|
سڤیل:
زیاد ئیسماعیل
لەبەر جێبەجێكردنی رێنمایی نەخۆشخانە
كارمەندانی پرسگە هەڕەشەیان لێدەكرێت
لەگەڵ كردنەوەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی
رۆژئاوای هەولێر، ژمارەی نەخۆشخانەكانی
فریاكەوتن لەو شارەدا بووە چوار، بەمەش
تاڕادەیەك فشاری سەر نەخۆشخانەكانی تری
فریاكەوتن كەمبۆوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش
جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە نەخۆشخانەكەیان
چەندین كێشەی تەندروستی لەهەولێر كەمكردۆتەوە.
تەحسین میران لەبەردەم نەخۆشخانەكە
بەنیگەرانیەوە وەستابوو، براكەی تەحسین بە
رووداوی هاتوچۆ بریندار ببوو و گەیاندرابووە
نەخۆشخانە، تەحسین گلەییەكەی لەبەڕێوەبەرایەتی
نەخۆشخانە ئەوەبوو، كە خزمەكانی زۆر
هەوڵیانداوە بچنەژوورەوە بۆ بینینی براكەی و
ئاگاداربوون لەتەندروستی، بەڵام لەپرسگە
رێگەیان نەدابوو لەیەك كەس زیاتر
بچێتەژوورەوە، تەحسین گوتیشی "بەتایبەتی
ژنەكان زۆر هەوڵیانداوە خۆیان بگەینە ژوورەوە،
بەڵام هەر سودی نەبوو".
بەهۆی جێبەجێكردنی رێنمایی نەخۆشخانە وەكو
بەرپرسی پرسگە ئاماژەی پێدەدات، هەڕەشەو
جوێنیان پێ دەدرێت، دانەر محەمەد بەرپرسی
پرسگەی نەخۆشخانەكەیە، لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل)
گوتی "ئێمە ژمارەمان 12 كەسە بەردەوام
بەیانیان چوار كەس لەپرسگەیە" دانەر بەدەوام
دەبێت لەقسەكردن و دەڵێت "بەپلەی یەك كێشەی
ئێمە لەگەڵ كەسوكاری نەخۆشە". دانەر چەند
رووداوێكی دەگێڕێتەوەو دەڵێت "رۆژێك لەپرسگە
بووم، خەڵكانێك لەدەرەوە بەردیان لەئێمە
دەگرت، جوێنیان پێدەداین، هەتا جارێك
سەیارەمان هەبووە جامەكەیان شكاندووە، خەڵكی
وا هەیە ملازمە تەهدیدمان دەكات". گوتیشی "جگە
لەوانەش برادەرێكمان لەپرسگە ئیشی لەیەكێك
لەفەرمانگەكان هەبوو، لەوێ پیپیان گوتبوو بڕۆ
دوو هەفتەی دیكە وەرە، لەبەر ئەوەی
لەنەخۆشخانە ئێمەت رەوانەی ژوورەوە نەكردبوو".
كرێكارێكی بەنگلادیشی لەسەر قەرەوێڵەیەكی
نەخۆشخانەكە بەسەری پێچراویەوە راكشابوو،
سەردار ئەسعەد تەمەن 34 ساڵ كە لەتەنیشت
كرێكارەكە بەنگلادیشیەكە وەستابوو، سەردار بۆ
(سڤیل) باسی لەو كرێكارە كردو گوتی "ئەو
نەخۆشە ناوی عەباسە لەگەڵ من بەیەكەوە لە
كۆمپانیایەك كاردەكەین، لەكاتی پەڕینەوە
سەیارەیەك خۆی لەعەباس داوە برینداری كردووە".
سەردار لەبەردەوامی قسەكانیدا ئاماژە بەوەشكرد
كە ئەو بەتەنها لەلای ئەو نەخۆشەیە ئەوەندەش
بەسە، چونكە ئەوان لە نەخۆشخانە كارمەندیان
هەیە، هەركاتێك ئاگاداری بكەیەوە دێت و
هاوكاریت دەكات، "ئیتر پێویست بەو قەرەباڵغیە
ناكات".
بەشێكی گرنگی نەخۆشخانە تاقیگەیە، تاقیگەی
نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر ئەویش
پێكهاتووە لەبەشەكانی (بانكی خوێن، بەشی
بەكتریۆلۆجی، كیمیا، هۆڕمۆنات و هیماتۆلۆجی)
پەرژین فەتاح لەتاقیگەی نەخۆشخانەكە دەڵێت
"پێداویستییەكانی فریاكەوتنمان هەیە، بەڵام
بڕیارە كۆمەڵێك ئامێری پێشكەوتووترمان بۆ
بێت". پەرژین داوایشی دەكرد، كە شوێنێكی
تایبەت هەبووایە بۆ بانكی خوێن باشتر بوو،
نەوەك لەناو تاقیگەكە بوایە!
