لەپێشاندانی راستییەكانی ئەوكاتی پۆلۆنیا كە چۆن توانیوێتی هونەرمەندێك لەژێر چارەنووسی مەرگ نەجات بدا و بەم هۆیەوە ئەم فیلمە بەناوبانگ بێت و ئەوە ببێتە هۆی ئەوەی لەوێرانەكانی ناو شارە بەخۆڵەمێشكراوەكانیشدا هەمیشە بۆی هەیە كە گیانێكی زیندوو خۆی حەشار دابێت بۆ ئەوەی كە بە ئێمە ڕابگەیەنێت كە ژیان بەردەوامە.
هەرچەندە لەكۆتاییدا لەپاش ئەو هەموو مەترسییەی كە بەسەر پیانیستەكە هات و رزگاری بوو، نزیك بوو كە بە دەستی دۆستان و هێزە چەكدارەكانی خۆیان بكوژرێ. ئەو كاتەی كە ئەو لەوێرانەكانی شاردا گویێ لە خرمە و هەرای سەربازان بوو، بە پاڵتۆیەكی ئەڵمانییەوە هاتە دەرێ و نزیك بوو كە بكەوێتە بەر دەستڕێژ و بە دەنگی بەرز هاواری كرد، من ئەڵمانی نیم مەمكوژن، تەنیا لەبەرئەوەی كە سەرمامە پاڵتۆ ئەڵمانییەكەم لەبەر كردووە، من ئەڵمانی نیم.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com