فرۆشگەكانی پۆشاك و كاڵای سەربازی داوادەكەن رێگریان لێنەكرێت  

 

 

سڤیل: هاوار هاواری

فرۆشیارانی پۆشاك و كەرەسەی سەربازی: ئێمە پابەندی رێنماییەكانین و داوكارین هیچ كات رێگریمان لێ نەكرێت\

ئەو دوكانانەی بەرگ و كەرەستەی سەربازی دەفرۆشن، داوادەكەن حكومەت بە بەردەوام رێگەیان پێ بدات، بریكاری وەزیری پێشمەرگەش بەدووری دەزانێت دەست لەو دوكانانە بدرێت و جەخت لەسەر زەرورەت بوونی ئەو دوكانانە دەكاتەوە.
نەجات عەزیز خاوەنی شوێنی "هەولێری نوێ" بۆ فرۆشتنی كاڵای سەربازی یەكێكە لەو دواكاندارانەی زیاتر لەبیست ساڵە كاری فرۆشتنی جلوبەرگی سەربازی دەكات، نەجات وتی "من لەدوای ساڵی 1991وە ئەم كارە دەكەم، زۆرجار حكومەت ئاگاداری كردوین ئەو كەرەستانەی یاساغن نابێت بیفرۆشن، ئێمەش پابەندبووین بەرێنمایەكانی حكومەت و نەمانفرۆشتوە". لەبارەی چۆنیەتی مۆڵەت وەرگرتن بۆ كردنەوەی دوكانەكانیان نەجات وتی "وەك ئەوەی كۆمپانیایەك یان دەرمانخانەیەك مۆڵەت لەدەزگا پەیوەندیدارەكان وەردەگرێت ئێمە بەو جۆرە مۆڵەت وەرناگرین، بەڵكو چەند دوكاندارێكین كە جلوبەرگی سەربازی دەفرۆشین و ناومان لەئاسایش نوسراوە، هەردوكانێك لەئاسایشی سنورەكەی خۆی ناوی دەنوسرێت و فۆرمی زانیاری تایبەتی خۆی هەیە".
نەجات بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی مۆڵەت نمونەی دوكانەكەی خۆی هێنایەوە و وتی "ئێستا لەسنووری ئاسایشی سێتاقانین، كە ناوی هەموو دوكانەكانی لایە لەگەڵ زانیاری گشتی تەواو لەسەر خاوەن دوكان، لەلایەن ئاسایشەوە ماوە ماوە سەردان دەكرێین، ئەگەر كەسی بیەوێت دوكانێكی بەرگی سەربازی دابنێت دەبێت ئێمە بۆ خۆمان رێگەی پێ بدەین و دەبێ ئاسایشیش مۆڵەتی بداتێ". نەجات كە كاری جوملە فرۆشی دەكات لەبارەی هێنانی كاڵاكانی دەڵێ "پێشتر كاڵا و كەرەستەكانمان لەئێران و سوریاوە بۆ دەهات، بەڵام ئێستا لە چینەوە بۆمان دێت، لە بەرئەوەی كاڵای چین ستاندەرە و لەكاڵاكانی سوریا و ئێران باشترە و هەرزانترە".
نەجات باسی لە كڕیارەكانیشی كرد و وتی"ئەو كەسانەی لێرە بەرگی سەربازی دەكڕن پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایشن. پێشتر چەك و فیشەك و دوربین و داری كارەبایمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا لەژێر رێنماییەكانی حوكمەتی هەرێم وازمان لەفرۆشتنی ئەو كەرەستانە هێناوە، تەنها ئەو كاڵا و كەرەستانە دەفرۆشین، كە رێگەپیدراون، هەر دوكانێك كاڵایەكی رێگەپێنەدراو بفرۆشرێت راستەوخۆ ئاسایشی لێ ئاگادار دەكەینەوە. وتیشی ئەگەر عەرەبێك یان كەسێكی نەناسراو بێتە لامان و بیەوێ كاڵایەك بكڕێ نایدەینێ تاكو لێی نەكۆڵینەوەو دڵنیا نەبین ئەو كەسە كێیە".
