2012 ساڵێكی ئاسایی یان كۆتایی دنیا دەبێت؟  

 

 

سڤیل: بەهمەن عومەر

چەند ساڵێكە لەچەند سەرچاوەیەكی دینی و زانستییەوە باس لەكۆتایی هاتنی دنیا لەساڵی 2012 كراوە، ئەو پرسە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردو ئێستا كە مرۆڤایەتی پێدەنێتە ئەو ساڵەوە، ئەوەی كە جێگای پرسیارە ئایا ئێمە دوا نەوەی مرۆڤین لەسەر زەوی یان نا؟
لەساڵانی رابردوو لەچەند شوێنێكی جیاجیاوە باس لەوە كراوە، كە 2012 كۆتایی دنیایە، ئەو دەنگۆیە كاتێك گەیشتە لوتكە و بوو بەپرسێكی جیهانی و زۆر كەسی بەخۆیەوە خەریك كرد، كە دەرهێنەری ئەڵمانی روناڵد ئیمیریچ فیلمی كۆتایی جیهان (بەناوی 2012)ەوە پێشكەش كرد، ئەم فیلمە ساڵی 2009 بەرهەم هێنراوە.
هەڵبەتە بەر لەم فیلمە گەلێك فیلمی دیكەیش بەرهەمهێنراون، كە بەشێوەی جۆراوجۆر باس لەكۆتایی دنیا دەكەن، بەڵام فیلمی 2012 بەشێوەیەكی فراوان لەدنیادا بڵاوبووەوەو دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، جگە لەو فیلمە هەواڵێك لەماڵپەرەكانی ئینتەرنێتدا بەفراوانی بڵاوكرایەوە كە گوایە زانیاریەكانی لەدەزگای ناسای ئەمریكی دزەیان كردووە، كە دەزگایەكی گەورەی فەلەكناسییەو گەورەترین ناوەندی جیهانە بۆ ئەو بوارەو بەسەدان زانای فەلەكناسی لەو دەزگایەدا كاردەكەن، لەو هەواڵەدا هاتووە "لەرێكەوتی 21/12/2012 دا بەهۆی تەقینەوەیەكی بەهێز لەخۆردا و دروستبوونی ماددەی نایترۆجینی، زەوی لەسەر هێڵی خۆی لادەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی كاولكاری و لافاوی بەهێز و وێرانكەر، هەر بەم هۆیەشەوە جیهان بەتەواوی بوونەوەرەكانییەوە كۆتایی پێدێت".
لایەنە ئایینیەكانیش بەشێك بوون لەو دەنگۆیە، چەند ماڵپەڕێكی ئایینی ئیسلام باسیان لەوە كرد كە تەنێكی گەردوونی بە تەنیشت زەویدا تێدەپەڕێت و بەوەش رێرەوی زەوی هەڵدەگێڕێتەوەو زەوی بەئاراستەی پێچەوانە دەسووڕێتەوە، بەو شێوەیەش خۆر لەخۆرئاواوە هەڵدێت و لەو كاتەدا پایەیەكی گرنگی دوارۆژ (ئاخیر زەمان) بەپێی ئایینی ئیسلام جێبەجێ دەبێت، وەك ماڵپەڕە ئیسلامییەكان دەیانگوت.
هەوەها دیینەكانی دیكەش هەریەكەو بەشێوەی خۆی كەوتنە بانگەشەكردن بۆ ئەو بابەتە، كۆمەڵێك لەحاخامەكانی ئیسرائیل رایانگەیاندوە كە بەباوەڕی ئەوان كۆتایی دنیا نزیك بۆتەوە، ماڵپەڕی هەشیم، كە ماڵپەڕێكی ئیسرائیلییە، پێشبینی حاخامەكانی ئیسرائیلی بۆ كۆتایی دنیا لەساڵی 2012 خستۆتەڕوو، باس لەوە دەكەن، ئێران و سوریا و حیزبوڵڵا دەبنە هاوپەیمانی یەك و گورزێكی كوشندە لەئیسرائیل دەدەن، ئەوان پێشبینی بوومەلەرزەش دەكەن، دەڵێن بوومەلەرزە لەتەلئەبیب دەدات و بورجی تەلئەبیب بەسەر دانیشتوانەكەیدا دێتەخوارێ، هەروەها دەڵێن نەیزەكێك بەر ئەمریكا دەكەوێت و لافاو دەست پێدەكات، كە لێرەوە پێشبینی كۆتایی دنیایان كردووە، باسی لەگەڕانەوەی حەزرەتی عیساو نەهێشتنی ئەو زوڵم و ستەمە دەكەن، كە ئێستا لەدونیادا هەیە.
