هۆزان دەروێش: خەڵك بە هەڵە لەنێوان من و هاوتا ئەسعەد تێگەیشتووە  

 

سڤیل: كاوە شێخانی




سڤیل: كەی هاتیە ناو دنیای هونەر؟
هۆزان دەروێش: ئێمە بنەماڵەیەكی هونەردۆست بووین، هەردوو برام عوسمان دەروێش و مستەفا دەروێش هونەرمەندبوون، منیش دەنگم خۆش بوو، بۆیە بەهاوكاری ئەوان لەساڵی 1991 لەتەمەنی منداڵیم دەستم بەگۆرانی گوتن كرد، سەرەتا بە سرودی سیاسی هاتمە ناو دنیای هونەر.
سڤیل: قۆناخی ئێستای گۆرانی كوردی چۆت هەڵدەسەنگێنی؟
هۆزان دەروێش: لەراستیدا زۆرجار لەسەر ئەم بابەتە قسەم كردووە، من یەكێكم لەو كەسانە زۆر بەڕەشبینی سەیری هونەری ئەمڕۆ دەكەم، چونكە لەهەموو دنیادا ئەگەر سانسۆر نەبوو لەسەر هونەر، ئەوا دەبێتە فەوزا و هەموو كەسێك ئەگەر حەزبكات دەڵێت من هونەمەندم، بۆیە زۆر ڕەشبینم، بەداخەوە وەزارەتی رۆشنبیری لە گوێی گادا نووستوە، لەپاشەرۆژدا باجی ئەوە دەدەین و مێژووش رەحمان پێ ناكات.
سڤیل: چ جۆرە هۆنراوەیەك دەكەی بەگۆرانی؟
هۆزان دەروێش: زۆرن ئەو كەسانەی هاوكاریم دەكەن، لەرووی ئاواز و هۆنراوە، ئەو هۆنراوەیەی كەمن دەستنیشانی دەكەم، دەبێ كاریگەری لەناخمدا دروست بكا، ئینجا دەیكەم بەگۆرانی، لێرەوە زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم، كە بەردەوام هاوكاریم دەكەن، لەرووی ئاواز و هۆنراوەوە.
سڤیل: بەنیازنیت كۆنسێرت لەشارەكانی كوردستان بكەی؟
هۆزان دەروێش: خوا دەزانێ رەنگە شەو لەخەونمدا بیبینم، زۆر دەمێكە بەم هیوایە دەژیم، كە بتوانم دڵی خەڵكی بەكۆنسێرت و دەنگی خۆم خۆش بكەم، بەڵام من زۆر هەوڵمداوە و حەزیش دەكەم لەكەركووك كۆنسێرت بكەم، هیوادارم وەزارەتی رۆشنبیری بەم كارە هەڵسێت، چونكە بەڕاستی خۆم ناتوانم ئەم كارە بكەم.
سڤیل: تائێستا چەند ئەلبوومت هەیە؟
هۆزان دەروێش: شەش ئەلبوومی بڵاوكراوەم هەیە و زۆر بەرهەمم بەتاك تۆمار كردووە، كە زۆربەیان كلیپ كراون، بەڵام كارەكانی من هەمووی لەگەڵ كوردستان تیڤییە، واتە ئەرشیفی من هەمووی لای ئەوانە، كە زۆر داوادەكەم مافم بدەن و بتوانم لەكەناڵی دیكە بڵاوبكەمەوە، بەڵام دیارە مافی ئەوانە بەرهەمم هەیە لەكەناڵەكانی دیكەش، بەڵام زۆربەی لەكەناڵی كوردستان تیڤییە.
سڤیل: سەرچاوەی داراییت چییە، بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبووم؟
