شەڕ لە بادینان، تۆز لە سلێمانی... دوای رووداوەكانی بادینان حكومەت سەنتەرەكانی مەساج لە سلێمانی دادەخات  

 

 

سڤیل: سەنگەر عەبدولڕەحمان

سەنتەرەكانی مەساج لەسلێمانی نیگەرانن لەبڕیاری داخستنیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوە، پێیان وایە ئەو هۆكارانەی سەنتەرەكانی مەساجی پێ داخراوە، بریتین لە جێبەجێ نەكردنی رێنماییەكان، تەنها بیانوون و حكومەت لەترسی دروستبوونی پشێوی ئەو سەنتەرانەی داخستوە. بەڵام بەڕێوەبەری بەشی گەشتیاری لەبەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوە ڕەت دەكاتەوە.
پاش ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە لەدوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، لەشارۆچكەی زاخۆ هێرشكرایە سەر سەنتەرێكی مەساج و لەلایەن نوێژكەرانەوە سوتێنرا، باسوخواسی داخستن و كردنەوەی سەنتەرەكانی مەساج لەكوردستان زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت. لەئێستاشدا بەیانوی رەچاونەكردنی رێنماییەكان بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بڕیاری داخستنی سەنتەرەكانی مەساجی لەو شارە داوە، بەڵام خاوەن سەنتەرەكانی مەساج لەسلێمانی نیگەرانن لەو بڕیارە و پێیانوایە ئەو هۆكارەی سەنتەرەكانی پێ داخراوە، تەنها بیانویەكە و حكومەت لەترسی دروستبوونی پشێوی ئەو بڕیارەی داوە.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و باشبوونی باری ئابووری خەڵك، چەندین كۆمپانیا لەكوردستان دروست بوون، كە كاریان هێنانی كچی خزمەتكار بوو لەوڵاتانی وەك فلیپین و بەنگلادیش و ئەسیوپیا، بەدوای ئەمەشدا كچە چینیەكان بەشاڵاو روویان لەكوردستان كرد و چەندین سەنتەری مەساجیان كردەوە.
بەڵام سەرەتای مانگی 12 بۆ ئەوان شوم بوو، چونكە لەیەكەم هەینی ئەم مانگەدا لەمینبەری مزگەوتێكەوە لەشارۆچكەی زاخۆ كارەكەی ئەوان بەحەرام و دژ بەئاینی ئیسلام و داب و نەریتی كۆمەڵگا وێنا كرا، ئەم وێناكردنە ناشرینەی سەنتەرەكانی مەساج هەر لە زاخۆدا قەتیس نەما، بەڵكو رۆژێك دوای سوتاندنی سەنتەرێكی مەساج و دەیان دوكانی مەی فرۆشی و هوتێلی گەشتیاری لەو شارە، لەپارێزگای سلێمانیش سەنتەرێكی مەساج سوتنێرا و ئەوانی تریش داخران، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت "لەبەر جێبەجێنەكردنی رێنماییەكان ئەو سەنتەرانەمان داخستوە"، بەڵام خاوەنی چەند سەنتەرێكی مەساج لەسلێمانی دەڵێن" ئەوە بیانوە".
(سنور عارف) خاوەنی سەنتەری مەساجی هێڤار لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، نیگەرانی خۆی لەداخستنی سەنتەرەكانی مەساج نیشاندا، سنور كە پێنج كچی چینی لە سەنتەرەكەیدا كار دەكات گوتی "حكومەت بیانومان پێ دەگرێت، ئەو رووداوانەی لە زاخۆ روویاندا، وای لەبەرپرسانی سلێمانی كردوە، بۆ ئەوەی پشێوی دروست نەبێت، پێش ئەوەی مەلاكان داوای داخستنی بكەن، خۆیان سەنتەرەكانی مەساجیان داخستوە". جەختیشی كردوە، كە ئەوان سەرجەم رێنماییەكانی گەشتوگوزار و فەرمانگەی تەندروستیان جێەجێ كردوە، بەڵام هەر بڕیاری داخستنیان دراوە و رێگا نادەن كارەكەیان بكەن.
خاوەنەكەی سەنتەری مەساجی هێڤار ئەو دەنگۆ خراپانە بەتوندی رەت دەكاتەوە، كە باس لەكاری خراپ و ئەنجامدانی كاری سێكسی دەكەن لەو سەنتەرانەدا، ئەو گوتی "بەهیچ جۆرێك كاری خراپ لەسەنتەرەكانی مەساجدا ناكرێت، ئەو شتانەی لەبارەی ئێمەوە دەگوترێت دوورن لەراستیەوە، ئێمە چۆن قبوڵ دەكەین لێرە دابنیشین و لەو دیومانەوە كاری خراپ بكرێت".
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانیەوە مۆڵەت بە 18 سەنتەری مەساج دراوە، لەئێستاشدا بەبیانوی جێبەجێ نەكردنی رێنماییەكان 15 سەنتەریان داخراون.
