مەهاباد قەرەداغی و ساڵێك لە دۆزەخدا  

 

سڤیل: مەریوان عومەر

(ساڵێك لە دۆزەخدا – (A Year in Hell چیرۆكی كچێكی كوردی تەمەن 14 ساڵانە، كە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمی بەعسەوە دەسگیر دەكرێت و لە زینداندا ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی زۆر دەدرێت.
لە ساڵی 1980 مەهاباد قەرەداغی لە تەمەنی 14 ساڵیدا لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمی بەعسەوە دەسگیر دەكرێت و بە هاریكاریكردنی پێشمەرگە تۆمەتبار دەكرێت. تاكە بەڵگەش لە دژیدا ئەو دەفتەری یادەوەرییەیە (موفەكەرە) كە لە دەستیدا دەگیرێت و چەند شیعرێكی لەبارەی سەركردەی نەتەوەیی كورد (مستەفا بارزانی) و هەندێك لە پێشمەرگە و كەسە چالاكەكانی شارۆچكەی كفری تێدا بووە.
كتێبەكە گێڕانەوەی یادەوەریە تاڵەكانی رۆژانی زیندانی ئەو خانمە نوسەرەیە، كە هەر دوای دەسگیركردنی دەخرێتە ژێر ئەشكەنجە و سزای سەختی دەروونی و جەستەیی. زمانی دەخرێتە نێو دوو لای بڕەری مەقەستەوە و هەڕەشەی زمانبڕینی لێ دەكرێت، گەر دان بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگەدا نەنێت و زانیاری لە بارەیانەوە ئاشكرا نەكات، بە تایبەت (خالید گەرمیانی) كە سەركردەیەكی پێشمەرگەی ناوچەی كفری بوو و ترسی زۆری خستبووە دڵی سەرانی رژێم لە ناوچەكە.
جۆرێك لەو فشارە دەروونیەی دەخرایە سەر ئەو كچە بچووكە لەو تەمەنە ناسكەیدا، دەسگیركردنی براكەی بوو بە ناوی (ساڵح)، تا ناچاری بكەن دان بە تاوانباری خۆیدا بنێت، كە دواتر ساڵح لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاورێكانی توانیان دەرگای زیندانەكە بشكێنن و رابكەن. لەگەڵ جۆرەها ئەشكەنجەی جەستەیی لە كورسی كارەبایی و خامۆشكردنی جگەرە بە جەستەی و زۆر جۆر ئەشكەنجەی وەحشیگەریانەی تر، بەڵام لەگەڵ بچووكی و ناسكی تەمەنیدا، خۆشویستنی نیشتیمانەكەی و ئەو رۆحە نەتەوەییەی لە ناخیدا هەبووە، ورە و تین و تاو و خۆڕاگری لە رووی جەستەیی و مەعنەویشەوە داوەتێ، كە بەرگەی ئەو فشار و ئەشكەنجەیە بگرێ و هیچ نهێنیەك نەدركێنێت.
فەرەداغی لە كتێبەكەیدا دەگێڕێتەوە كە چۆن دوای دەسگیركرانی كەسوكاری بەدوایدا گەڕاون و سەرانی دەزگا ئەمنیەكانی رژێم راستیان پێ نەگوتونە و زانیاری هەڵەیان پێداون.
لە زیندانیشدا سەرەڕای ئەشكەنجە، شاهێدی زۆر لە تاوانەكانی سەرانی بەعس دەبێت، بە تایبەت لە بەرامبەر كوردە فەیلیەكان، كە رژێم بە زۆر بەرەو ئێران كۆچی پێكردبوون و هەزارانیشی لێ خستبوونە زیندانەوە. پاشان دەزگا ئەمنیەكانی رژێم مەهاباد بۆ چەند زیندانێكی تری دەگوازنەوە، تا دواجار رەوانەی دادگای شۆڕش دەكرێت لە بەغدا و بە ماوەی ساڵێك زیندانی سزا دەدرێت.
ساڵێك لە دۆزەخدا-A Year In Hell كتێبێكی قەبارە مامناوەندیی خانمە نوسەر و شاعیر مەهاباد قەرەداغیە، كە بە زمانی كوردی نوسیویەتی و رووداوەكانی بە چەند بەشێك لە دووتوێی 220 لاپەڕەدا گێڕاوەتەوە. كتێبەكە لە لایەن (موسڵیح عەونی سەعید)ەوە بە زمانێكی سادە و رەوان لە دەربڕیندا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
نوسەر بە شێوازی سەرنجراكێشی خۆی لە نوسیندا رووداوەكانی بە یەكتر بەستۆتەوە و وەسفێكی جوان و پڕبەپێستی پیاوانی رژێم و دەزگا ئەمنیەكانیان و شێوازی ئەشكەنجە و تاوانە جۆربەجۆرەكانیان و ئەو رۆژە رەشانەش كردوە، كە تێیدا میللەتێك هاوشێوەی ئەو لە سزادان و ئەشكەنجە و راوەدوناندا بووە.
روناكبیر مەهاباد قەرەداغی لە ساڵی 1966 لە شاری كفری لە دایك بووە، شاعیر و رۆماننوس و نوسەری كورتە چیرۆكیشە، كاری وەرگێڕانیش ئەنجام دەدات و توێژەری بوارەكانی ئابووریی و كۆمەڵناسی و دەروونناسی پەروەردەییشە. بە هەردوو زمانی كوردی و سویدی دەنوسێت و لە زمانی عەرەبیشەوە كاری وەرگێڕان ئەنجام دەدات. یەكەم شیعری خۆی لە ساڵی 1980 بڵاوكردۆتەوە، لە ماوەی 1980-1981 لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی كراوە. ماوەی ساڵی 1991-1992 لە دیمەشق لە سوریا ژیاوە، دواتر لە نێوان ساڵانی 1992-2005 لە سوید ژیاوە. ئێستا لە كوردستانە و ماوەیەك لەكابینەی پێنجەم راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ بواری جەندەر و پرسی یەكسانی بوو. زیاتر لە 20 كتێبی لە بوارەكانی شیعر و رۆمان و چیرۆك و وەرگێڕان و توێژینەوە بە چاپ گەیاندوە. ئێستا ئەندامی دەستەی گشتی یەكێتی نوسەرانی كوردە.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com