|
سڤیل:
بەهمەن عومەر
جاران هەندێك لە حاكمەكان حیزب دایدەنان
حاكم شوان محێدین سەرۆكی ئەنجومەنی شورای
هەرێمی كوردستان لەم دیمانەیەدا باس لە
دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكەیان دەكات و پێشی
وایە راگەیاندنەكان كەمتەرخەمن لەوەی
هاوڵاتیان نەزانن دادگای كارگێڕی دەتوانێت
مافی خوراویان بۆ بگێڕێتەوە، دەشڵێت پێویستە
سەرۆكی دەستەی دادوەری پلەی سەرۆكی پەرلەمانی
هەبێت.
***
سڤیل: دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی شواری هەرێمی
كوردستان چین كام بوارانە دەگرێتەوە؟
حاكم شوان محێدین: ئەنجومەنی شورای هەرێمی
كوردستان- عێراق بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی
2008 دامەزراوە، سێ كاری سەرەكی لەخۆ دەگرێت،
كاری یەكەم لەبواری داڕشتنی یاسایە، ئێمە
پڕۆژە یاسامان لە حكومەتەوە بۆ دێت، چ
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێت یان
وەزارەتەكان، لای خۆمان پێداچوونەوەیان بۆ
دەكەین، چ لەلایەنی رواڵەتەوە (شكل)ەوە چ
لەلایەنی ناوەرۆكەوە، دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە
ئەو پڕۆژە یاسایە بەتەواوی بگۆڕین، یان هەندێك
لەبڕگەكانی بگۆڕین یان هەر لەبنەڕەتدا پێشنیار
بكەین، كە ئەو یاسایە پێویست ناكات دەربچێت،
لەبەر هەر هۆكارێك بێت روونی دەكەینەوە بۆ
لایەنی پەیوەنیدار، هەر پڕۆژە یاسایەك ئێمە
دەستكاریمان كرد، پێویستە حكومەت دەستكاری
نەكات و بینێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام پەرلەمان
دەتوانێت دەستكاری هەموو یان بەشێك لەیاساكە
بكات. یەكێكی دیكە لەدەسەڵاتەكانی ئێمە
ئەوەیە، كە ناوەندی راوێژكاری یاسایین بۆ
حكومەت و لایەنی دەسەڵاتی باڵا لەكوردستان،
بەسەرۆكایەتی هەرێمەیشەوە، پرسی یاساییمان
پێدەكرێت، بەڵام ئەوەی كە پرس دەكات نابێت
لەوەزیری تایبەتمەند كەمتر بێت، بەڵام
رایەكانی ئێمە مولزەم نین بۆ ئەو لایەنەی
راوێژمان پێدەكات، دەتوانێت بەقسەمان بكات،
دەشتوانێت نەیكات. یەكێك لەدەسەڵاتەكانی
دادگای ئیداری ئەوەیە دەتوانێت بڕیارەكانی
ئیدارە رەت بكاتەوە، بۆ نموونە چێشتخانەیەك
دابخرێت بەبڕیارێكی ئیداری، خاوەنی چێشتخانەكە
ئەگەر بۆی دەركەوت كە بڕیارەكە دروست نییە،
دەتوانێت سكاڵا لەدادگای ئیداری بەرزبكاتەوە،
ئەگەر دادگا زانی غەدری لێكراوە بڕیار دەدەات
بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داخستنی چێشتخانەكە
و قەرەبووكردنەوەی خاوەنەكەی ئەگەر خۆی داوا
بكات.
سڤیل: بەپێی بڕیارێك لەساڵی 2008 دەبوو دادگای
كارگێڕی لەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێم بكرێتەوە،
بەڵام تا ئێستا تەنیا لەهەولێر هەیە هۆی چیە؟
حاكم شوان محێدین: لەیاسای ئەنجومەنی شوادرا
هاتووە، كە دادگای كارگێڕی لەپایتەخت
دادەمەزرێت و دەكرێت لەپارێزگاكانی دیكەی
كوردستانیش بكرێتەوە، هەر ئەو كاتەی لەهەولێر
كرایەوە، بەیانی پێدەرچوو كە لەسلێمانی و
دهۆكیش بكرێتەوە، بەڵام لەبەر كەمی دادوەر
نەتوانراوە ئەو بەیانە جێبەجێ بكرێت، تائێستاش
لەبەرئەوەی لە یاساكەدا هاتوە دەبێت دادوەرێك
سەرپەرشتی دادگای كارگێڕی بكات سنفەكەی لەسنفی
یەك كەمتر نەبێت، ئەوەش بووە بەكۆسپێك
لەبەردەم دامەزراندنی دادگای كارگێڕی
لەسلێمانی و دهۆك. بەڵام دادگای كارگێڕی
هەولێر كاردەكات و كاری زۆر باشیشی كردوە، زۆر
بڕیاری حكومی لەئاستی زۆر باڵاشدا
هەڵوەشاندۆتەوە و جێبەجێش كراوە.
