یەكێـتی بەڵێـندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی تەندەری چەند پڕۆژەیەكی سلێمانی دەكات  

 

 

سڤیل: سەنگەر عەبدولرەحمان

بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی: ئەو تەندەرانە بەهیچ شێوەیەك هەڵناوەشێنرێنەوە

یەكێتی‌ بەڵێندەرانی‌ كوردستان نیگەرانن لەبێبەشكردنی‌ كۆمپانیا ناوخۆییەكان بەپێدانی تەندەر بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بۆ جێبەجێكردنی‌ پڕۆژەكانی‌ رێگاوبان لەشاری سلێمانی.
بەمەبەستی قیرتاوكردنی ڕێگای سەرەكی سەیدسادق - پێنجوێن و وارماوە – دەربەندیخان و قۆناغی یەكەمی ڕێگای چوارقوڕنە، بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی گرێبەستێكی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بیانی واژوو كردوە، واژووكردنی ئەم گرێبەستانە یەكێتی بەڵێندەرانی نیگەران كردوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، لەبەرامبەریشدا بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی دەڵێت "ئەو تەندەرانە هەڵناوەشنێرێنەوە، چونكە ئەو پڕۆژانە پرۆژەی گەورەن و بە كۆمپانیا خۆماڵیەكان جێبەجێ ناكرێن".
ناجی‌ شێخ عیزەدین وتەبێژی‌ یەكێتی‌ بەڵێندەران لەسلێمانی‌ ئەوەی بە سڤیل ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ڕێگاوبان‌ و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لەسلێمانی‌ بواری‌ بەشداریكردنی‌ نەداوە بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان، بۆ قیرتاوكردنی‌ پڕۆژەكانی‌ سەیدساق پێنجوێن ‌و وارماوە و دەربەندیخان‌ و قۆناغی‌ یەكەمی‌ چوارقوڕنە و چەند جێگەیەكی‌ دیكە، بەڵكو ئەو پڕۆژانە تەنها لەرێی‌ داوای‌ راستەوخۆ دراوەتە كۆمپانیا بیانیەكان.
‌ ناجی ‌شێخ عزەدین زۆری‌ ئاستەنگ‌ و ناڕەحەتی‌‌ و هەڵەی‌ دیزاین‌ و نەبوونی‌ سەڵاحیەت‌ و دواكەوتنی‌ پێدانی‌ پێشینە بەهۆكارگەلێك دەزانێت، كە وای‌ لە كۆمپانیا خۆماڵیەكان كردووە بەلاوازی‌ بێنە پێش چاو، دەشڵێت "بەردەوام بەشانوباڵی‌ كۆمپانیا بیانیەكاندا هەڵدەدرێت، كە لە پارێزگای سلێمانیدا نمونەیەكی‌ خراپیان پێشكەشكردووە".
بەوتەی ناجی شێخ عێزەدین لەسلێمانیدا 30 كارگەی‌ قیر هەیە، كە بژێوی‌ ژیانی‌ 3500 كەس دابین دەكات ‌و لە توانایاندایە كاری‌ قیرتاوكردن ئەنجام بدەن. وتەبێژی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ئاماژەی‌ بۆ ئەوە كرد، كە ئەوان سەردانی‌ بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانیان كردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەو تەندەرانەی‌ دراون بە كۆمپانیا بیانیەكان، بۆ ئەوەی‌ لەبەرامبەردا ئەو پڕۆژانە بدرێنەوە كۆمپانیا ناوخۆییەكان، بەڵام وەك ئەو دەڵێت نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێك، "بۆیە ئێمە لەهەوڵدا دەبین‌ و سەردانی‌ وەزیر و ئەنجومەنی‌ وەزیران دەكەین، تا ئەو تەندەرانە هەڵبوەشێنەوە، چونكە كۆمپانیا ناوخۆییەكان لەتوانایاندایە ئەو كارانە بكەن".
لەبەرامبەریشدا توانا كەمال بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی ئەوەی روونكردەوە، كە ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگن و لەئاستی جێبەجێكردنی كۆمپانیا خۆماڵیەكاندا نین، گوتیشی "لەهەموو دونیا بەو شێوەیە، كە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەكان كاتێك لەتوانای كۆمپاینا ناوخۆییەكاندا نین، بۆ جێبەجێكردنیان پەنا بۆ كۆمپانیای بیانی دەبردرێت".
جەختیشی كردەوە، كە كۆمپانیا خۆماڵیەكان بەهۆكاری نەبوونی كادر و كارمەندی شارەزا و نەبوونی رێوشوێن و تەكنیك و ئامێری سەردەمیانە، هەروەها نەبوونی ئەزمون و كەمتوانایی كۆمپانیاكان، ناتوانرێت ئەم پرۆژە ستراتیژیانە لەلایەن ئەوانە جێبەجێ بكرێت، بۆیە پەنا بۆ كۆمپانیای بیانی براوە.
گوتیشی "هیچ هۆكارێكی تر لەدوای ئەم هەنگاوەی ئێمەوە نیە، تەنها ئەوە نەبێت، كە كۆمپانیا خۆماڵیەكان ناتوانن ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكەن".
لەبارەی پێدانی پرۆژەكانی ڕێگاوبان بە كۆمپانیا نێوخۆییەكان، بەڕێوەبەری رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی "ئێستا چەندین پڕۆژە بەبڕی زیاتر لە 20 ملیار دینارە دراوە بەچەند كۆمپانیایەكی نێوخۆیی، ئەگەر ئەوان لەم پرۆژانە سەركەوتوو بن و كادری باش و ئامێری تازە بێنن، رەنگە لەداهاتودا پڕۆژەی گەورەتریان بدەینێ".
پڕۆژەی رێگای سەیدسادق – پێنجوێن بریتیە لە قیرتاوكردنی 18 كیلۆمەتری دوو ساید بەبڕی 50 ملیار دینار، رێگای وارماوا – دەربەندیخان بریتیە لەقیرتاوكردنی 22 كیلۆمەتری یەك ساید و نۆژەنكرنەوەی جادە كۆنەكە بەهەمان شێوە، تێچووی ئەم پڕۆژەیەش 50 ملیار دینارە، هەروەها بڕی تێچووی قۆناغی یەكەمی رێگای چوارقوڕنە بریتیە لە 40 ملیار دینار.
لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتی بەڵێندەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەندەری ئەو پڕۆژانە، توانا كەمال جەختی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئەو تەندەرانە هەڵناوەشێنرێنەوە، چونكە ئەوان "باشترین" رێوشێنیان گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە، گوتیشی "هەموو هەنگاوەكان بەراوێژ و پرس و ڕا كراوە لەگەڵ خەڵكانی شارەزا و لایەنە پەیوەندارەكان و پارێزگای سلێمانی و وەزارەتدا، كە ئێمە ناتوانین ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانە بیدەین بەكۆمپانیا ناوخۆییەكان".گوتیشی "كۆمپانیاكان پێش ئەوەی ئەو داواكاریانەیان هەبێت، جارێ با بچن ئاستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان بەرز بكەنەوە، ئەندازیاری باش و كادری شارەزا دابین بكەن، ئامێر و تەكنیكی نوێ بێنن، ئەو كاتە ئێمەش دەتوانین مامەڵەیان لەگەڵ بكەین".
بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی هەروەها گوتی "سیاسەتی چۆنیەتی كاركردن و دابەشكردنی پڕۆژەكان بەسەر كەرتەكاندا و رادەستكردنیان، لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەتەوە دەكرێت نەك یەكێتی بەڵێندەران".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com