شیلان كردی و ئەوان خواردیان  

 

سڤیل: كەنار بێباك
شیلان عوسمان، كە یەكێكە لەئافرەتە دەنگخۆشەكانی سلێمانی، سێ ئەلبوومی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ئەو ماوەیەكی زۆرە بەبێ بەرهەمی تازەی دەژی و دەڵێت "ئەگەر لایەنێك هاوكاری هونەرەكەم نەكات، من ئەوەندە دەوڵەمەندە نیم، پارە بۆ گۆرانی و كلیپ تەرخان بكەم".
هونەرمەند شیلان عوسمان، لەساڵی 1980 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە، لەساڵی 1997 بەگۆرانی (عەشق باران) ناسرا، بە (سڤیل) رایگەیاند، ئەو توانایەكی ئابووری باشی نییە، كە بتوانێ كاری هونەری خۆی پێ ئەنجام بدات، ئەوەش وایكردووە، كە ماوەیەكی زۆر بێ بەرهەمی نوێ بێت، شیلان دەڵێت "تائەوكاتەش بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدام، تابتوانم دەزگاكانی پەیوەندیدار بەهونەر و وەزارەتی رۆشنبیری هاوكاری كارە هونەرییەكانم بكەن، زۆر مادەم ئامادەیە، منیش حەزدەكەم وەك هەموو هونەرمەندان گۆرانییەكانم تۆمار بكەم و كلیپی نوێ بخەمە شاشەكانەوە". شیلان عوسمان، كە فەرمانبەرە لەبەڕێوەبەرایەتی هونەری موزیك لەسلێمانی، دایكی كچێكە بەناوی (هێڤی)، دەشڵێت "من لەوە نیگەرانم، هەندێك لەو كچە گۆرانیبێژانەی، كە تازە دەستیان بەگۆرانی گوتن كردووە، ئەو یارمەتیە داراییەی كە لەلایەن حكومەتەوە پێشكەش بەئەوان دەكرێ، بەكەسانێكی وەك ئێمە ناكرێ، كە بە دە ساڵ پێش ئەوانەوە دەستمان بەگۆرانی گوتن كردووە، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوان، ئێمە لەبیر كراوین".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com