د. حەمزە داود جێگری سەرۆكی زانكۆی دیجلە:  لەماوەی ڕابردوو یەكێـتی قوتابیان دەستێوەردانێكی ئاشكرایان لەكاروباری زانكۆی دیجلەدا هەبوو  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

نیازی زیادكردنی كرێی خوێندنمان نیە و ساڵی ئایندەش دەڕۆینە بینا تازەكەمان

دكتۆر حەمزە داود عوبەیدی، جێگری سەرۆكی زانكۆی دیجلە بۆ یەكەم جار لەرێگەی گۆڤاری سڤیلەوە زانیاری تازە دەربارەی كێشەكانی زانكۆی دیجلە دەخاتەڕوو، ئاماژەش بەوە دەكات، كە"بۆ ئەمساڵ قوتابی وەرناگرین، رێگە بەهیچ لایەنێكی سیاسی و رێكخراوێكیش نادەین دەست وەربداتە كاروباری زانكۆی دیجلە".

سڤیل: زانكۆی دیجلە كەی كراوەتەوە؟ بەشەكانی لەچی پێكهاتووە و رێژەی قوتابیانتان چەندە؟
د. حەمزە: زانكۆی دیجلەی ئەهلی لەساڵی 2004 لەبەغدا كراوەتەوە، لقی هەولێری زانكۆی دیجلە لەكۆتایی ساڵی 2008 كرایەوە، ئێستا چوار بەش لەزانكۆكەماندا هەیە ئەوانیش (یاسا، كۆمپیــوتەر، ئیدارەی كار، دارایی و بانك)ن، رێژەی قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆی دیجلە لەئێستادا بەهەموو بەشەكانەوە نزیكەی 1800 خوێندكارە.
سڤیل: ئایا بەنیاز نین سەرجەمی ئەو بەشانەی لەبەغدا هەیە لەكوردستان بیكەنەوە؟
د. حەمزە: ئێستا لەبەغدا هەشت بەشمان هەیە وەك زانكۆیەكی ئەهلی، بەڵام لەهەولێر چوار بەشە، چونكە تائێستا مۆڵەتی كردنەوەی بەشی دیكەمان نیە، بەڵام لەبەغدا چەند بەشێكی دیكە دەكەینەوە. هەوڵ دەدەین لەساڵانی داهاتوو دەرگا بەرووی خویندكاراندا بكەینەوە بۆ ئەوەی دەرچووانی زانكۆی دیجلە لەهەركوێ بن بتوانن لەماستەر و دكتۆرا بخوینن، تەنانەت، دەرچووانی زانكۆكانی دیكەش بتوانن لەدیجلە بخوینن لەبواری ماستەر و دكتۆرا.
سڤیل: بەرنامەتان هەیە دەرچووانی زانكۆی دیجلە لەهەولێر بتوانن لەبواری دكتۆرا و ماستەر لەهەولێر بخوینن نەك لەبەغدا؟
د. حەمزە: ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە ئایا چەند قوتابیان دەیانەوێت لەماستەر و دكتۆرا بخوێنن؟ بۆیە ئەگەر خوێندنی بواری ماستەر و دكتۆرا لەزانكۆی دیجلە كرایەوە، ئەوكات بەدڵنیایەوە كار بۆ ئەوە دەكەین لەهەولێریش بەهەمان شێوە بكرێتەوە، چونكە ئەولەویەت یەكەم جار دەدرێت بەزانكۆی دیجلە لەبەغدا، چونكە ئەو زانكۆی دایكە.
سڤیل: بۆچی زانكۆی دیجلە لەبواری راگەیاندن زۆر لاوازە و تائێستا نەیتوانیوە سایتێكی تۆكمە و گۆڤاری تایبەت بەخۆی و ناوەندی راگەیاندنی هەبێت؟
د. حەمزە: لەئێستادا سایتەكەمان كارایە، بەتایبەت ناوی بەشەكان و وانەكان و مێژووی زانكۆ و ناوی مامۆستا و هتد.. تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ژماریەكمان لەگۆڤارێكی تایبەت بەزانكۆی دیجلە وەك ئەزموون دەركردووە، بەپێی ئەو كەسەش كە دەنوسێت دەتوانرێت بەزمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بنوسن.