"ئان یی" یەكێكە لەو پێنج كچە چینیەی لەسەنتەرەكەی سنوردا كاردەكەن گوتی "ئەو شتە خراپانەی لەسەر ئێمە دەیڵێین هەمووی دوورن لە راستیەوە، رەنگە جار جار خەڵكێك بیەوێت بۆ كاری خراپ بێتە ئێرە، بەڵام هەرگیز لێی قبوڵ ناكەین و بزانین هەركەس بۆ كاری خراپ هاتووە دەیكەینە دەرەوە". (عومەر حەسەن) خاوەنی سەنتەری مەساجی "پەكین" بەهەمان شێوەی سنوری هاوپیشەی نیگەرانە لەبڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ داخستنی سەنتەرەكانی مەساج .
عومەر گوتی "زیاتر لەهەشت دەفتەر دۆلارم خەرج كردوە بۆ كردنەوەی ئەم سەنتەرە، هەموو رێنمایی و مەرجەكانم جێبەجێ كردوە، ساونام هەیە، هۆڵی لەشجوانیم هەیە، كارمەندەكانم هەمویان بڕوانامەیان هەیە لەبواری مەساج، بەڵام حكومەت لەبەر قسەی چەند مەلایەك یان حزبێكی ئیسلامی سەنتەرەكانمان دادەخات".
عومەر كە خاوەنی دوو سەنتەری مەساجە لەسلێمانی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی دەیڵێت لەبەر نەبونی مەرج و جێبەجێ نەكردنی رێنماییەكان سەنتەرەكانی مەساج داخراون، بەبیانویەك دەزانێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت "چەند ساڵە ئێمە ئیش دەكەین، بۆ كەس گلەیی لێمان نەبوو و پێیان نەوتین رێنمایی جێبەجێ ناكەن؟! ئێستا كە مەلاكان و حزبە ئیسلامیەكان داوای داخستنی سەنتەرەكانی مەساج دەكەن، حكومەت دێت هەم دڵی ئەوان رازی دەكات، هەم بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین ناڕەزایی دەرببڕین بیانوی جێبەجێنەكردنی رێنماییمان بۆ دروست دەكات".
(مستەفا حەمە رەحیم) بەڕێوەبەری كاروباری گەشتیاری لەبەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی رەتیدەكاتەوە داخستنی سەنتەرەكانی مەساج پەیوەندی بەرووداوەكانی بادینانەوە هەبێت، بەڵكو وەك ئەو دەڵێت ئەو سەنتەرانە مەرج و رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاریان جێبەجێ نەكردووە. گوتی "پێش ئەو رووداوانە ئێمە لە 13/11/2011 چەند رێنماییەكمان بۆ سەنتەرەكانی مەساج دەركرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە 15/ 11 كۆبونەوەیەكمان بەهەموویان كرد، پێمان راگەیاندن دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا ئەو رێنماییانە جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانە دادەخرێن".
لەرێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاردا، كە وێنەیەكی بە (سڤیل) دراوە، هاتووە "رێزگرتن لەداب و نەریتی كۆمەڵایەتی، لەبەركردنی جلوبەرگی شایستە و دیاریكراو و داپۆشراو، راهێنانی كارمەندەكان لەسەر جۆرەكانی مەساج و بوونی بەڵگەنامەی پێویست لەبواری مەساجدا، دانانی سجیلێكی تایبەت بۆ پشكنینی كارمەندەكان، رێگانەدان بەچونە ژوورەوەی مێردمنداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ". لەگەڵ چەند رێنماییەكی تر.
مستەفا حەمەرەحیم گوتی "بۆ بەدوادچونی ئەو رێنماییانە، چەند رۆژی ڕابردوو لیژنەكانمان سەردانی ئەو سەنتەرانەی كردوە، زۆربەیان لەگەڵ ئەم رێنماییە تازانەمان ناگونجێن، بۆیە بڕیاری داخستنمان دان"، هەروەك جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، بڕیاری كۆتاییان داوەتە دەست لیژنەیەك، كە نوێنەری پارێزگا و فەرمانگەی تەندروستی و ئاسایش و گەشتوگوزاری تێدایە، وتیشی "ئەو لیژنەیە سەردانێكی تری سەنتەرەكانی مەساج دەكەن، ئەو سەنتەرانەی رێنماییەكانی جێبەجێ نەكردبێت، بەیەكجاری دایدەخەین".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com