دیار ئەبابەكر لەبەشی تیشكی رەنینی موگناتیسیە
كە ئەم بەشە بۆ دیاریكردنی هەركێشەیەك لەلەشی
مرۆڤدا هەبێت ئەم تیشكە موگناتیسیە دیاری
دەكات، دیار پێیوایە ئەو ئامێرانەی
لەبەشەكەیان هەیە زۆر پێشكەوتووترە بە بەراورد
لەگەڵ ئەوانەی لەنەخۆشخانەكانی دیكە هەیە،
داواشیان كردووە هەندێك ئامێری دیكەشیان بۆ
بهێندرێت.
ئەو دەرمانانە نرخەكانیان لەسەرووی 50
دۆلاریشەوەیە، لەدەرمانخانەی فریاكەوتنی
رۆژئاوا دەستدەكەوێت، هەرنەخۆشێكیش بەگوێرەی
پێویست دەرمانی پێی دەدرێت، لاجان فەرهاد
لەبەشی دەرمانخانەی نەخۆشخانە بۆ (سڤیل) گوتی
"تائێستا جگە لەم نەخۆشخانەیە لەدوو
نەخۆشخانەی تر ئیشم كردووە، بەڵام ئەم
نەخۆشخانەیە نەخۆشخانەیەكی پڕۆفیشناڵە، ئەو
دەرمانانەی ئێمەش هەمانە باوەڕناكەم لەهەموو
نەخۆشخانەیەك هەبێت، بۆ نمونە ئەلبومین بە 50
دۆلارە، لێرە زیاتر لەجارێك بە نەخۆش دەدرێت،
واتە ئەو بەخشینی دەرمانەی لێرە دەكرێت
لەنەخۆشخانەكانی دیكە ناكرێت، هەروەها ئەو
دەرمانانەی سەرەكین لەشوێنی دیكە نییە، ئێمە
هەمانە لەبەرئەوەی بەشی سوتانمان هەیە". لاجان
ناوەناوە هەڵدەستایەوەو دەرمانی بەو كەسانە
دەدا، كە بۆ داواكردنی دەرمان روویان
لەپەنجەرەی دەرمانخانەكە دەكرد، دواتر
دەگەڕایەوە سەر باسەكەی، لەدوا قسەكەیشی گوتی
"ئەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشیەكانی هەناو
بەكاردێت، لەوانەیە هەموویان نەبن، بەڵام شكان
و سوتان 100% هەمانە".
د.نەبەرد سرود سەرۆكی پزیشكان لەنەخۆشخانەی
فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر، نەهاتنەژوورەوەی
زیاتر لەیەك هاودەمی نەخۆش بە شتێكی باش
دەزانێت و پێیوایە لەبەرژەوەندی نەخۆش و
نەخۆشخانەدایە و كارئاسانیەكی باشە بۆ پزیشكان
و پەرستارەكانیش بەشێوەیەكی رێكوپێك ئیشەكانی
خۆیان ئەنجام بدەن، نەبەرد دەشڵێت "كەسوكاری
نەخۆش تا لەنەخۆشەكە دووربن باشترە، بەڵام
ئەگەر كەسێك بزانین گومانی ژیانیان لێدەكرێت،
رێگە بەكەسە نزیكەكانی وەكو خوشك، برا، ژن،
مێرد، دایك و باوك دەدرێت هەریەكەیان چارەگە
سەعاتێك بیبینن" د.نەبەرد دواتر لەبارەی
نەخۆشخانەكەوە دواو گوتی "یەكێك لەلایەنە
باشەكانی ئەو نەخۆشخانەیە ئەوەیە هەموو
بەشەكان لەیەكتر نزیكە زۆركاتمان بەفیڕۆناچێت
بۆ گواستنەوەی نەخۆش، هەروەها پێنج بەشمان
هەیە لەرۆژێكدا 24 كاتژمێر لەناو نەخۆشخانە
دەمێنێتەوە وەك نەشتەرگەری گشتی، جوانكاری،
شكان، مێشك، سڕكردن هەندێك پشكنینی ڤایرۆسات
كە ساكارترین نمونەیە باوەڕناكەم لەهیچ
نەخۆشخانەیەكی دیكە بەو خێرایە ئەنجامبدرێت،
بێش هەموو نەشتەرگەریەكیش ئەو پشكنینە دەكەین
بۆ ئەوەی ئاگاداری نەخۆشە گوازراوەكان ببەین
بۆكەسەكانی دیكە".
