جوتیاران ترسی وشكەساڵییان هەیە... وەزارەتی ئەوقاف خۆی بۆ "نوێژە بارانە" ئامادە دەكات و
كەشناسیش دەڵیت بەم زوانە باران دەبارێت
 

 

 

سڤیل: سلێمانی

بەشێك لەجوتیاران و هاوڵاتیان ترسی ئەوەیان لێنیشتووە كە ئەمساڵیش وشكەساڵی و بێ بارانی روو لەهەرێمی كوردستان بكات، شارەزایانی كەشناسیش جەخت لەسەر ئەوەدەكەنەوە، ئەگەری وشكەساڵی لەئارادانییەو پێدەچێت لەكۆتایی ئەم مانگەدا باران ببارێت.
لەلای خۆشیانەوە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم خۆیان بۆ نوێژەبارانە ئامادە دەكەن و پێدەچێت لەم هەفتیەدا ئەو نوێژە بارانەیە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێمدا ئەنجام بدرێت، مامۆستایەكی زانكۆ پسپۆری بواری كشتوكاڵ هێما بۆ ئەوەدەكات، ئەگەر تاچەند رۆژێكی تر باران نەبارێت تۆوە چێنراوەكان لەناو دەچن.
كەم بوونەوەو نەبوونی باران ماوەی چەند ساڵێكە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووەو ماوەی نزیكەی دوو مانگیشە جوتیارانی ناوچەی گەرمیان و كوێستان تۆوی (گەنم و جۆ)یان چاندووەو چاوەروانی باران بارینن بۆ ئەوەی تۆوەكەیان سەوزببێت، بەڵام بەوتەی ئەو جوتیارانە لەئێستاشدا بەشێك لەتۆوە چێنراوەكانیان لەناوچووە.
ئەكرەم مەحمود جوتیارێكی تەمەن 55 ساڵەی دانیشتووی یەكێك لەگوندەكانی شارەزوورەو هێما بۆ ئەوەدەكات، لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بارانەوە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیان و جوتیاران ترسی ئەوەیان هەیە كە ئەمساڵ باران نەبارێت و وشكەساڵی رووبدات، ئەو جوتیارە گوتیشی "بەبیرەوەری من ئەوە دووسێ ساڵە كە تائەم كاتانە باران نەباریبێت، خۆی 5-11ی هەموو ساڵێك دەبێت پەڵەی دابێت و جوتیاران تۆویان كردبێت، بەڵام ئەوە دوومانگە ئێمە توۆمان كردوەو ناشكوری خوانەبێت باران دیارنیە". ئەكرەمی جوتیار هێما بۆ ئەوەشدەكات خزمەكانی لەناوچەی گەرمیان پێیان راگەیاندوە كە بەشێكی زۆر لەوتۆوانەی چاندویانە لەناوچووە، ئەو گوتیشی "لەگەرمیان تازە گەر بارانیش ببارێت سودی ئەوتۆی نەماوە، ئەگەر تا دە رۆژێكی تریش لێرەو لەناوچە كوێستانەكان نەبارێت ئەوە تۆوە چێنراوەكانمان لەناودەچێت كە خوابكات ئەوە روونەدات و رەحم بەو خەڵكە بكات و باران ببارێت".
پسپۆرانی بواری كشتوكاڵ پێیانوایە ئەگەر لەچەند هەفتەی داهاتودا باران نەبارێت، زیانێكی گەورە بەر دانەوێڵە و ئەو بەروبومە كشتوكاڵییانەی كە چێنراون دەكەوێت، بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانیش دڵخۆشە بەوەی لەم هەفتەیەدا باران دەبارێت. كەیوان عەلی مامۆستای زانكۆو پسپۆری خاك و كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر تاچەند رۆژێكی تر باران نەبارێت زیانی دەبێت، ئەو گوتیشی "تائێستا ئەوەندە باران نەباریوە بۆئەوەی تۆوی پێ سەوز ببێت، زیاتر لە سێ هەفتەیە باران نەباریوە ئەگەر ماوەیەكی زیاتر تێپەڕێت و هەر باران نەبارێت ئەوە بێگومان دوایی ئەگەر بشبارێت سوودی نابێت، دوور نییە دانەوێڵە چێنراوەكە وشك ببێت".
