جیهان چاوەڕێتە تۆ نابێ لێرە بژی  

 

وریا بوداغی

سۆلۆییست فیلمێكە بەرهەمی ئەمریكا و بەدەستی "جۆ رایت" ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەم هاتووە. ئەم فیلمە لەسەر چیرۆكێكی راستەقینەیە كە باس لەهونەرمەندێك دەكات، كە بەهۆی نەخۆشی شیزۆفرینیا ماڵەوە بەجێدێڵێ و دەكەوێتە سەر جادەكان. پاش ساڵانێك رۆژنامەنوسێك تووشی دەبێت و پێی سەرسام دەبێ و هەوڵ دەدا چاكی كاتەوە و لەم ژیانە نەجاتی دا.
لەسەرەتای فیلمەكەدا "رابێرت داونی جۆنیۆر" كە لەفیلمەكەدا بە "ستیڤ لۆپێز" بانگ دەكرێ بە سواری پاسكیلێك دەعم دەكات و بریندار دەبێ و پاش ئەوەی كە لەنەخۆشخانە دێتە دەرەوە بە دەم پیپسی خواردەنەوە گوێی لەدەنگی مۆسیقایەك دەبێت، ئەو جێمی "فۆكوس"ە و لەفیلمەكەدا بەناوی "ناتانیل" بانگ دەكرێ و كەمانێكی بەدەستەوەیە و مۆسیقا دەژەنێ.
لۆپێز بە شوێنی دەكەوێ و پاش ماوەیەك دەزانێ كە ئەو بە منداڵی زۆر زیرەك بووە و خوێندنیشی تەواو نەكردوە. لەرێگەی ئەو بابەتەی كە لۆپێز بڵاوی دەكاتەوە، چەلۆیەك دەگاتە دەست لۆپێز كە بە ناتانیل بدرێ، چەلۆیەك كە پەنجا ساڵ دەنگی دروست كردوە و هی هونەرمەندێكی پیرە، كە ئێستا بەهۆی نەخۆشیەوە ناتوانێ بیژەنێ.
ئەو كاتەی كە دایكی "ناتانیل" بە ئەوی گوت بە مۆسیقاكەت سەرسامم، جیهان چاوەڕێتە، ئەو باوەڕی نەدەكرد و پێدەكەنی. دواتر لۆپێز بەردەوام هەوڵ دەدا كە ناتانیل لەم پەناگا وێرانانە و هەروەها لەسەر شەقام و بن دیواران بێنێتە دەرێ، ئەو دەڵێ نابێ لێرە بژی و بۆیە ئەم رۆژە كە چەلۆكەی بەدەست دەگەیەنێ، لۆپێز داوا لەناتانیل دەكات كە لەگەڵی كەوێت و شوێنەكەی جێ بێڵێت، بەڵام لۆپێز ئەو رۆژە ناگاتە ئەنجام و ئەوێ جێ دێڵێ و چەلۆكە دەباتە كۆمەڵگەیەكی تایبەت بەم كەسە ناساخانە كە لەوێدا پارێزگاری دەكرێن و بەمجۆرە ناونیشانی ئەم شوێنەش بە ناتانیل دەدا و پاش چەند ڕۆژێك ناتانیل خۆی دەگەیەنێتە ئەوێ بۆ ژەنینی چەلۆ و هەم خۆی و هەم نەخۆشەكانی تر بە ژەنینی چەلۆكە ئارام دەكاتەوە. ئەو بێتهۆڤەنی زۆر خۆش دەوێ، ئەو كاتەی كە لەسەر جادەكان دەژیا لە لۆس ئانجلێس زیاتر دەچووە ژێر پەیكەری ناوبراو.
لەپەنا پەیكەری بێتهۆڤن و لەسەر قەدی دارێك كۆمەڵە ناوێك نوسرابوون كە ئەمانە ناوی هاوڕێكانی سەردەمی قوتابخانەی "ناتانیل" بوو.
لۆپێز هەوڵیدا ئەو ڕاكێشی ژوورەكانی مۆسیقا بكاتەوە و بە عەرەبانەكەیەوە كە هیچكات دەستبەرداری نەبوو و هەمیشە دەیوت جێی ناهێڵم دەیدزن، چەندین جار بۆ ناو ژوورەكانی كۆنسێرتی برد و لەیەكەم سەردانیدا، "ناتانیل" بە لۆپێز دەڵێ "ئێرە بێتهۆڤەنی لێیە". پاش ماوەیەك لەنەخۆشخانەكەش رزگاری دەكا و بە هەوڵی بەردەوامی لۆپێز، ناتانیل دەچێتە ناو شوقەیەكەوە و لەوێ بە ڕابەرێكی ئۆركێستی دەناسێنێ. لەم كاتە و لەم شوقەیەدا دۆستایەتی ئەوان كە گەرموگوڕتر بوو لەهەموو كاتێك، "ناتانیل" بەهۆی ئەوەی كە "لۆپێز" لەبابەتەكەیدا بە نەخۆشی شیزۆفرینیا ناوزەد دەكا، زۆر تووڕە دەبێ و هەوڵی كۆشتنی لۆپێز دەدا و هەڕەشەی لێدەكا كە نەگەڕێتەوە لای.
ئەمە كاریگەری زۆر لەسەر لۆپیز دادەنێ و لۆپێز لای هاوسەرەكەی پێشووی كە تەڵاقی داوە، بەهۆی ئەم ڕووداوە دەگری و پاشان خوشكی ناتانیل ئاگادار دەكاتەوە و "ناتانیل" پاش ساڵانێك خوشكەكەی دیتەوە و بە گریانەوە گوتی "ئێمە ژیانێكمان هەبوو".
ناتانیلی ڕەشپێست و خوشكەكەی لەنەخۆشخانە دێنە دەرەوە، كە بەرەو ماڵەوە بڕۆن، لەبەر دەرگەی نەخۆشخانەكە لۆپێز دەبینی كە چاوەڕێی ئەوانی دەكرد بێنە دەرەوە و "ناتانێل" داوای لێبووردنی لێكرد كە بێ حورمەتی پێ كردوە و ماڵاوایی لێك دەكەن.
لۆپێز خۆشحاڵە لەوەی كە توانیوێتی كەسێك لەو ٩٠ هەزار هەژارە بێ ماڵ و حاڵەی سەر جادەكان رزگار بكاو بیگەڕێنێتەوە ئامێزی ماڵەوەی، هەرچەندە زۆری پێ ناخۆشە كە نەیتوانیوە بە تەواوی ناتانیل باش بكاتەوە.
ناتانیل لەپاش ئەوەی كە خوشكەكەی دیتەوە و باشتر بووە لەو نەخۆشخانەیە كە بەناوی "كۆمەڵەی لامپ" دەناسرا دەستی دایە كاركردن و رۆژنامەنووسەكەش هەر لەوێ بەفێربوونی گیتارەوە سەرقاڵ بوو.
سۆزانا گرانی فیلمنامەنووسی ئەم فیلمە، چیرۆكی ڕاستەقینەی ئەم فیلمەی لەسەر ڕاستەقینەكانی گۆشەیەكی تایبەت دروستكرد، كە لە لۆس ئانجلێس تایمز پێشتر وەكو بابەت بڵاو ببونەوە و لەكۆتاییدا ئەمانە كرانە كتێب و بڵاوكرایەوە.
ئەم فیلمە بۆ ماوەی ١١٧ خولەك بەبودجەی ٦٠ ملیۆن دۆلار بەرهەم هاتووە و لەلایەن كۆمپانیای یونڤێرساڵ لەسەرانسەری جیهاندا بڵاو كرایەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com