سڤیل: وەزارەتی خویندنی باڵا بۆ ئەمساڵ بۆچی رێگەی پێنەدان قوتابی قوناغی یەكەم وەربگرن؟
د. حەمزە: بەهۆی ئەوەی ساڵی پار ئیدارەی زانكۆ بەدەست كۆمەڵە كەسێكەوە بوو، كە لاواز بوون لەبەڕێوەبردن، بۆیە وەك زانكۆی دیجلە هەمان رامان هەبوو، كە بۆ ئەمساڵ قوتابی وەرنەگرین، چونكە بیناكەمان زۆر بچوكە و لەهەمان كاتدا رێژەی قوتابیمان زۆرترە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تۆكمەتر كارەكانمان رایی بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوینە بینا تازەكەمان، ئەوكات بڕیارە قوتابی لەساڵی ئایندە وەك قوناغی یەكەم وەربگرین.
سڤیل: بەشێك لەرێكخراوەكانی قوتابیان گلەی و گازندەی ئەوەیان هەیە، كە رێكخراوی یەكێتی قوتابیان دەستێوەردانی هەیە لەزانكۆكەتان، لەماوی رابردوو رێكخراوەكە فۆرمی ئەندامیەتی لەزانكۆ دابەش كردووە؟
د. حەمزە: لەماوەی رابردوو یەكێتی قوتابیان دەستێوەردانێكی ئاشكرایان هەبوو لەكاروباری زانكۆ، بەڵام بەپێی رێنماییەكانی زانكۆ سەرجەمی رێكخراوەكان و حیزبەكان رێگەیان پێنادەین دەست وەربدەنە كاروباری زانكۆ، سەرجەمی كارەكانی ناو زانكۆ پێویستە لەرێگای نوێنەرەكانەوە بەڕێوە بچێت، بۆیە ئەگەر سەیرێكی تابلۆی ئاگاداریەكانی زانكۆ بكەێت بەئاشكرا هەستی پێدەكەیت، كە سەرجەمی قوتابیان كە غایب بوونە، وەك یەك ناویان هەڵواسراوە، گەر ئەندامی هەر رێكخراو و حیزبێك بێت. دابەشكردنی فۆڕمی ئەندامیەتی رێكخراویی و حیزبی لەدەرەوەی زانكۆ ئەنجام دراوە، بۆیە ئێمە بەرپرسی ئەوە نین، بەڵام رێگا نادەین لەناو زانكۆ بكرێت.
سڤیل: لەماوەی رابردوو زانكۆكەتان كێشەی زۆری هەبوو، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی بەڕێزتان چ گۆڕانكاریەكتان لەكۆلێژ كردووە؟
د. حەمزە: ناڵێم شانازی بەوەوە دەكەم كە كردوومە، بەڵام هەر شتێكم كردووە لەپێناو قوتابیان و بۆ خزمەتكردنیان بووە، بۆ نمونە كارم لەسەر ئەوە كردووە دادپەروەری هەبێت لەناو قوتابیان لەبواری رێگاگرتن لە غیابات و دەستكاریكردنی نمرەی خویندكاران و واستە و واستەكاری نێوان قوتابیان و مامۆستایانم نەهێشتووە، داوام لەمامۆستایان كردووە پەیوەندیان ئاسایی بكەنەوە لەگەڵ قوتابیان و غیاباتی ماوە دوور و درێژم كەمكردۆتەوە، بۆ نمونە قوتابی هەبووە غیاباتی زۆری هەبووە و داوای موڵەتی كردووە بەهۆی بەرپرسیاریەتی یان پلەی حیزبی و ئیداری، بەڵام ئەوەم نەهێشتووە، پێویستە قوتابی دەوام بكات، ئەگەر دەوام نەكات و ماوەی یاسایی تێپەری كرد، ئەوكات فەسڵ دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستای تایبەتم بۆ زانكۆ دابین كردوە لەبواری جیاوازی تایبەت بەوانەكان، ماوەی وانە وتنەوەی مامۆستایانم كەمكردۆتەوە و رێژەی مامۆستایانم زیادكردوە، تا بتوانن وانەكان بەشێوەیەكی باشتر بەقوتابیان بڵینەوە، سەرچاوەی كتێبخانەكەم زیادكرد، بەشێك لە قوتابیان پەیوەندی رادەبەردەریان هەبوو لەگەڵ هەندێك مامۆستا و بۆ مەبەستی دیكە بەكاریان دەهێنا، بۆیە ئێستا رێگەنادەم بەو شێوەیە قوتابی و مامۆستا پەیوەندیان بەیەكەوە هەبێت، بەڵكو پەیوەندیەكەم گەیاندە ئاستی ئاسایی خۆی، ئەویش لەسەر رێزگرتن سەرچاوەی گرتووە.
