بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران: 27 خێـزانی شاری وان روویان لە سۆران كردووەو هیچ كەلوپەلیكیشیان پێـنییە  

 

 

سڤیل: محەمەد هەسنانی

تا ئێستا زیاتر لە (2) هەزار خێزانی ئاوارە لە ئێران ماونەتەوە


بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ (سڤیل) روونی دەكاتەوە "بەگشتی (21) هەزار خێزانی ئاوارەی وڵاتی ئێران، بەمەرزی حاجی ئۆمەران گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمساڵیش رێژەی ئەو خێزانانەی كە لەئێران گەڕاونەتەوە بریتی بووە لە(175) خێزان".
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران لە سۆران ئاماژەی بەوەكرد لە لێدوانێكدا بۆ سڤیل تیشكی خستە سەر ئاوارە جیاجیاكانی سنوری سۆران، دوای ئەو نائارامییەی لەپارێزگاكانی ناوەندی عێراق دروست بوو، بەتایبەتی پاش تەقاندنەوەی كەنیسەی نەجات، هەندێك لەعەرەب و مەسیحیەكان روویان لەهەرێمی كوردستان كرد، وەك ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بۆ كرد "تائێستا (201) خێزانی ئەو ئاوارانە لەلای ئێمە تۆماركراون، بەچەند هەنگاوێك هاوكارییان پێشكەش كراوە، وەك كەلوپەلی ناوماڵ و بڕێك هاوكاری دارایی، تەنها هەندێك لەو ئاوارانە ماون كە هاوكاریان نەكراون، هۆكارەكەشی ئەوەبووە كە ئەوان دوای بەرزكردنەوەی لیستی ئەو ئاوارانە گەیشتوونەتە سۆران، بەهیوام بتوانین لەئایندە هاوكاری ئەوانیش بكەین"، هەروەها گوتیشی "خزمەتگوزاری و كولفەی ئەوان لەئەستۆی حكومەتی مەركەزیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوانیش بەهانای خەڵكی خۆیانەوە نەهاتوون، لەكاتێكدا لەڕووی یاساییەوە بەپێی ئەوەی ئەوان خەڵكی پارێزگاكانی ناوەندی عێراقن، خۆراك و بودجەیان لەزمنی حكومەتی ناوەندیە، كەچی خۆشبەختانە، هیچ كات حكومەتی هەرێم، ئەوەی نەكردۆتە پێوەر، بەڵكو هاوشێوەی دانیشتوانی هەرێم سەیریان دەكرێت و ژیانیان پارێزراوەو ئاساییانە باروگوزەرانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام لەهەمانكاتیشدا هیوادارم بتوانن بەشێوازێكی رێكوپێك، بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان، چونكە نیمچە ئارامییەك لەناوچەكانی ئەوان هاتۆتە ئاراوە".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، هاتە سەرباسی ئەو ئاوارانەی كە بەهۆی بوومەلەرزەكەی شاری وان، روویان لەدەڤەری سۆران كردووەو گوتی "هەمووان ئاگاداری ئەو زیانە گەورەیە بووین كە بەهۆی بوومەلەرزەكە بەر برا كوردەكانمان كەوت لەشاری وان، دیارە ئەمەش وایكرد ئەو خەڵكە لەترسی دووبارەبوونەوەی كارەساتەكەو وێرانبوونی خانووەكانیان، بەشێكیان پەرتەوازە ببن، دیارە لەوانەش بەشێكیان روویان لەسۆران كردووە، كە تائێستا ژمارەی ئەو خێزانانە دەگاتە، زیاتر لە 27 خێزان كە ژمارەی ئەندامەكانیان بریتیە لە 110 كەس، پێشبینی ئەوەش دەكەین كە لەداهاتوودا ئەو رێژەیە زیاتربێت، ئێمەش لای خۆمان سەردانی ئەو خێزانە ئاوارانەمان كردووەو لەرێگەی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، بەشێك