بیمەی بێكاری لە سلێمانی دابەش دەكرێ و هەولێــر و دهـــــۆكیـــــش چــــــــاوەڕوانـــــــــــــن  

 

 

سڤیل: شوان سدیق

وەزارەتی دارایی: كێشەی دارایمان نییە هۆكاری دابەشنەكردنی بیمەی بێكاری لە هـــەولێـر و دهـــۆك پەیوەنــــدی بەگەڕانەوەی ناوی دامەزراوەكانەوە هەیە



دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە پارێزگای هەولێر و دهۆك كە فۆڕمی بیمەی بێكارییان پڕكردۆتەوە، تا ئێستا بڕی ئەو پارەیان وەرنەگرتووە، كە لە پڕۆژەی بیمەی بێكاریدا هاتووە. وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمیش رایدەگەیەنێت، وەزارەتەكەیان كێشەی دارایی نییە، بەڵكو هۆكاری خەرجنەكردنی مانگانەی بیمەی بێكاری پەیوەندی بە گەڕانەوەی ناوی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانەوە هەیە بۆ دامەزراندن.
لە بەرواری "23/8/2011" وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پڕۆژەی بیمەی بێكاری بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان جێبەجێكرد، دوا بەدوای ئەوەش قوتابیان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر ئاستی هەرێم، بە رێژەیەكی زۆر روویانكردە ناوەندەكانی پڕكردنەوەی ئەو فۆرمانە، وەك ئەوەی پێشتر (ئاسۆس نەجیب) وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بۆ كرد "لەبارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی بێكاری بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكان هەموو دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە دانەمەزراون دەتوانن فۆڕمی بیمەی بێكاری پڕبكەنەوە.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی بێكاری ئەم ساڵ لە كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمدا خرایە بواری كارپێكردنەوە، بە بڕوای بەرپرسانی حكومی هەرێم ئەم پڕۆژەیە كاریگەریی باشی دەبێت بۆ هاندان و یارمەتیدانی گەنجان و ئەو قوتابیانەی خوێندنیان تەواوكردووە، لە دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن تا ئەوكاتەی كارێكیان دەست دەكەوێت، بۆ ئەوەش حكومەتی هەرێم مانگانە لە چوارچێوەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیدا بۆ ماوەی 6 مانگ بڕی "150" هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكات.
دوا بەدوای تەواوكردن و پڕكردنەوەی فۆڕمی بیمەی بێكاری لەلایەن دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان، لە ئێستادا پارێزگای سلێمانی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڕی ئەو مانگانەیان بۆ خەرج دەكرێت، كە پێشتر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی فۆڕمەكانی پڕكردۆتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و چاوەڕوانییە بەلای ئەو كەسانەی لە هەولێر و دهۆك فۆڕمیان پڕكردۆتەوە، تا ئێستا ئەوان وەك دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی پارێزگای سلێمانی بیمەی بێكارییان بۆ خەرج نەكراوە.
هەر ئەمەش وایكردووە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی پارێزگای هەولێر و دهۆك رەخنەی ئەوە بگرن، كە ئەوان چەند مانگێكە فۆڕمیان لە بنكەكانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پڕكردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو "150" هەزار دینارەی بیمەی بێكارییان وەرنەگرتووە، كە حكومەتی هەرێم بۆی دابینكردوون.
لەو بارەوە (عەباس ئەكرەم) وتەبێژی رەسمی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "سڤیل"ی راگەیاند "ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە هەیە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی بێكارییە و دواتریش وەزارەت فۆڕمی بیمەی بێكاری بەسەر دەرچوانی پەیمانگا و زانكۆكاندا دابەشكرد، بەڵام لە ئێستادا هەموو فۆڕمەكان رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم كراون، بێگومان ئەوە پەیوەندی بەوەزارەتی كارەوە نییە".
لەلای خۆیەوە (دلێر تاریق) وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بە "سڤیل"ی راگەیاند "دوای تەواوكردنی فۆڕمی بیمەی بێكاری لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ئێستادا هەموو ئامادەكارییەك كراوە و بیمەی بێكاری بۆ پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە، بەڵام تا ئێستا بیمەی بێكاری بەسەر دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكاندا لە پارێزگای هەولێر و دهۆك دابەشنەكراوە"، هەر لەوبارەوە وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم گوتیشی "خەرج نەكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ بیمەی بێكاری تەرخان كراوە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك پەیوەندی بە كاری لێژنەی دامەزراندنەوە هەیە، چونكە تا ئێستا كۆتایی بە گەڕانەوەی ناوی دامەزراوەكانی ئەو پارێزگایانە نەهاتووە، بێگومان وەزارەتی دارایی كێشەی پارەی نییە لەم رووەوە و هەركات ناوی دامەزراوەكان كۆتایی پێهات دەست دەكرێت بەدابەشكردنی بیمەی بێكاری لەو پارێزگایانەش".
دوای جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی بێكاری و پێدانی بڕی "150" هەزار دینار مانگانە بەسەر دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا حكومییەكاندا، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی دامەزراوەكانی تری حكومەت‌ و كەرتی تایبەت‌ و رێكخراوە ناحكومییەكان، وەك وەزارەت رایگەیاندووە هەڵدەستێت بەكردنەوەی خولی راهێنانی گونجاو بۆ شیاندنی سوودمەندانی بیمەی بێكاری، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوەیە، كاری گونجاو بۆ ئەو كەسانە بدۆزرێتەوە، كە سوودمەند بوون لەوەرگرتنی ئەو بیمەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەت لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیەكانی هەڵدەستێت بەكارخستن لە پارێزگاكانی "هەولێر و سلێمانی و دهۆك" بە رێگای لێژنەكانی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی هەلی كاری شیاو بۆیان.
پێشتر لە راگەیەندراوێكدا (ئاسۆس نەجیب عەبدوڵڵا) وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، رایگەیاندبوو "لە كاتی نزیكبوونەوەی ماوەی كاتی تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆڕم بەسەر دەرچواندا، "20720" دەرچوی‌ زانكۆ و پەیمانگا لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، فۆڕمی‌ بیمەی‌ بێكاریان پڕكردۆتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com