هۆزان دەروێش: ئەمڕۆ گۆرانی تۆماركردن زۆر بەزەحمەت بووە، من هیچ سەرچاوەم نییە، كە بتوانم ئەلبووم یاخود كلیپ بەرهەم بهێنم، زۆری لەسەر ئەركی خۆم تۆمارم كردووە، وەزارەتی رۆشنبیریش جارێك هاوكاریی كردووم، بەڵام بەمشێوەیە نییە بتوانم كارەكانم پێ تەواو بكەم، من ئۆتۆمبێلی ماڵەوەم فرۆشت تاتوانیم كارەكان تەواو بكەم، چونكە زۆربەی كارەكانم لەوڵاتی توركیا ئەنجامدا، بۆ ئەمەش مەسروفاتێكی زۆر گەورەبوو، ناچاربووم قوربانی بۆ بدەم.
سڤیل: سەرەتای هاتنت بۆ كوردستان، لەگەڵ هونەرمەند هاوتا ئەسعەد دەركەوتی چۆن پێناسەی ئەوكاتە دەكەی؟
هۆزان دەروێش: من پێموایە زۆر خەڵك بەهەڵە لەنێوان من و مامۆستا هاوتا گەیشتووە، من زۆر بەشانازییەوە دەڵێم ئەگەر مامۆستا هاوتا ئەسعەد نەبوایە، فێری زۆرشتی هونەری نەدەبووم، راستە هەندێ كێشە لەنێوان بنەماڵەی ئێمە و مامۆستا هاوتا دروست بوو، بەڵام هەرگیز مامۆستا لەبیرنەكراوە، ئەو كوڕی ماڵی ئێمە بوو، دایكم وەك كوڕی خۆی حیسابی بۆ دەكرد، بۆیە دەڵێم مامۆستا هاوتا ئەسعەد لەگەڵ عوسمانی برا گەورەم لەزۆر روویەوە پشتگیریان كردووم.
سڤیل: لەسەر كلیپەكانی ئێستا چ قسەیەكت هەیە؟
هۆزان دەروێش: من زۆر بەكەمی سەیری كەناڵە كوردییەكان دەكەم، چونكە ئازارم دەدەن، زۆرشتی بێ مانا پەخش دەكرێ، زۆركەس لەبێ ئیشی بووەتە هونەرمەند، یاخود عاشقە حەزدەكات بەم رێگایە دەنگی خۆی دەربخات، لەلای گرنگ نییە دەنگی خۆشە یان نا، گرنگ ئەوەیە دەربكەوێت، سیناریۆی كلیپەكانی من ئەگەر زۆر كوردی نەبێت نایكەم، زۆرجار لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ دەرهێنەر بووەتە كێشەم.
سڤیل: كەی ژیانی هاوسەریت پێكهێنا؟
هۆزان دەروێش: ساڵی 2001 لەگەڵ سالار پەروەر ژیانی هاوسەریم پێكهێنا، ئێستا كوڕێكمان هەیە، زۆر شەیتانە بەناوی (جگەرخوێن).
سڤیل: بەخۆشەویستی بوو یاخود بەڕێكەوت؟
هۆزان دەروێش: بەخۆشەویستی بوو، بەڵام زۆر درێژەی نەكێشا ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا.
سڤیل: هاوسەرەكەت هونەرمەندبوو، بۆیە شووت پێكرد؟
هۆزان دەروێش: بەڵی دڵنیام ئەگەر هونەرمەند نەبووایە نەمدەتوانی درێژە بەهونەریەكەم بدەم، ئێستا ئەو یەكەم پاڵپشتی منە، ئەگەر ئەو نەبووایە دەمێك بوو وازم لەهونەر هێنابوو.
سڤیل: پێتوایە بۆچی ئافرەتی گۆرانیبێژ كەمن؟
هۆزان دەروێش: تۆ دوعا بكە ئەوەی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێت كەمتر نەبێت، چونكە ئەگەر بەمشێوەیە بێ، من خۆم رەنگە نەتوانم بەردەوام بم، جائەگەر وەزعی هونەرمەندی ئافرەت بەمشێوەیە بێ كە هەیە، خەڵكی دیكە چۆن دەتوانن كچی خۆیان نزیكی هونەر بكەن؟.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com