سڤیل: بەپێی یاسای رۆژنامەنوسان رۆژنامەنووس
دەبێت دەستی بە سەرچاوەكانی زانیاری بگات،
بەڵام زۆربەی دەزگاكانی حكومەت مافی لێدوان و
قسەكردن پێدانی زانیاریان لەبەڕێوەبەر و
بەرپرسەكانی خۆیان وەرگرتوەتەوە ئەوە تا چەندە
بڕیارێكی یاساییە؟
حاكم شوان محێدین: لەحكومڕانی دروست لەهەموو
دونیا هەندێك بنەما هەیە نابێت قەید بكرێت، بۆ
نموونە ئازادی رادەربڕین، ئازدی دەست گەیشتن
بەزانیاریەكان، بەڵام دەبێت هەموو ئەوانە
لەچوارچێوەی یاسادا بێت، پێویستە هەموو
دامودەزگاكانی حكومەت و دادگاش وتەبێژی هەبێت،
ناكرێت كەسێك مەنع بكەیت لەقسەكردن، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا من وەك سەرۆكی ئەنجومەنی شورا
رێگا نادەم هەموو كەسێك بەناوی ئەنجومەنەكەوە
قسە بكات و لێدوا بدا، بۆخۆی دەتوانێت قسە
بكات و چاوپێكەوتنی هەبێت، بەڵام نابێت بەناوی
ئەنجومەنی شوراوە قسە بكات، چونكە ئەنجومەن
وتەبێژی فەرمی هەیە، هەموو لایەك پێویستە ئەوە
بزانێت، كە ئەو سەردەمە بەسەر چوو
داموودەزگاكانی حكومەت و دادگاش دەرگا بەسەر
رۆژنامەنووساندا دابخات، ئێستا دونیا دنیای
شەفافیەتە.
سیڤل: لەپەرلەمانی كوردستان 10 پەرلەمانتار
دەتوانن پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بكەن بەبێ
گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی شورا یان هیچ ناوەندێكی
یاسایی تەنانەت دەكرێت هیچ كام لەو
پەرلەمانتارانە خۆشیان كەسی یاسایی نەبن تۆ
ئەوە چۆن دەبینیت؟
حاكم شوان محێدین: ئەمە زۆر كێشەیە، پێویستە
چارەسەر بكرێت، بەراستی 10 پەرلەمانتار زۆر
كەمە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەك بدەن بەپەرلەمان،
بەبڕوای من لانی كەم 25 پەرلەمانتار بۆ سەرەوە
بوایە زۆر باش بوو، لەوانەیە بۆ هەندێك حاڵەت
باش بێت، بەڵام بۆ هەندێك حاڵەتی دیكە باش
نییە.
سڤیل: هۆی چیە هاوڵاتیانی كوردستان تائێستا
لەئیشوكارەكانی ئێوە بەباشی ئاگادار نین، بۆ
نموونە ئەگەر كەسێك لەلایەن دەزگایەكی
حكومیەوە مافێكی خورا پەنا بۆ دادگای كارگێڕی
ببات بۆ وەرگرتنەوەی مافەكەی؟
حاكم شوان محێدین: ئێوە وەك دەزگاكانی
راگەیاندن بەشێكن لەو كێشەیە، راگەیاندن
كەمتەرخەمن لەو كێشەیە، راگەیاندنیش قیمەتی
ئەنجومەنی شورا و دادگای كارگێڕیش نازانێت، بۆ
نمونە مانشێتێك دەردەهێنن، كە زۆر بۆ ژیانی
هاوڵاتیان گرنگ نییە، بەڵام بایەخێكی ئەوتۆ بە
دادگای كارگێڕی نادات، كە دەتوانێت كاریگەری
جدی هەبێت لەسەر ژیانی تاكەكان، لەگێڕانەوەی
مافیان ئەگەر خورابێت، دەكرا تەوەرێك لەسەر
گرنگی ئەم دادگایە و كار و چالاكیەكانیان
بكات، ئەوەش خزمەتێكە راستەوخۆ هاوڵاتیان لێی
سودمەند دەبن، بۆیە من بەشێك لە
بەرپرسیارێتیەكە دەخەمە ئەستۆی راگەیاندنەكان،
كە نەیانتوانیوە لەو بوارەدا بەئەركی خۆیان
هەڵبستن، من لێرەوە بەهەموو هاوڵاتیان دەڵێم
هەر هاوڵاتی یان فەرمانبەرێك زەرەرمەند بووە
لەبڕیاری لایەنێكی كارگێڕی بۆی هەیە
فەرمانبەرەكە لەلێژنەی بەرزەفتكردن و
هاوڵاتیەكە لەدادگای كارگێڕی سكاڵا تۆمار بكات
و بەپێی یاسا مافەكەی بۆ دەگێڕدرێتەوە ئەگەر
دەركەوت بڕیارەكە دروست نییە.
