|
سڤیل:
زانا دڵشاد دزەیی
محەمەد قەردی، كە بە یەكێك لەهونەرمەندە
كۆنەكانی كورد دەناسرێتەوە، رایگەیاند، كە نۆ
ئاوازی بۆ ئیبراهیم تاتلیساس حازر كردووە،
بەڵام دەڵێت "تائێستا دەرفەتی ئەوەم بۆ
نەرەخساوە ئاوازەكان تەسلیم بە تاتلیساس
بكەم".
هونەرمەند محەمەد قەردی، جگە لەگۆرانییە
بڵاونەكراوەكانی، دوو سەد گۆرانی بڵاوكراوەی
هەیە و لەلێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) رایگەیاند،
"هونەرمەند موراد بێگ، كە ئێستا بەڕێوەبەری
كارەكانی ئیبراهیم تاتلیساسە، هاوڕێی نزیكی
منە، ئەو وەختەی لەبەغدا بەڕێوەبەری مۆسیقا و
گۆرانی بووم، هەموو ئەوانە دەهاتنە لام،
لەساڵی 2007 لەئەستەمبۆل موراد بێگم بینی و
پێیگوتم، ئیبراهیم تاتلیساس دەڵێ: مەمنوون
دەبم ئەگەر هونەرمەندێكی وەك محەمەد قەدری
ئاوازم بۆ دابنێ، منیش هەر لەهەمان ساڵدا نۆ
ئاوازم بۆ ئامادە كرد". هەروەها قەدری ئاماژە
بەوە دەدات، كە ئاوازەكانی لەسەر ستایلی توركی
بۆ داناوە و هۆنراوەكانیش توركمانییە.
محەمەد قەدری راشیگەیاند، لەساڵی پاردا چووەتە
توركیا ئاوازەكانی بداتە ئیبراهیم تاتلیساس،
بەڵام دەڵێت "بەداخەوە تاتلیساس و موراد بێگ،
بۆ كۆنسێرت لەوڵاتی ئەڵمانیا بوون، دەزانم
ئێستا تاتلیساس زوو زوو دێتە كوردستان، بەڵام
من گۆرانیبێژێكی كورد دەبینم هەتا ئەو
ببینم؟".
|