رۆژنامەنوسانی عێراق چۆن چاویان لە نەوتی وڵات دەبێت؟  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

"رۆژنامەنوسانی عێراق هیچ زانیاریەكیان لەبارەی نەوت و گرێبەستەكان و قازانجی حكومەت و كۆمپانیاكان نیە"

"شارەكەم بەنەوت داپۆشراوە، شەو و رۆژ سیاسیەكانی عێراق لەسەر نەوتەكەی شەڕیانە، بێ ئەوەی هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانی شاری كەركوك ئاگاداری رێژەی ئەو نەوتە بن، كە رۆژانە لەشارەكەیان دەردەهێنرێت". ئەمە وتەی (چیا نوری) رۆژنامەوانێكی شاری كەركوكە.
چیا كە تەمەنی (29) ساڵە، دوای چەند ساڵ ئاوارەیی بەهۆی سیاسەتەكانی سەدام دژ بەكورد لەشارەكە، لەدوای ئازادی عێراق لەساڵی 2003 گەڕاوەتەوە شاری كەركوك، بۆ ماوەی 8 ساڵ دەبێت دەستی داوەتە كاری رۆژنامەوانی. ئەو كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو چەند جارێك هەوڵی داوە راپۆرت لەبواری نەوت ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی رێگریی بەرپرسانی بواری نەوت نەیتوانیوە. چیا وتی"بەرپرسانی كۆمپانیای نەوتی باكوور و بەرپرسانی حكومی شارەكە لەبواری نەوت ئامادە نین زانیاری بدركێنن".
رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەكوردستان بەهاوكاری هەریەك لەرێكخراوی (NPA، مەسەلە، گرۆپی رۆژنامەنووسانی كەركوك) خولێكی بۆ رۆژنامەنوسانی عێراق كردۆتەوە لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی راپۆرت و وتاری رۆژنامەوانی لەبواری سامانە سروشتیەكان (نەوت و غاز و ئاو). كردنەوەی ئەم خولەی رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەكاتێكدا دێت، كە یاسایەكی زۆر كۆنی عێراق كاری پێدەكرێت، بۆ دیاریكردنی یاسایەكی نوێی پیشكەوتوو مشتومرێكی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی عێراقدا هەیە، بەتایبەت لەسەر یاسای نەوت و غاز، تا ئێستا كوتلە پەرلەمانیەكان نەگەیشتونەتە بڕیارێكی هاوبەش.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشبینی كردووە لەئێستاوە تاساڵی 2035 عێراق ببێتە گرنگترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەمەش گەشەدان بەپیشەسازی وزە لەوڵاتدا كاریگەری گەورە لەبازاڕەكانی نەوت جێدەهێڵێت.
رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەكوردستان (IMCK) لەساڵی 2008 دامەزراوە، لەژێر دروشمی "میدیا لەخەڵكەوە بۆخەڵك" دەستی كردۆتە كاركردن لەبواری كردنەوەی خولی بواری راگەیاندن لەبوارە جیاوازەكان بۆ رۆژنامەنوسانی عێراق. خولەكەی رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەسێ قۆناغی جیاواز بەڕێوە دەچێت، لەماوەی رابردوو وۆركشۆپی یەكەمی بۆ 30 رۆژنامەنووسی عێراق بەڕێوە چووە، لەئێستاشدا وۆركشۆپی دووەم بۆ 20 رۆژنامەوانی عێراق لەهەولێر دەستی پێكردووە، لەرۆژانی 10/12 بۆ 15/12 بەڕێوەچوو، وابڕیارە لەمایس ساڵی 2012 وۆركشۆپی خولەكە بەڕێوە بچێت.
یاد جەلال رێكخەری پڕۆژەكان لەرێكخراوی میدیای سەربەخۆ دەربارەی چۆنیەتی دیاریكردنی رۆژنامەنوسان ئاماژە بەوە دەكات، دیاریكردنی رۆژنامەنوسان بەپێی مێژووی كاركردنی رۆژنامەوانەكە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا پشت بەسەیركردنی سیڤی رۆژنامەنوسەكە بەستراوە.
رێكخەری پڕۆژەكانی رێكخراوی میدیای سەربەخۆ بە(سڤیل)ی راگەیاند "لەرێگای ئەم خولەوە دەمانەوێت رۆژنامەنوسانی عێراق ئاشنا بكەین بەتازەترین زانیاریەكانی بواری سامانە سروشتیەكان لەجیهان، لەرێگای رۆژنامەوانی تایبەتمەند و كەسایەتیە شارەزاكانی بواری نەوت لەعێراق".
یاد ئاماژە بەوە دەكات، رۆژنامەنوسانی عێراق زانیاریەكانیان لەسەر نەوت لە وڵاتەكەیان لەئاستی پێویست نیە، بۆیە پێویستە لەرێگای خولی لەو جۆرەوە كۆمەڵێك رۆژنامەوانی تایبەتمەندی بواری نەوت دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بەدوای زانیاری لەسەر نەوتی وڵاتەكەیان و چۆنیەتی گرێبەستەكان و پەیوەندی كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتدا بچن.
سۆران رەحمان بەڕێوەبەری گروپی رۆژنامەنوسانی كەركوك بە (سڤیل) راگەیاند گروپی رۆژنامەنوسانی كەركوك پێشتر پڕۆژەیەكی هاوشێوەی لەكەركوك هەبووە، بۆیە هەر خولێكی لەو شێوە بكرێتەوە پاڵپشتی دەكەین، چونكە دەمانەوێت رۆژنامەنووسانی عێراق، ئاشنا بكەین بەوەی بتوانن "رۆڵی چاوی هاوڵاتیانی عێراق ببنین لەچۆنیەتی مامەڵكردنی حكومەت لەگەڵ بواری نەوت و گازی وڵات".
