|
سڤیل:
سلێمانی
خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و رێكخراوە
تایبەتەكانیان، ماوەی سێ ساڵە چاوەڕوانی
پەرلەمانن تا مافەكانیان بە یاسایی بكات،
سكرتێری رێكخراوی كەمئەندامانیش جەخت لەسەر
ئەوە دەكاتەوە، بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت
چەندین گرفتیان بۆ دروست بووە و لەزۆر شت
بێبەشبوون.
لەلایەن ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی لیستی
كوردستانی، پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بەخاوەن
پێداویستیە تایبەتەكانیان ئامادەكراوە و
لەلایەن پەرلەمانیشەوە خۆیندنەوەی یەكەمی بۆ
كراوە، بەڵام هێشتا خوێندنەوەی دووەمی بۆ
نەكراوە و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند
نەكراوە، خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكانیش
داواكارن بەزووترین كات پەرلەمان ئەو پڕۆژەیە
بخاتە بەرنامەكانی خۆیەوە. ئەندامێكی
پەرلەمانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەركردنی
یاساكە بەتەنها گرنگی خۆی لەدەست دەدات، گەر
جێبەجێ نەكرێت، هەروەك دەشڵێت ئەو پڕۆژە
یاسایە لە لیژنەی یاساییە و كاری تێدا دەكەن.
لەساڵی 2008دا لەلایەن وەزارەتی كاروباری
كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمەوە پڕۆژە یاسایەك
پێشكەش بە پەرلەمان كرا، بەڵام بەهۆی بوونی
چەند كەموكوڕیەكەوە گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت،
دواتر پڕۆژە یاسای (چاودێریكردن و شیاندنی
خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان لەهەرێمی
كوردستان)، لە 12-7-2010 لەلایەن ژمارەیەك
ئەندامی پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادە كراوە و
پێشكەش بەپەرلەمان كراوە، ئەو پڕۆژەیە لە نۆ
بەش و 51 ماددەی جیاواز پێكهاتووەـ
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی یەكێتی
كەمئەندامانی كوردستان، لەئێستادا زیاتر لە 50
هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لەكوردستان هەیە
و خاوەنی یاسایەكی تایبەت بە خۆیان نین.
لەبەشی دووەمی پرۆژە یاساكەدا داواكراوە كە
ئەنجومەنی باڵای كاروباری كەمئەندامان
دروستبكرێت و نوێنەری هەریەكە لە وەزارەتی
تەندروستی، خوێندنی باڵاو پەروەردەو شارەوانی
و گەشتوگوزار و پلاندانانی تێدابێت. سامان
حوسێن سكرتێری رێكخراوی یەكێتی خاوەن
پێداویستیە تایبەتییەكانی كوردستان، ئاماژە بۆ
ئەوەدەكات كە لەئێستادا خاوەن پێداویستیە
تایبەتییەكان موچەكانیان لەسەر سێ شێوەی
جیاواز دابەش دەكرێت، ئەو كەسانەی كە بەهۆی
تاوانەكانی رۆژێمی بەعسەوە بوونەتە كەمئەندام
مانگانە (90) هەزار دینار وەردەگرن، ئەو خاوەن
پێداویستیە تایبەتانەشی كە هاوڵاتین، بەڵام
موچەیەكی تری حكومیان هەیە، خانەنشین یان
فەرمانبەر بن لەفەرمانگەیەكدا بڕی (100) هەزار
دینار وەردەگرن، ئەو هاوڵاتیانەشی كە هیچ
داهاتێكی تریان نیە و فەرمانبەری حكومی نین،
بڕی (150) هەزار دینار وەردەگرن. ئەو بەرپرسەی
رێكخراوی كەمئەندامان گوتیشی "ئەو موچەیەی
وەریدەگرین بڕەكەی زۆر كەمەو لەئاستی ژیانی
كەمئەنداماندا نیە، چەند جارێكیش داوای
زیادكردنیمان كردووە، بەڵام تائێستاش وەك
خۆیەتی".
یەكێك لەخاوەن پێداویستیە تایبەتەكان،
نیگەرانە لەو موچە كەمەی مانگانە بە
توێژەكەیان دەدرێت. (سۆزان حەسەن)ی تەمەن 28
ساڵ بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە قاچێكی
لەدەستداوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بڕی ئەو
مووچەیەی وەریدەگرن بەشی هیچ ناكات. ئەو كچە
گوتیشی "ئەو بڕە پارەیە بەشی ئەوە دەكات،
دووجار پێی بچێتە عەیادەیەكەوە، یان دەستێك
جلوبەرگی پێبكڕێت". بەوتەی ئەو خاوەن
پێداویستیە تایبەتە بەشێك لەگرفتەكانیشیان
پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە یاسایەك نیە بۆ
بەرگریكردن لەئێستا و لەداهاتووی خاوەن
پێداویستیە تایبەتیەكان.
خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان نیگەرانن لەوەی
تائێستا مافەكانیان بەبڕیار دیاریكراوە، نەك
بەیاسا، سكرتێری رێكخراوی یەكێتی خاوەن
پێداویستیە تایبەتیەكانی كوردستان، لەبارەی
هۆكاری نیگەرانیەكەی وتی "ئێستا ئەو پڕۆژە
یاسایە لەپەرلەمانە و خوێندنەوەی یەكەمی
بۆكراوە، كەمئەندامان لە بۆشاییەكی یاساییدا
ئیش و كارەكانمان جێبەجێ دەكەین، ئەگەر ئەو
یاسایە دەربچێت كارئاسانیەكی زۆر بۆ ئێمە
دەكات و زۆر گرفت و كێشەمان لەكۆڵ دەبێتەوە".
بەوتەی سكرتێری رێكخراو سەرجەم ئەندامانی
پەرلەمانی كوردستان بەهەموو فراكسیۆنەكانەوە
هاوهەڵوێستن لەبەرامبەر دەركرنی ئەو پڕۆژە
یاسایەدا، گوتیشی "بەخۆشحاڵیەكی زۆرەوە
ئەندامانی پەرلەمان هاوكاریەكی تەواوی ئێمەیان
كردووە و لەنزیكەوە گوێبیستی داوا و
پێشنیارەكانی ئێمە بوون، هەروەها بەڵێنیان
داوە لەپەرلەمان پشتگیری لەپڕۆژەكە بكەن و
دەنگی لەسەر بدەن".
لەبەشی بەشی پێنجەم و لەماددەی (٢٤)ی پڕۆژە
یاساكەی تایبەت بە كەمئەندامان داوای ئەوە
كراوە لەكاتی دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبووندا
لەلایەن حكومەت یان هەر لایەنێكی گشتیەوە
پێویستە رەچاوی ژیانی خاوەن پێداویستە
تایبەتەكان بكرێت و كارئاسانیان بۆ بكرێت.
لەبەشی حەوتەمدا و لە ماددەی (٣٤)دا دەربارەی
مافەكانی كاركردن و فەرمانبەری ئاماژە بۆ ئەوە
كراوە، كە كەمئەندامان وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە
مافی كاركردن و دامەزراندنیان هەیە. حكومەت
دەبێ كاربكات بۆ هاریكاری كەسانی كەمئەندام تا
بچنە ناو بازاڕی كار بەپێی پرەنسیپەكانی
یەكسانی و رەخساندنی هەلی وەك یەك. لە ماددەی
(٣٥)دا دەربارەی مەرجەكانی دامەزراندن ئاماژە
بۆ ئەوە كراوە، كە كەمئەندامی نەبێتە مایەی
ئەوەی رێنەدرێت بەئەنجامدانی هەر كارێك یان
پیشەیەك.
سیوەیل عوسمان پەرلەمانتارای گۆڕان و ئەندامی
لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان جەخت
لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە بە تەنها پەسەندكردنی
پڕۆژە یاساكە گرنگ نیە، بەڵكو جێبەجێكردنی
بەلای ئەوانەوە گرنگترە، گوتی "بێگومان خاوەن
پێداویستیە تایبەتەكانیش وەك سەرجەم چین و
توێژەكانی تری كۆمەڵ پێویستیان بەوەیە بەیاسا
كارەكانیان رێكبخرێت و مافەكانیان دەستەبەر
بكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا ئێستا پڕۆژە یاسایەك
لەپەرلەمانە و ئێمە لەلیژنەكەی خۆمان گفتوگۆی
تێروتەسەلمان لەسەركردووە و لەئێستاشدا ئەو
پڕۆژەیە لەلای لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، ئەوان
كاری تێدا دەكەن، لەگەڵ تەواوبوونی كارە
یاساییەكاندا دەخرێتەوە بەرنامەی كارەوە و
دەنگی لەسەر دەدرێت". ئەو ئەندام پەرلەمانە
گوتیشی "بە پەسەندكردنی ئەو یاسایە خاوەن
پێداویستیە تایبەتییەكان كۆمەڵێك دەستكەوت و
مافی باشیان بۆ دەستبەر دەبێت، دەتوانن بەهۆی
ئەو یاسایەشەوە فشاری زیاتر بخەنە سەر حكومەت،
تا ئیش و كارەكانیان بۆ جێبەجێ بكات و
مافەكانیان دەستەبەر بكات".
|