|
سڤیل:
شوان سدیق
وەزیری پەروەردە: بەهۆی هەڵەی تەكنیكی لێیان
وەرگیراوەتەوە و بێگومان خەڵاتەكانیان
نافەوتێت
ئەو
دیارییەی لەلایەن سەرۆكی حكومەت بەقوتابییە
یەكەمەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان درا
لێیان وەرگیراوەتەوە، وەزیری پەروەردەش
ئاشكرای دەكات، كە هەڵەیەكی تەكنیكی
لەدیارییەكاندا هەبووە و دەڵێ دووبارە
خەڵاتیان پێدەدرێتەوە.
ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی قۆناغی 12ی
ئامادەیی بەشداریان لەتاقیكردنەوەكاندا كرد،
ژمارەی ئەو قوتابیانەش وەك پێشتر سەفین دزەیی
وەزیری پەروەردە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیەدا
رایگەیاند بوو " تەنیا لەتاقیكردنەوەی خولی
یەكەمی تاقیكردنەوەكان 81.256 قوتابی
بەشدارییان كردووە، هەروەها لەو ژمارەیە
15.275 خوێندكار دەرچووبوون".
لەبەرواری "7/7/2011" یەكەمەكانی دەرچوانی
پۆلی 12ی ئامادەیی لەهەرێم دیاركران، كە "10"
خوێندكاربوون، یەكێك لەوانە (سارا سلێمان)
لەدواناوەندی نمونەیی رەنگینی كچان- سلێمانی
یەكەمی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی كوردستان،
هەروەها (سانا سەروەر) لەدواناوەندی نمونەیی
رەنگینی كچان- سلێمانی، ئەویش پلە دووەم بوو.
(یونس جاسم موراد) لەئامادەیی شەهید فاخر
مێرگەسووری تێكەڵاو بەپلەی سێ هات".
هەر دوابەدوای راگەیاندنی ناوی یەكەم تا
سێیەمەكانی دەرچوانی ئامادەیی پۆلی 12
لەپارێزگای سلێمانیش یەكەم و دووەم و سێیەم
هاتنە دەستنیشانكردن، كە (سارا سلێمان)،
لەدواناوەندی یەكەم بوو، هەروەها (سانا
سەروەر)یش بەپلە دووەمی پارێزگای سلێمانی
دیاری كرا. (پەیمان بەهادین عەلی)یش
لەئامادەیی زانستی كچان لەهەڵەبجە لەسەر ئاستی
هەڵەبجە یەكەمی بەدەستهێنا واتە سێیەمی
پارێزگای سلێمانی و لەسەر ئاستی كوردستانیش
پلە پێنجەمی بەدەستهێنا.
دوابەدوای ئاشكراكردنی ناوی قوتابییە یەكەم و
دووەم و سێیەمەكان، وەك پاڵپشتێكی مەعنەوی
لەچەندین لاوە خەڵاتی تایبەتیان پێدرا، لەگەڵ
ئەوەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای
ئەوەی چاوی بەو "10" خوێندكارە یەكەمەكەی
هەرێم كەوت خەڵاتی تایبەتی پێشكەشكردن، كە
كۆمپیوتەرێكی لاپتۆپ بوو. دوابەدوای پێدانی
ئەو دیارییانە بەو ژمارە قوتابییە یەكەمانەی
هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی زانیارییەكان
لەئێستادا دیارییەكانیان لێی وەرگیراوەتەوە،
بەبیانویی ئەوەی گوایە دیاری و هەدییەی
باشتریان پێ دەدرێت.
بەگوێرەی زانیاریەكانی قوتابی پەیمان
بەهائەدین لەو قوتابیانە كە لەسەر ئاستی
هەڵەبجە یەكەم بووە و پێنجەمی هەرێمی كودستان
بووە، لەرێگای بەشی كارگێڕی لەپەروەردەی
هەڵەبجە خەڵاتەكەی لێوەرگیراوەتەوە، قوتابیەكی
تریش لەو دەرچوانە خەڵاتەكەی لێ
وەرگیراوەتەوە، وەك ئەو دوو قوتابیە ئاماژەیان
پێكردووە، هۆكاری وەگرتنەوەی ئەو خەڵاتانە
دیارنەكراوە.
لەلای خۆیەوە (شێخ حەسەن) بەڕێوەبەری
پەروەردەی هەڵەبجە لەلێدوانێكی تایبەت بەسڤیل
وتی "پێدانی ئەو بەخشیشە لەرێگەی ئێمەوە
نەبووە وەك پەروەردە، هەروەها ناشزانین چۆن
بەخشیش دراوە بەو قوتابیانە بۆیە ئەوە
پەیوەندی بەئێمەوە نییە، بەڵكو ئەوان راستەوخۆ
لەرێگەی وەزارەتی پەروەدەوە بەخشیشیان پێ
دراوە".
هەر لەوبارەوە (سەفین دزەیی) وەزیری پەروەردەی
هەرێم، هەواڵی وەرگرتنەوەی لاپتۆپەكانی لەو
قوتابیانە پشتڕاستكردەوە و لە لێدوانێكی بۆ
سڤیل، ئەو وتی "دیاری سەرۆكی حكومەت بۆ
قوتابییە یەكەمەكانی ئاستی هەرێم كۆپیوتەرێكی
لاپتۆب بووە، بەڵام دواتر بەهۆی بوونی هەڵەی
تەكنیكی لەو لاپتۆپانەدا، بۆیە لێیان
وەرگیراوتەوە، بێگومان هەدیەكانیشیان
نافەوتێت".
|