عەبدولڕەحمان سدیق بەڕێوەبەری سەنتەری پرد بۆ توێژینەوە پێشتر لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ (سڤیل) باسی لەوە كرد، كە ئەو وردەكارییانەی كە لەبواری ئاینی دەگوترێت و بەكاردەهێنرێت لەبواری سیاسی، زیاتر لەو لایەنانە دەبینرێت كە پێیانوایە دنیا پڕكراوە لەزوڵم و ستەم و زۆرداری، گوتیشی "لەئەمریكا بزووتنەوەیەك هەیە، پێی دەڵێن بزووتنەوەی هەسارە، مەبەستییان ئەو هەسارەیە كە ئێستا لەسەری دەژین، ئەو بزووتنەوەش و بەشێك لەجولەكەكانیش هەمان بیركردنەوەیان هەیە، بۆیە پێیانوایە هاتنەخوارەوەی عیسا بۆ سەر زەوی پێویستە، بۆ ئەوەی دادپەروەری بڵاوبكاتەوە، چونكە ئەوان پێیانوایە دنیا پڕ بووە لەزوڵم و زۆرداری. بزووتنەوەی هەسارە بەشێكیان كە لەناو سیاسەتدا كار دەكەن، خۆیان لەناو موحافیزكارە نوێیەكاندا دەدۆزنەوە، ئەو موحافیزكارە نوێیانەش بەشی هەرە زۆریان لەناو كۆمارییەكانی ئەمەریكادان، بەم بیروبۆچوونە دەڵێن، هۆكارێكە لەرووی ئاینییەوە بەكاردەهێنرێت بۆ مەرامێكی سیاسی. خاڵێكی تریشیان بەشێكە لەو كەلتوورەی كە ئەمڕۆ لەدنیادا بڵاودەكرێتەوەو پێیدەگوترێت كەلتووری ترس، ئەم كەلتوورەش مرۆڤەكان كۆت و بەند دەكات و دەیانسپێرێت بە غەیب".
ئەو حاخامانە باسیان لەوە كردووە، كە لەتەوراتدا ناوی باراك ئۆباما هاتووە، كە لەكۆتایی دنیادا حكوم دەكات، ئەو توێژەرە ئیسلامییە لەو بارەیەوە دەڵێت "بۆچی لەم ساتەوەختەدا ناوی باراك ئۆباما دێت، بۆ لەگەڵ دەركەوتنی باراك ئۆبامادا باسی لێدەكرێت؟ دەبوایە لەو دوو هەزار ساڵەی پێشوودا ئەو ناوە هەبوایەو پێمان بوترایە، چونكە تەورات ئێستا نەنوسراوەتەوە، ئەمە رێك وەك ئەو بابەتانەیە، كە هەندێك جار گەلان لەكاتی لاوازیاندا پەنای بۆ دەبەن و ئیسلامیش پەنای بۆ ئەم شتانە بردووە، چونكە گەلانی موسڵمانیش لەساتەوەختی لاوازییاندا كە توانای هیچیان نییە، خەون دەبینن و دەڵێن كۆتایی دنیایە، دەڵێن رزگاركەرێك لەڕێگایە و ساڵی ئەوەندە خودا تەداخول دەكات و دنیا لەبەرژەوەندی موسڵمانان دەبێت، ئەمە لەلاوازیدایە، بەڵام ئەوەی لەلایەن جولەكە و مەسیحییەكان روودەدات لەبواری بەهێزیدایەو بۆ زیاتر مەشغوڵكردنی دنیا و بڵاوكردنەوەی كەلتووری ترسە، كە لەو حاڵەتەشدا دنیا بۆ خاوەن بەرژەوەندییەكان تەخت دەبێت". ئەو دەڵێت "ئەگەر سەیر بكەین، دەبینین ئەو كەسانەی باس لەوە دەكەن، دنیا لەساڵی 2012 كۆتایی دێت، هەر ئەوانە لەخەمی ئەوەدان كە پاڵەوانێتی تۆپی پێ بۆ ساڵەكانی دوای 2012 و 2022 لەوڵاتەكانی ئەواندا بكرێت و فایلەكانیان پێشكەش دەكەن، بۆ بەدەستهێنانی ئەو یارییانە تا لەوڵاتەكانی ئەواندا بكرێت، واتە ئەگەر كەسێك بڕوای بەوە هەبوایە كە 2012 دنیا كۆتایی دێت، ئەو كارەی نەدەكرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە لەلایەك دنیا خۆی بۆ 2050 ئامادە كردووە، لەلایەكی تریشەوە باس لەكۆتایی دنیا دەكرێت".