سڤیل: وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستخوشی هەبووە بۆ ئەوەی وەك زانكۆیەكی ئەهلی كرێی خوێندنتان زیاد نەكردووە، ئایا پارەی خویندن بۆ ساڵی ئایندە زیاد ناكەن؟
د. حەمزە: بەڵی بۆ ئەمساڵ بەو شێوەیە بوو، بەرنامەشمان نیە بۆ زیادكردنی كرێی خوێندن، سەرجەمی ئەوانەشی پلەیەك بوون بەخشراون لەكرێی خوێندن و ئەوانەشی لەقوناغی یەكەم پلەی باش بەدەست دەهێنن خەڵات دەكرێن و مەراسمیان بۆ ڕێك دەخەیەن.
سڤیل: قوتابیان لەدڵەڕاوكێی ئەوەدا دەژین، كە ئایا بڕوانامەكانیان دانی پێدا دەنرێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە یاخود نا؟
د. حەمزە: زانكۆی دیجلە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانی پێدانراوە، بۆ نمونە سەرجەمی دەرچووانی قوناغی چوارەم لەبەغدا بڕوانامەكانیان دانی پێدانراوە، لەسەر ئاستی جیهانیشدا دیجلە دانپێدانراوە، گەر قوتابی نمرەی باشت هەبێت لەهەموو زانكۆكانی جیهان دەتوانێت بخوێنێت، بۆیە دەتوانم بڵێم زانكۆی دیجلە وەك هەندێك زانكۆی كوردستان نییە، كە بڕوانامەكانیان لەبەغدا دانی پێدا نەنراوە، بۆیە گەر سەیری تابلۆكان بكەن ئەو دەستخۆشیانە دەبینن، كە حكومەتی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ زانكۆی دیجلە رەوانەی كردوە، ئەوە دەیسەلمێنی زانكۆكە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانی پێدانراوە.
سڤیل: كتێبخانەی زانكۆكەتان لەرووی سەرچاوەوە زۆر لاوازە و تا ئێستاش ئینتەرنێتتان نیە؟
د. حەمزە: راستە كتێبخانەكەمان كتێبی كەمە، بەڵام كۆمەڵێك كتێبی باشمان بۆ هاتووە لەكتێبخانەكە دایدەنێین، راستە ئەنتەرنێت لەكولێژ نیە، بەڵام پێشتر هەبوو بۆ مەبەستی دیكە بەكاردەهێنرا و كاریگەری خراپی هەبوو، بۆ نمونە زۆر قوتابی بۆ چات و كات بەسەربردن بەكاری دەهێنا، ئێستاش ئەنتەرنێت دادەنێینەوە، بەڵام زیاتر بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی زانستی و دەبێ لەچوارچێوەی كۆلێژ بەكار بهێنرێت.
سڤیل: هۆكاری چیە لەگەڵ دەستبەكاربوونت ژمارەی مامۆستا كوردەكانی ناو زانكۆ كەم كرایەوە؟
د. حەمزە: مامۆستا جوامێر سەفەری كردووە، حاكم سەردار كاری دیكەی هەبوو، تەنیا مامۆستا عاسی دەركراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی رێنماییەكانی زانكۆی جێبەجێ نەدەكرد، بەهۆی پەیوەندی بەرفراوانی لەگەڵ قوتابیان، بەڵام سەرجەم مامۆستا كوردەكانی دیكە لە كولێژ ماون.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com