سۆزان ئەحمەد، كە بۆماوەی 4 ساڵە دەستی داوەتە كاركردن لەبواری رۆژنامەنوسی، ئاماژە بەوە دەكات، ئەسڵی كێشەی نەوت لەعێراق نەبوونی شەفافیەت و نارۆشنی گرێبەستەكان و نەزانینی داهاتی ئەو كۆمپانیایانە و چۆنیەتی پەیوەندیانە بەحكومەتەوە، بۆیە دەتوانرێت لەرێگای خولی لەو جۆرەوە ئەو سەرە داوانە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن زانیاری بگوازینەوە بۆ هاوڵاتیان.
سۆزان كە توانیویەتی قۆناغی یەكەمی خولەكە بەسەركەوتوویی تەواو بكات و بەشداری قۆناغی دووەمی خولەكەیە بە(سڤیل)ی راگەیاند كاتی ئەوە بەسەرچووە، كە كەسایەتیە سیاسیەكانی عێراق زانیاری لەهاوڵاتیان بشارنەوە، پێویستە رۆژنامەنوسانیش بەشێوەیەكی وردتر و پڕۆفیشناڵانەتر لەگەڵ بابەتە رۆژنامەوانیەكان مامەڵە بكەن و زانیاری نوێ بەهاوڵاتیانی عێراق بدەن".
وۆركشۆپی یەكەمی خولەكە لەرێگای كەسانی شارەزای بواری نەوت لەسەر هەریەك لە (مێژووی نەوت لەعێراق، ئاوی هەولێر، هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە بەهۆی كاریگەری سامانە سروشتیەكان، چۆنیەتی دەرهێنانی نەوت) بەڕێوەچوو، لە وۆركشۆپی دووەم (پەیوەندی كۆمپانیای شیلل لەگەڵ حكومەت، شەفافیەتی نیودەوڵەتی و پەیوەندی بەعێراقەوە) و چەند بابەتی دیكە بۆ رۆژنامەنووسان روون كرایەوە).
عەدنان میاح، یەكێكە لەوانەبێژەكانی دووەم وۆركشۆپی خولەكە، ئاماژەی بەوە كرد، كە وڵاتانی جیهان چۆن كار لەسەر شەفافبوونی زیاتر دەكەن و هەوڵەكانی عێراق لەكوێ دایە، كۆمەڵێك ئاماری نافەرمیشی دەربارەی ئاستی ئاڵوگۆڕە ئابورییەكانی نەوت لەعێراق خستەروو. عەدنان بە (سڤیل)ی راگەیاند "لەرێگای ئەو خولەوە بۆم دەركەوت، كە هێشتا رۆژنامەنوسانی عێراق زانیاریان لەبواری نەوت زۆر كەمە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبواری زانیاری ئابووری زۆر لاوازن".
رۆژنامەنووسە كەركوكیەكە ئاماژە بەوە دەكات، "نادیاری گرێبەستەكان و چۆنیەتی مامەڵكردن لەگەڵ نەوت گەورەترین كێشەی بەردەم رۆژنامەنوسانی كوردستان و عێراقە، بۆیە باسكردنی شەفافیەت لەبواری نەوت بۆر رۆژنامەنوسان گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە".
دیگۆ پریز، بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانی كۆمپانیای شیلل (بەسڤیل)ی راگەیاند"رۆژنامەنوسانی عێراق پێویستە زانیاری تەواویان سەبارەت بەمێژووی نەوت و چۆنیەتی ستراتیژی نەوت هەبێت، ئەوكات بیرۆكەی كركردنیان فراوان دەبێت و دەتوانن بەدوای پرسیارەكانیاندا بگەڕێن".
دیگو بەهەناسە هەڵكیشانەوە وتی "بەداخەوە لەكاتی وتنەوەی وانەكەم لەبواری زانیاری سەرەتایی دەربارەی نەوت بۆم دەركەوت، رۆژنامەنوسانی عێراق تەنیا لەبواری وەبەرهێنان زانیاریان لایە، بۆیە پێویستە رۆژنامەنوسان بتوانن لەبواری گرێبەستەكان و گەشەپێدانی كێڵگە نەوتیەكان و كاریگەری ژینگەیی راپۆرت ئامادە بكەن".
خالد سلیمان، كە لەوۆركشۆپی یەكەمی خولەكەدا رۆڵی یاریدەدەری راهێنەری بینیوە، سەرپەرشتی راپۆرتی رۆژنامەنوسانی دەكرد وتی "بەسەیركردنی راپۆرتی رۆژانەی رۆژنامەنوسانی عێراق لەبواری نەوت بۆم ئاشكرا بوو، كە بەشێك لە رۆژنامەنوسانی عێراق شارەزایی و زانیاریان لەبواری نەوتدا نییە". خالد سلێمان كە ماوەی چەند ساڵ لەدەرەوە ژیاوە و پێشتر سەرنوسەری گۆڤاری هەفتانە بووە بۆ سڤیل وتی"پێویستە رۆژنامەنوسانی عێراق كۆمەڵێك راپۆرت بوروژێنن، بەتایبەت لەبواری پەیوەندی نەوت بەژینگە و چۆنیەتی دەرهێنان و گرێبەستەكان و پەیوەندی كۆمپانیاكان بەحكومەت و ئاستی قازانجی گرێبەستەكان بۆ عێراق و بەپێچەوانەوە بۆ كۆمپانیاكانیش، پێویستە رۆژنامەنوسانی عێراق، ببنە نوێنەری هاوڵاتیانی عێراق و كارێك بكەن، زۆرترین زانیاری بگوازنەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com