لەلایەكی دیكەوە ئەژی چەتۆ سەرۆكی رێكخراوی كوردی بۆ ئارەزومەندانی فەلەكناسی كە كۆمەڵەیەكی ئارەزومەندانەیەو بەشێوەیەكی زانستی كار لەسەر فەلەكناسی دەكات لەلێدوانێدا بۆ (سڤیل) هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەكۆتایی هاتنی دنیا لە 2012 دەكات و دەڵێت "ئەو زانیاری و هەواڵانە هەموو شتی ناراست و نازانستین و هەموو خورافاتی هەندێك كەسی ناشارەزان". سەبارەت بەوەی كە لەماڵپەڕەكاندا بڵاوكرایەوە، كە گوایە زانیاری لەدەزگای ناساوە دزەیان كردووە، كە زاناكانی ئەو دەزگایە باسیان لە وێرانبوونی زەوی كردووە لە 2012 ئەو ئارەزومەندەی فەلەكناسی گوتی "ئەو ماڵپەڕانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوكردەوە، ماڵپەڕی باوەڕپێكراو نەبوون، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو قسانەش دەستگای ناسا بەفەرمی ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو رایگەیاند كە هیچ مەترسیەك لەسەر زەوی نییە لەساڵی 2012، ئەو زانیاریانەی كە بەناوی ئەوانەوە بڵاوكراونەتەوە رەتكرایەوە". بەبڕوای ئەژی چەتۆ "ئەگەر مەترسییەك لەسەر زەوی هەبێت، ناسا ناتوانێت بیشارێتەوە، چونكە ئەوە شتێكە هەموو گۆی زەوی پێوە بەندە، پاشانیش شاردنەوەی هیچ سودێكی نابێت".
هەرچەندە ئەو ئارەزوومەندەی فەلەكناسی باسی لەوە كرد، كە لەهەموو كاتێكدا ئەگەری هەیە كە لەبۆشایی ئاسمانەوە نەیزەك یان تەنێكی گەورە بەر زەوی بكەوێت، بەڵام ئەوەی كە دەڵێن ئێستا تەنێك بەرێوەیە بۆ ئەوەی لە 2012 بەر زەوی بكەوێت، هیچ بنەمایەكی راستی نییە. سەبارەت بە(فیلمی 2012) كە باس لەكۆتایی دنیا دەكات، ئەژی چەتۆ گوتی "ئەو فیلمەم بینیوە فیلمێكی زۆر خۆشە وەك فیلم، بەڵام هیچ بنەمایەكی زانستی نییە، تەنیا بەرهەمی خەیاڵی دەرهێنەرەكەیەتی".
سروشتی ئینسان وەهایە كە حەزی لەوەیە بزانێت كە لەداهاتوودا چی روودەدات، ئەم حەزەی مرۆڤ بەگشتی وایكردوە كە كۆمەڵێكی بازرگان دروست ببێت، بەناوی دەرهێنەری فیلم و فاڵچی و قاوەگرەوەو بەخت خوێنەوە و كەلونووس، لەم ساڵانەدا كەسانێكی نوێ فێربوون بەناوی زاناوە ئەو بازرگانییە دەكەن، ئەمساڵ پیاوێكی رووسی رایگەیاند كە 27/9/2011 كارەساتێكی مرۆیی گەورە روودەدات، بەڵام هیچ رووینەداو ئەویش دەستبەتاڵ مایەوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com