هاوكات مامۆستای ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردووش درەنگ پەڵەی داوەو باران دواكەوت، هەروەها چەند ساڵێك پێش ئێستاش وشكەساڵی روویداو جوتیاران زیانێكی گەورەیان لێكەوت بەهۆی وشكەساڵییەكەوە، بۆیە ناهەقیان نییە لەئێستاوە ترسیان لێنیشتووە، بەڵام دوو سێ هەفتەش زۆر نییە كە باران نەباریوە، بەڵام ئەگەر نەبارینەكە درێژە بكێشێت، ئەوا ئەوكاتە زیان بۆ بەرهەمەكانیان دروست دەبێت، بەڵام ئێستا بەوشێوەیە نییە".
بەپێی ئامارەكانی كەشناسی تائێستا ئەمساڵ 75 میلیم باران بارین لەسلێمانی و دەوروبەری باریوە، لەساڵی پارو تا ئەم كاتانە تەنها 2 میلیم باران باریوە، لای خۆشیەوە بەرێوەبەری كەشناسی ئەوە ئاشكرادەكات، كە ئەمە ئەوە دەردەخات ئەمساڵ وشكەساڵی نابێت، دارا حەسەن بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانیی، ئاماژەی بەوەدا راستە ئەم ماوەیە باران دواكەوتنی بەخۆوە بینیوە، بەڵام گوتی "خۆشبەختانە رۆژی 24و 25ی ئەم مانگە پێشبینیەكی زۆر دەكرێت باران ببات، بەوەش ئەو بەروبووم و دانەویڵەی كە جوتیارەكان چاندوویانە لە ئەگەری وشكبوون رزگار دەكات".
بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانیی ئەوەشی بۆ (سڤیل) خستەڕوو، لەبارەی ئەوەشی ئایا دواكەوتنی باران لەئەمساڵیشدا ئەگەری دووبارە دروستبوونەوەی وشكەساڵی لێناكرێت، دارا حەسەن گوتی "نەخێر بۆ ئەو مەسەلە هیچ شتێك دیار نییەو من شەخسی خۆم ئەمساڵ زۆر دڵخۆشم بەوەی وشكەساڵیی نەبێت و بارانی پێویست ببارێت". بەوتەی ئەو شارەزایەی كەشناسی كەمبوونەوەی باران تەنها هەرێمی كوردستانی نەگرتوەتەوە، بەڵكو كێشەكە رووی لەهەموو وڵاتانی تری جیهانیشكردوە، ئەو گوتی "بۆنمونە ئێستا لەوڵاتە ئەسكەندەنافیەكان كێشەی ئەوەیان هەیە كە بەفر بارین لەو وڵاتانەش كەمبووەتەوەو پلەكانی گەرما بەرەو بەرزبونەوە دەچن، ئەمەش بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندی بەو گۆڕانكاریانەوە هەیە كە لەسروشتدا روویداوە، هەروەها بەشێكیشی پەیوەندی هەیە بە مرۆڤەوە بەوەی كە دەیان كارگە گەورە دروستكراون ئەمانە بوونەتە هۆكاری رووداو و گۆڕانكاریە كەش و هەواییەكان".
لای خۆشیانەوە وەزارەتی ئەوقاف بەنیازی ئەنجامدانی نوێژە بارانەن، لەكاتی كردنەوەی بەرێوەبەرایەتیەكی نوێی وەزارەتی ئەوقاف لەناوچەی شارەزوور رۆژی دووشەممەی رابردوو كامیل حاجی عەلی وەزیری ئەوقافی حكومەتی هەرێم رایگەیاند وەك وەزارەت بەنیازن لەچەند رۆژی داهاتوودا نوسراوێك ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی ئاینی بكەن بۆئەوەی لەوتارەكانیاندا باسی ئەنجامدانی نوێژە بارانە بكەن و لەسەرجەم شاروشارۆچكەكاندا شوێنێك دیاریبكرێت بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com