خۆراك و پێداویستی سەرەتا بەسەر ئەو لێقەوماوانە دابەشكراوە، بەهاوكاری دەزگا حكومیەكان و بەشێك لەسەنتەرو رێكخراوەكان، هەروەها لەڕێگەی قائیمقامیەتی سۆران، داوای سوتەمەنیمان كردووەو رەزامەندی دابینكردنی دراوە، بەهیواین بتوانین بە زوترین كات ئەو بڕە سووتەمەنەیان پێبگێنین، لەهەمانكاتیشدا نوسراومان بۆ سەرووی خۆمان بەرزكردۆتەوە بۆ حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار، بۆئەوەی ئاوڕی زیاتر لەو ئاوارانەی شاری وان بدرێتەوە، چونكە كە ئەوان هاتوون جگە لەئەندامانی خێزان هیچ كەلوپەلێكیان لەگەڵ خۆیان نەهێناوە، داواكاریشم لەڕێكخراوە خێرخوازەكان بەهانای ئەو خەڵكەوە بێن و دەستی هاوكاریان بۆ درێژ بكەن"، عەباس ئەمیر باسی لە كێشەیەكی دیكەی ئەو ئاوارانەی شاری وان كرد، كە لێرە دووچاری دەبن، ئەویش كێشەی زمانی خوێندنە، وەك گوتی "ئەوەی بۆتە گرفت لەبەردەم ئەو ئاوارانە، كێشەی دابڕانی قوتابیەكانیانە لەخوێندن، چونكە ئەوان كێشەی زمانیان هەیە كە خوێندنی لای ئەوان جیاوازە، لەگەڵ ئێمە كە قوتابیانی ئەوان بەشێوازی نووسینی لاتینی و توركی خوێندویانە، بەهیوام بتوانرێت لەداهاتوودا ئەو كێشەیەش چارەسەر بكرێت".
عەباس ئەمیر باسیشی لەسەرجەم ئەو ئاوارانە كرد كە دوای راپەڕینەكەی ساڵی 1990 گەڕاونەتەوەو لەلای ئەوان ناوەكانیان تۆماركراون، ئاماژەی بەوەدا "ئاماری ئەو ئاوارانەی كە بەشێوازێكی فەرمی لەمەرزی حاجی ئۆمەران وەرمان گرتووە، تا ئێستا زیاتر لە (21) هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لەوانەش لەزۆر رێگەو مەرزەكانی دیكە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها لەوڵاتی توركیاش گەڕاونەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەندێك لەبەڵگەنامە كە تائێستا بەتەواوەتی ئەرشیف نەكراون، هیوادارم لەداهاتوودا بتوانین ناوی ئەوانیش ئەرشیف بكەین، وەك دیاریشە گەڕانەوەی ئاوارەكان لەئێستاشدا لەئێران بەردەوامە، كە لەسەرەتای ساڵی 2011 تا ئەو كاتە زیاتر لە (175) خێزان، كە لە(520) كەس پێكدێن، گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەمەرزی حاجی ئۆمەرانەوە پێشوازیان لێكراوە، وەك سەرەتایەك كەلوپەلی پێویستیان بەسەر دابەشكراوە، هەروەها رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر كە مەبەستیانە لێی دابمەزرێن، یان بگەڕینەوە سەر زێدی باب و باپیرانییان، لەڕێی دابینكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو ماڵباتانە، سەبارەت بەشوێنی نیشتەجێبوونیشیان، ئێستا تەركیز لەسەر خۆیانە تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپیلانێكی بەجێدا بتوانێت بەهانای ئەوانەوە بچێت و نیشتەجێیان بكات، هەرچەندە ئامارێكی فەرمیمان لەلانییە، بەڵام پێشبینی ئەوەش دەكەین كە زیاتر لە (2) هەزار خێزانی ئاوارە، لەوڵاتی ئێران مابنەوە، هیوادارین لە ئایندەدا ئەوانیش بەوڵاتی خۆیان شاد ببنەوە".

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com