دكتۆر نەبەرد رەتی كردەوە، كەوا رێژەكانی زۆری
مردنی نەخۆش لەفریاكەوتنی رۆژئاوا هۆكارەكەی
كەمتەرخەمی پزیشك و پەرستارەكان بن، بەڵكو
هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ زۆرترین رێژەی مردن
لەو بەشەیە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە
"بەهۆی زۆری رێژە و نمرەكانی سوتانەوەیە،
زۆرترینیشیان لەرەگەزی مێینەن و تەمەنیان لە
20 بۆ35 ساڵیە، ئەوانەی لێرەن خزمەتیان لە
10ساڵ كەمتر نیە، لەشوێنی تر كاریانكردوە
ئەگەر رێژەی سوتانەكە لە 70%زیاتر بێت، گومانی
مردنی كەسە سوتاوەكە زیاتر دەبێت".
نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر لەسەر
فەندی هاوڵاتیانی ئەمریكی دروستكراوە، ئامێرو
پێداویستیەكانی لەلایەن پارێزگاری هەولێرو
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر
دابینكراوە، ئەم نەخۆشخانەیە 180 قەرەوێڵەیە 9
هۆڵی نەشتەرگەری تێدایە، 4 نهۆمە بەشێوەیەكی
فەرمی لە 15/3 كراوەتەوە، تائێستا پێشوازی لە
17628كەس كردووەو لەنێویشیاندا 8413 یان
پێشوازی لەرووداوەكان بووە كە 4045 پیاو و
4368 یان ئافرەت بووە، هەروەها 9215 پێشوازی
لەسوتان كراوە و كە تێیدا 4491 پیاو و 4724
ئافرەت بووە، هەروەها 1433 نەشتەرگەری گشتی
تێدا ئەنجام دراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای
هەولێر نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دیاردەی
سەردانیكردنی بەكۆمەڵ بۆ لای نەخۆش دەربڕی
بەدیاردەیەكی ناشارستانی و ناتەندروستی
ناودەبرد، گوتیشی "هەر رووداوێك رووبدات، دوو
عەشیرەت روو لەنەخۆشخانەكەمان دەكەن، یەكێك
بنەماڵەی خاوەن رووداوەكەیە، ئەوی دیكەش ئەو
كەسەیە كە تێیدا زەرەرمەند بووە". بۆ
رێگەگرتنیش لەو دیاردە ناتەندروستیە گوتی
"ئێمە جگە لەیەك كەس بۆ رێنمونیكردنی نەخۆش
رێگە بەكەسی تر نادەین بێنە ژوورەوە ئەمەش
لەبەرژەوەندی نەخۆشدایە". د.سامان لەقسەكردنی
بەردەوام بوو و ئەوەشی گوت كە "لەهەموو دونیا
سێ بەش هەیە لەناو نەخۆشخانە قابیلی قبوڵكردن
نیە بەهیچ شێوەیەك جگە لەنەخۆش كەسی تر بچێتە
ژوورەوە، ئەویش هۆڵەكانی نەشتەرگەری، بەشەكانی
چاودێری چڕی گشتی و هەناسەدان و بەشی سوتان".
د.سامان حسێن بەرزنجی دواتر لەسەر دروستكردنی
نەخۆشخانە گوتی "ئەم نەخۆشخانەیە بەشێوەیەكی
پێشكەوتوو دروستكراوە هەر نەخۆشێك ژووری
تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی نەخۆشەكانی سوتان
بەگوێرەی پلەكانی سوتان جیایان بكەینەوە
لەژوورەكانی نەخۆشخانەكەمان بانگكردنی دكتۆر و
پەرستار بەكۆنتڕۆڵە پێویست ناكات، هەموو
خێزانەكەی نەخۆش بێن بانگی پزیشك بكەن".
دواتر هەر لەسەر گرنگی فریاكەوتنەكەیان
ئاماژەی بەوەدا كە "لەهەولێر 3 كێشەمان هەبوو
سوتان كە شوێنەكەیان باش نەبوو، بەشی شكان كە
نەشتەرگەری گەرماوگەرمی لێنەدەكرا، كەمی
ژمارەی قەرەوێڵەكان و كردنەوەی ئەم
نەخۆشخانەیە بۆتە هۆی نەهێشتنی ئەم كێشانە". |