"سەرۆكی حكومەت تەنیا باوەش بۆ هونەرمەندی بێگانە دەكاتەوە"  

 

سڤیل: هەولێر
پاش نیوەڕۆی دووشەممە،٣٠/٨/٢٠١٠ لەهۆتێلی چوارچرای شاری هەولێر، گروپی موزیكی نالی بەئامادەبوونی چەندین رۆژنامەوان و بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەمەبەستی لێدوان لەسەر گەشتەكەیان بۆ فەرانسا سازدرا، كە لە٢٠ی مانگی رابردوودا هەولێریان بەرەو پاریس بەجێهێشتبوو.
كۆنگرەكە بەچەندین ئامانج بەڕێوەچوو، كە گرینگترینیان تیشك خستنە سەر ئەو چالاكیانە بوو كە "نالی" ئەنجامی دابوون و لەم گەشتەدا، وەكو بەشداریكردن لە چل و چوارەمین فیستیڤالی هونەری و كولتووری پاریس، هەروەها پڕۆژەی هونەری بۆ ئەنجومەنی پیرانی فەڕانسا، كە بەوتەی سەفین ساڵح گروپی نالی بەفەرمی لەلایەن سێناتەوە بانگهێشت كراوە.
سەفین ساڵح لەوتەكانیدا باسی لەوەكرد، لەگەڵ ئەوەی سەفەرەكە گرنگ بوو، كێشەی زۆریشیان هاتە رێ، ئەو گوتی "دەبوایە ئێمە لێرەوە راستەوخۆ ٢٠ی مانگ بە تەیارە گەیشتباینە پاریس، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی پارە، سەفەرەكەمان بەدژواری تێپەڕی". سەفین ساڵح گوتیشی "لێرەوە حەز دەكەم باسی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بكەم و ئەویش گوێی لەو پەیڤانەی "نالی" بێت، بەداخەوە ئەگەر تیپێك لە عێراقەوە دێت، یان ئۆركێسترایەك دێت، سەرۆكی حكومەت باوەشیان بۆ دەكاتەوە، بەڵام بۆ گروپی موزیكی نالی ئەو گروپەی، كە سێزدە ساڵە قارەمانانە تێدەكۆشن نە باوەش هەیە و نە وەڵام".
لەبەشیكی دیكەی كۆنگرەكەدا، سەفین ساڵح ئاماژەی بەكێشەكانی نێوان گروپی نالی و وەزارەتی رۆشنبیری كرد و گوتی "ئێمە شانازی بەوە ناكەین، كە سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری بین، هونەرەكەمان زۆر لەوە بەرزتر دەبین لەو بڕە پارەیەی، كە ملیۆن و قسورێكە لەلایەن ئەوانەوە دەدرێتە ئێمە، كە بڕیارماندابوو وەرینەگرین، بەڵام بەوتەی هاوڕێیان گوتمان بوونی باشترە لەنەبوونی".
لەبارەی لێدوانەكانی هونەرمەند ئاراس كۆیی، كە لەژمارەی پێشووی گۆڤاری (سڤیل)ـدا دەستلەكاركیشانەوەی خۆی لەگروپی نالی راگەیاندبوو و رەخنەی لە گروپەكە گرتبوو، سەفین ساڵح دەڵێت "ئەو لێدوانەی ئاراس كۆیی لەسەر گروپەكە داوێتی، هیچ ئەساسێكی نییە و بڕیاریشە كێشەكە چارەسەركرێ".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com