سڤیل: بەگشتی تارادەیەك خەڵك پێی وایە
دادگاكانی كوردستان سەربەخۆ نین، تاچەند ئەم
تەسەورە لەشوێنی خۆیدایە؟
حاكم شوان محێدین: مەسەلەی سەربەخۆیی دادگا
تەنیا لێرە نییە، لەهەموو وڵاتان هەیە، دوو
جۆر سەربەخۆی دادگا هەیە، دەتوانم بڵێم لە
رووی كارگێڕیەوە دادگا سەربەخۆ نییە، راستە
بەپێی یاسا دانراوە، كە قەزا سەربەخۆیە لەرووی
كارگێڕی و داراییەوە بەڵام تا ئێستا سەرۆكی
ئەنجومەنی دادوەری، كە كارێكی مالی دەكات
دەبێت رەزامەندی وەزارەتی دارایی تێدابێت،
ئەوە پێشێلكردنی یاسایە لەخودی یاسای دەسەڵاتی
دادوەری ژمارە 23ی ساڵی 2007 غەدرێكی گەورەی
لەدەسەڵاتی دادوەری كراوە، كە سەرۆكی دەسەڵاتی
دادوەری پلەی وەزیری هەیە، پێویست بوو پلەی
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكی
پەرلەمانی هەبێت، پێویستە ئەوە بە زووترین كات
چارەسەر بكرێت، هەوەها دادوەرانی دادگای تەمیز
لە پلە و موچە غەدریان لێكراوە، پلەی دادوەری
سنفی یەكیان هەیە، ئەوانە هەموو كار
لەسەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەكەن، لایەنی
كارگێڕی دەتوانم بڵێم مەسەلەی دامەزراندنی
فەرمانبەر و دادوەران سەربەخۆیە، بەڵام بەشی
دووەم كە زۆر گرنگە سەربەخۆیی دادوەرەكانە، كە
ئەوە دەكەوێتە سەر خودی دادوەرەكان، لەگەڵ
ئەوانەشدا جێگای شانازییە كە هەرێمی كوردستان
دەزگای ئەنجومەنی شورای هەیە، چونكە یەكێكە
لەسیما هەرە دیارەكانی حكومەتی قانون.
سڤیل: رایەك هەیە دەڵێت بەشێك لەدادوەرەكان
لەرێگای حیزبەوە بوون بەحاكم ئیتر چۆن دەتوانن
سەربەخۆبن؟
حاكم شوان محێدین: بەڵێ زەمانێك وابوو، بەڵام
هیوادارم پەیمانگای دادوەری ئەو كێشەیە حەل
بكات، دەبێت قسەی حەقیش بكەم ئەو حاكمانەی بەم
دواییە تاعین بوون، كە ژمارەیان 15 كەس بوون،
كەسی بەتوانایان تێدا بوو، بە ئالیەتێكی زۆر
رێكوپێك و دادوەرانە ئەنجامەكانیان دەرچوو،
دەتوانم بڵێم قەزا زۆر سود لەو كەسانە
وەردەگرێت.
سڤیل: یەكێك لەكێشەكانی نەمانی متمانە
بەداگاكان ئەوەیە، كە زۆرجار بڕیار دەردەكات،
بەڵام لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێی ناكات، لەو
كاتەدا لایەنی دادوەری دەبێت چی بكەن؟
حاكم شوان محێدین: ئەوە خۆی لەخۆیدا
پێشێلكردنی سەروەری یاسایە و ئیهانەیە
بەدادگا، ئیهانەیە بەحكومەت، خەرقێكی گەورەی
دەستوورە، چی ناو دەنێیت ناوی بنێ، پێویستە
دەسەڵاتی دادوەریش ئەوە قبوڵ نەكات، بەڵام چۆن
قبوڵی نەكات؟ ئەوە دەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە.
|