|
سڤیل:
هەولێر
هەفتەی رابردوو لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا،
وەزیری دارایی عێراقی جەختی لەسەر ئەوە
كردەوە، كە لەو سەد مووچەیەی لەداهاتوودا بە
عێراقییەكان دەدرێت، سوی %8ی لەفەرمانبەران
وەردەگیرێت، سەرۆكی بانكی هەرێمیش ئاشكرای
دەكات، كە بانكەكانی رافیدەین و رەشید
ئامادەنین سولفەی سەد موچە بە فەرمانبەرانی
كوردستان بدەن.
هەفتەی رابردوو لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا،
رافیع ئەلعیساوی، وەزیری دارایی عێراقی باسی
لەوەكرد، كە كار بۆ ئەوە كراوە لەساڵی 2012
سولفەی سەد موچە بەفەرمانبەرانی عێراقی بدرێت،
ئەو پرۆژەیە یەكەم جار لەساڵی 2008 گەڵالە
كراوە، مەبەستیش بوژاندنەوەی باری دارایی
فەرمانبەرانە، بەڵام پێشتر باسی ئەوە كرابوو
كە هیچ سوویەك لەفەرمانبەران وەرناگیرێت، كەچی
لەلێدوانەكەیدا رافیع عیساوی باسی ئەوەی
كردووە، كە سوی %8 لەفەرمانبەران لەبەرامبەر
پێدانی سولفەی 100 موچە وەردەگیرێت،
هۆكارەكەشی روونكردبووەوە، كە پەیوەندی
بەتوانای دارایی بانكی رافیدەین و رەشیدەوە
هەیە، رافیع ئەلعیساوی گوتبووی "ئەو سولفەیە
لەلایەن بانكی رافیدەین و رەشیدەوە
بەفەرمانبەران دەدرێت، ئەوان لەتوانایان
دانییە بێ وەرگرتنی سو، ئەو پارەیە
بەفەرمانبەران بدەن، بۆیە بڕی %8 سو
وەردەگرن".
رافیع عیساوی باسی لەوەشكرد بوو كە ئەو
سولفەیە سەرجەم فەرمانبەرانی عێراقی
دەگرێتەوە، پێشتریش باس لەوە كرابوو كە پێدانی
100 مووچە فەرمانبەرانی كوردستانیش دەگرێتەوە،
بەڵام لەدوایین لێدوانیدا بۆ (سڤیل)
بەڕێوەبەری بانكی هەرێم ئاشكرای كرد، كە ئەو
سولفە بەفەرمانبەرانی كوردستان نادرێت، هۆكاری
پێنەدرانەكەش ئەوەیە كە بانكی رافیدەین و
رەشید ئامادەنەبوون، كارەكانی خۆیان بۆ پێدانی
سولفەی سەد موچە لەكوردستان ئەنجام بدەن،
ئەدهەم كەریم، بەڕێوەبەری بانكی هەرێم
لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی "بڕیاری حكومەتی
عێراق بە پێدانی 100موچەی بەسەریەكەوە
بەفەرمانبەران بەقەرز، هەرێمی كوردستان
ناگرێتەوە، راستە بڕیارەكە دەڵێت هەموو عێراق
دەگرێتەوە، بەڵام هیچ شتێك لەو بارەیەوە بە
ئێمە نەوتراوە". بەڕێوەبەرەكەی بانكی هەرێم
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا گوتیشی "ئەو بڕیارە
لێرە جێبەجێ ناكرێت، بڕیار وابوو وەزارەتی
دارایی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی دارایی
حكومەتی عێراق كۆببنەوە، رێكبكەون لەسەر ئەوەی
كە هەردوو بانكی رەشید و رافیدەین لق
لەكوردستان بكەنەوە، ئەو سیستەمی قەرزەی كە
لەبەشەكانی دیكەی عێراق هەیە لەكوردستانیش
جێبەجێی بكەن، بەڵام ئەوان نەهاتن و ئیشەكە
نەكرا، بڕواشم وایە كە ناكرێت".
بەرێوەبەری بانكی هەرێم سەبارەت بەهۆكاری
دانەنانی لقی كوردستانی بانكی رافیدەین و
رەشید گوتی "ئێمە هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆمان
هەیە، هەرچەندە قازانج دەكەن، بەڵام ئەوانیش
نایەن لێرە لەم زروفەدا هاوكاری هەرێمی
كوردستان بكەن و ئەو ئەركە لەسەر حكومەتی
هەرێم كەم بكەنەوە".
ئەگەرچی زۆر لەفەرمانبەران چاویان لەوەیە ئەو
سولفەیە وەربگرن، بەڵام بەبڕوای
ئابووریناسانەوە، وەرگرتنی ئەو موچە لەڕووی
ئابووری بازاڕ و داهاتی فەرمانبەرانانەوە زیان
و كاردانەوەی نێگەتیڤی هەیە، بۆیە پێیانوایە
زیانی لەقازانج زۆرترە، ئیدریس رەمەزان
لەكۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووری لەزانكۆی
سەڵاحەدین لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی
"هەرچەندە پێدانی ئەو 100موچەیە سودی خۆی هەیە
بۆ ئەو كەسەی كە وەریدەگرێت و رەنگە بتوانیت
بەو مەبلەغە پارەیە پڕۆژەیەكی خۆی پێ جێبەجێ
بكات، بەڵام بەگشتی بەبڕوای من ئەو بڕیارە
زیانی زۆر زۆر زیاترە لەسودی بۆ وڵات، چونكە
دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پارەیەكی یەكجار زۆر
لەبازاڕەكانداو ئەوەش دەبێتە هۆی بێبەهابوونی
پارەی عێراقی و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و
هەڵئاوسانی بازاڕ".
مامۆستا ئیدریس رەمەزان هەر لەلێدوانەكەیدا
باسی لەوەشكرد، كە وەرگرتنی 100 موچە لەلایەن
فەرمانبەرانەوە، كاردانەوەی سەلبی لەسەر
ژیانیان دەبێت، ئەو گوتی "رەنگە لەداهاتوودا
كێشە بۆ ئەو كەسانەش دروست ببێت لەدانەوەی ئەو
قەرزەدا، چونكە ئەو قەرزە موچەی زیاتر لە 8
ساڵی فەرمانبەرێكە و بەوپێیەش ئەو كەسە چەندین
ساڵ لەژێر قەرزێكی زۆردا دەبێت، ئەوە جگە لەو
زیادەیەی كە دێتە سەر قەرزەكە".
|