دواتر نەجات جۆری ئەو شتانەی دیاركرد، كە ئەوان دەیفرۆشن و وتی "كاڵایانەی ئێستا دەیفرۆشرێن قوماش و بەرگ و نیتاق و پۆستاڵ و هەندێ كەرەستەی تری رێگەپێدراوە، پێشتر دارلاستیك دەفرۆشرا، بەڵام لەم دواییەدا قەدەغە كرا". ئەم دوكاندارە هەر لەبارەی كارەكەی خۆیانەوە وتی "ئێمە لەناو خۆماندا نوێنەرمان هەیە و زۆرجار كۆبوونەوەی خۆمان دەكەین". لەكۆتایشدا داواكاری ئەوەبوو كە "حكومەت بەردەوام رێگەمان پێ بدات ئەو كارە بكەین، چونكە هیچ زیانێمان نیە و بژیوی ژیانمان لەسەر ئەو كارەیە، جگە لەئێمە چەندین بەرگدووری تریش هەن لای ئێمە كار دەكەن، كە بژیوی ژیانیان لەسەر ئەو كارەیە، ئیمە دەزانین چ جۆرە بەرگێك سەرفیاتی دەبێت ئەوانە دێنین".
زێدان ئەحمەد دوكاندارێكی تری فرۆشتنی جل و كەرەسەی سەربازییە، لە لێدوانێك وتی"قازانجی ئیشەكە باشە و بژێوی ژیانمانی پێ دەردەكەین. تائێستا كەسی خراپ نەهاتوەتە ئێرە، پێشتر نزیكەی 20 دوكان دەبووین لە بازاڕی حاجی یەحیا، بەڵام كاتێك لە بینای حاجی یەحیا گواستراینەوە بۆ بازاری نیشتمان، لەو بازارەدا بە دوكانێك قەرەبوو كراینەوە لەبەر ئەوەی بازاڕی نیشتمان گونجاو نەبوو بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە كاڵایانە، ناچار دوكانەكانمان بەبەتاڵی جێهێشت و گواستمانەوە ئەم شوێنەی ئیستامان، دواتر ژمارەی دوكانەكان زیادی كرد بۆ 50 دوكان".
رۆستەم سوڵتان پۆلیسی هاتوچۆیە، لەقسەكانی بۆ سڤیل باسی لەپێویستی بوونی ئەو دوكانانە كرد و وتی "ئێمە ساڵی جارێك بەرگمان بۆ دەكڕن، كە ئەوەش بەشمان ناكات، هەندێ جار ئەو بەرگانە دەدڕێن و دەبێ بیدورینەوە، یان دەبێ بیكڕینەوە، كە هەر قاتێك بە 75 هەزار دینارە. ئەو بەرگانەی لەو دوكانانەدا دەفرۆشرێن هەمووی بەرگی باشن و نرخەكانیشیان گونجاوە". هەژار حەسیب كە پێشمەرگەیە، لەبارەی پێویستی بوونی ئەم فرۆشیارانە بۆ ئەوان هەمان بۆچوونی رۆستەمی هەبوو و وتی "نزیكەی سێ ساڵ دەبێت بەرگی سەربازیم وەرنەگرتووە، ئەو بەرگەی وەرمانگرتووە قوماشەكەی ئەسڵ نیە و بەرگەی زۆر ناگرێت، بۆیە ناچار خۆمان بەرگ دەكڕین".
لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر لەلێدوانێكی بۆ سڤیل بەئەرێنی باسی ئەو دوكاندارانەی كرد و وتی "ئەو دوكانانەی جلوبەرگ و كەرەستەی سەربازی دەفرۆشن لەلای ئێمە ناسراون، فرۆشتنی ئەو كەرەستە و بەرگە سەربازیانە ئاساییە، تائێستاش هیچ گیروگرفتێكیان دروست نەكردووە".
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەنوەری حاجی عوسمان سەبارت بەفرۆشتنی كاڵای سەربازی لەبازاردا وتی "ئێستا بازاڕ ئازادە، تا رادەیەكیش زەروورەت هەیە، ئێمە ساڵی دووجار بەرگی سەربازی بە ئەفسەر و سەربازەكانمان دەدەین، لەپایز و هاویندا، جیا لەوەش ئێمە داوا لەكۆمپانیایەك دەكەین بەرگی سەربازیمان بۆ دێنێت، دوو تا سێ قیاسمان بۆ دێنێت، دواتر ئەو سەربازە ئازادە بیگۆرێت یان دەستكاری تێدا بكات، لەڕووی گەورەكردن و بچوكردنەوەی بەرگەكەی".
 

 

  .............. درێژەی ئەم بابەتە لە ژمارە 111ی گۆڤاری سڤیل بخوێنەوە، كە ئێستا لە بازاڕە

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com