پڕشنگ ببێتە وەزیر رەش و سپی جیادەكاتەوە  

 

سڤیل:
هونەرمەند پرشنگ توانا، گلەیی لەسەرجەم كەناڵە كوردییەكان هەیە، كە تائێستا نەیانتوانیوە بەشێوەی پرۆفیشناڵ كاربكەن، باوەڕیشی بەخۆی هەیە، ئەگەر بوو بەوەزیر "ڕەش و سپییەكانی گۆرانی كوردی جیابكاتەوە".
پرشنگ توانا، لەسلێمانی لەدایكبووە، بەڵام حەز ناكات ساڵی لەدایكبوونی خۆی ئاشكرا بكا، ئەو كە خاوەن دوو ئەلبوومی بڵاوكراوەیە، لەساڵی 1986 لەگەڵ خانەوادەكەی كوردستانیان جێهێشت و ئێستا لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، لەبارەی دواین كارە هونەرییەكانی خۆیەوە بە(سڤیل)ـی راگەیاند، "دوو گۆرانی نوێم ئامادە كردووە، كە ئاوازێكیان لەلایەن (دیدەن توانا)ـی كوڕم و ئەویتریان لەلایەن (كامەران عەبدولڕحمان)ـەوە دانراوە، هەر لەوڵاتی سوید یەكێك لەو گۆرانیانە كلیپ دەكەم". پرشنگ توانا، كە ماوەیەكە كلیپەكانی لەكەناڵە كوردییەكانەوە نابیندرێ، گلەیی لەكەناڵەكان هەیە، بەبێ سیستەم ناویان دەبات، توانا دەڵێت "كوردستان تیڤی بووەتە كەناڵێكی سیاسیی، بەڵام كوردسات بەئارەزووی خۆیان كۆمەڵێكیان هەڵبژاردووە و كۆمەڵێكیشیان لێ دەركردووە، هەروەها سێ كلیپم بۆ كەناڵی كۆڕەك نارد، بەڵام بەداخەوە جاری وا هەیە راسپاردەیەك دەنێری و ناگاتە شوێنی خۆی". پرشنگ گومانیشی لەوەدا نییە، ئەگەر ئەو ببێت بەوەزیر دەتوانێ رەش و سپی جیابكاتەوە، گلەیی هونەرمەندان نەهێلێت، "ئەگەر بووم بە وەزیر، ڕەش و سپیم جیادەكردەوە، ئەوەشی شیاوی هاریكاری بوایە، بەهەموو شێوەیەك هاریكاریم دەكرد، بەڵام لای ئێمە هونەرمەندێك ببێت بە وەزیر بەمەحاڵ دادەنرێ".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com