ئەمساڵ بەرهەمی هەنگ لە سنووری سۆران زیادی كردووە  

 

 

سڤیل: محەمەد هەسنانی

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەچەند هەنگەوانێك و چەند بەرپرسێكی كەرتی كشتۆكاڵی دەستكەوتوون، بەرهەمی هەنگوین ئەمساڵ لەسنووری سۆران و چۆمان و سیدەكان زیادی كردووە.
ئیسماعیل هەنگەوانێكی دانیشتووی گوندێكی سەر بەشارۆچكەی دیانایە، ئەو هاوڵاتیە لەقسەكانیدا بۆ سڤیل باسی لەوەكرد، كە ساڵانی رابردوو بەهۆی خراپی بەرهەمی هەنگەكانیەوە بیری لەوەكردۆتەوە دەستبەرداری هەنگەكانی بێت، بەڵام زۆری بەرهەم لەمساڵدا لەو بڕیارەی پاشگەز كردۆتەوە، ئەو وتی "لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی كەمی بەرهەمی هەنگەكانم، لەهەوڵی ئەوەدا بووم دەستبەرداری بەخێوكردنی هەنگ ببم، ئەمەش وایكرد رێژەی هەنگەكانم زۆر كەم بكەمەوە، بەڵام ئەوەی من پێی سەرسام و خۆشحاڵبووم، بەرهەمی زۆری ئەمساڵی هەنگەكانمان بوو، كە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش هەوڵێكی باش بوو بۆ زیادبوونی ئەو بەرهەمە و بوژانەی باری ئابووری هەنگەوانانی سنوورەكەمان".
ئەو هەنگەوانە بەپێویستی دەزانی حكومەت هاوكاری هەنگەوانان بكات، وتی "پێویستە حكومەت زیاتر هاوكاری هەنگەوانان بكات و گرنگی بەبەرهەماكانیان بدات و بەرنامە بۆ وەرگرتنی بەرهەماكانیان دابنێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوەخۆمان زیاتربێت و گرنگی بەبوژانەوەی ئەم كەرتە بدرێت لەكوردستان، چونكە بەداخەوە ئێستا دەبینین بەرهەمی خۆمان زیادی كردەوە، كەچی گرنگی پێنادرێت بۆ ئەوەی لەبازارەكانی كوردستان بەشێوەیەكی جوان ببیندرێت و شوێن بەبەرهەمی هەنگوینی بیانی چۆڵ بكات، لەبەرئەوەی ئێمە پێمان وایە بەرهەمی هەنگوینی ئێمە لەزۆر ئەو هەنگوینانە باشترە كە لەسنورەكانەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دێتە بازاڕەكانی كوردستان و بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە".
محەمەد شێخە خالید بەرپرسی پاراستنی رووەك لەشارۆچكەی چۆمان، وتی "ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە 90% بەرهەمی هەنگوین لەسنورەكەمان زیادی كردووە، هۆكارەكەشی زیاتر بۆ تەندروستی و شیلەی زۆری هەنگەكان دەگەڕێتەوە، هەرچەندە لەسەرەتاوە مەترسیمان هەبوو بۆردومان و تۆپبارانی سنوورەكان كاریگەریان هەبێت لەسەر رەوشی هەنگەوانان و ببێتە هۆی لەناوچوونی هەنگەكانیان و بەدواداچوونمان كرد، دەرئەنجام دەركەوت هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبووە بۆ لەناوبردنی هەنگ و كەمكردنەوەی بەرهەمی هەنگوین".
بەرپرسی پاراستنی رووەك لەچۆمان ئاماژەشی بەوەدا "نزیكەی 456 هەنگەوان لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چۆمان هەن، زۆربەشیان خەڵكی دۆڵی باڵەیانن، وەك دیاریشە جۆری ئەم هەنگوینەش كە بەرهەم دەهێنرێت، بەشێكییان ئاساییە و بەشێكی دیكەشیان بەهۆی دەرخواردنی شەكرەوەیە، بەڵام بەگشتی كاریگەری باشی دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئابووری وڵات، هاوكاریەكانی ئێمەش بۆ هەنگەوانن تەنها دابینكردنی داو دەرمان و چاودێری خواردنە".
شوان عەزیز بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان، سەبارەت بەبەرهەمی هەنگوین لەسنوورەكەیان، وتی "زیاتر لە 600 هەنگەوان لەسنووری سیدەكان هەن، جگە لەوەش ساڵانە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لەوەرزی بەهارەوە روومان تێدەكەن و هەنگەكانیان دەهێنە دەڤەرەكەمان، بەڵام ئەوەی تێبینیمان كردبێت، ئەمساڵ هەنگ بەرهەمێكی باشی هەبووە لەسنوورەكەمان، بۆ نموونە سندوقی هەنگ ئەگەر دوو تەبەقە دەنرابێت، بەرهەمی هەنگوینەكەی لە 18 تا 20 كیلۆ بووە، هەروەها ئەوەی یەك تەبەقەش لە 8 تا 10 كیلۆ هەنگوینی بەرهەم هێناوە، واتە ئەگەر بەراوردێك بكەین لەگەڵ ساڵی رابردوو، بەرهەمی هەنگ لەسنووری ئێمەدا زیاتر لە 40% زیادی كردووە، ئەمەش بووەتە جێگەی خۆشخاڵی هەنگەوانان".
بەرپرسی هۆبەی كشتوكاڵی سیدەكان گوتیشی "لەوەرزی بەهاردا بەپێی توانا هەندێك دەرمان و پێداویستی بەسەر هەنگەوانان دابەش دەكەین"، باسیشی لەو گرفت و زیانانە كرد، كە هاتونەتە بەردەم هەنگەوانان و ئاماژەی بەوەدا "لەكاتی بۆردومانكردنی ناوچە سنوورەیەكان، زۆربەی خەڵكی كوێستان و گوندەكان شوێنەكەیان جێشت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ورچ دەستكاری هەنگەكان بكات ولەناویان ببات، كە بەم هۆیە ژمارەیەك لەهەنگەوانان زیانییان بەركەوت، بەڵام بەگشتی ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ ساڵی رابردوو بكرێت، بەرهەمی هەنگوین دوو بەرامبەر بووە".
 

 

 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com