|
سڤیل:
محەمەد هەسنانی
وەك تێبینی دەكرێت ئەمساڵ لەسنووری سۆران، بە
بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، رووداوەكان
لەكەمبووندانە بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی
سۆرانیش، هۆكارەكەی بۆ ئاستی هۆشیاری خەڵك و
پاراستنی باری ئەمنی ناوچەكە دەگێڕێتەوەو
ئاماری رووداوەكانی ساڵی 2011ش بۆ (سڤیل)
دەخاتە روو.
عەمید عیماد كەنعان، بەڕێوەبەری پۆلیسی
فریاكەوتنی سۆران، بۆ (سڤیل) روونی دەكاتەوە
"ئەمساڵ واتە لەسەرەتای ساڵەوە تا 25-12-2011
لەسنووری بەڕێوەبەرایەتیەكەمان 3 رووداوی
كوشتن هەبووە، لەگەڵ 172 رووداوی دیكەی
جۆراوجۆر، واتە لەنەخۆشخانەی گشتی و بنكە
تەندروستیەكان و نانەوەی كێشە لەگەڵ پۆلیسی
هاتوچۆ، كارمەندانی كارەباو...هتد، هاوكات 56
رووداوی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكێلیش بوونیان
هەبوو، خۆشبەختانە دەستبەجێ كارمەندانی پۆلیسی
فریاكەوتن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكان و
كۆنتڕۆڵی رووداوەكانیان كردووە، هەروەها زیاتر
لە 425 كەس بەهۆی چەند رووداوێكی جیاجیای
گەورەو بچوك دەسگیركراون، لەوانە 399 كەس
بەهۆی شەڕكردن و نانەوەی كێشە جۆراوجۆرەكان
بووە، لەگەڵ دەسگیركردنی 3 كوڕە گەنج لەبەردەم
قوتابخانەكاندا، دەستگیركردنی 5 كەس بەهۆی
بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرو 13 كەس بەهۆی
دزیكردن دەسگیر كراون، لەگەڵ دەسگیركردنی 3
سوالكەر و 2 لەشفرۆش".
لەدرێژەی ئاخاوتنەكەیدا ئەو بەڕێوەبەری پۆلیسی
فریاكەوتنی سۆران، بۆ (سڤیل) ئاشكرای دەكات
لەهەمان بەرواردا دەست بەسەر 20 ئۆتۆمبێل
داگیراوە، 9 ئۆتۆمبێل بەهۆی سەرپێچیكردنی
جۆراوجۆرو 4 ئۆتۆمبێلی گومانلێكراو، بەهاوكاری
هێزەكانی ئاسایشی سۆران، لەگەڵ 4 ئۆتۆمبێلی
مەشروبفرۆشان، بەهۆی وەستانیان لەشوێنی
نەگونجاوو دەست بەسەرداگرتنی 3 ماتۆڕسكیل".
ئەو بەڕێوەبەرە زانیاری زیاتری بەخوێنەرانی
(سڤیل)داو گوتی "بەپێی ئەوەی هێزەكانمان بەشەو
و رۆژ لەپاراستنی ژیان و ماڵ و سامانی
هاوڵاتییان دان، بۆنموونە لەسەرجەم شوێن و
گەڕەكە ستراتیژییەكان، مەفرەزەیەكی ئێمە
جێگیرە، بێگومان ئەوەش لەپێناوی زوو
بەهاناوەچوونی هاوڵاتییانە، لەماوەی 12 مانگی
رابردوودا، لەئەنجامی بەهاناوەچوونی
هاوڵاتییانەوە، كارمەندانی فریاكەوتن
توانیویانە 49 كەسی نەخۆش و زامدار بگەیەننە
نەخۆشخانە، كە بەهۆی سووتانی ماڵەكانیان و
رووداوی هاتوچۆ و كەوتنەخوارەوەو...هتد، جێگەی
ئاماژەیە "لەئەنجامی بەشداریكردنی هێزەكانمان
لە 22 رووداوی ئاگركەوتنەوە، بەهەماهەنگی
لەگەڵ هێزەكانی بەرگری شارستانی سۆران،
لەئەنجامدا 4 كارمەندی پۆلیسمان بەشێكی
جەستەیان سووتاو چارەسەری پزیشكیان بۆ
ئەنجامدرا، جگەلەوەش هێزەكانمان هەوڵی
پاراستنی 6 خۆپیشاندانیان داوە، كە لەلایەن
هاوڵاتییانەوە لەبوارە جیاجیاكاندا ئەنجام
دراون، هەروەها دۆزینەوە 7 منداڵی بچوك و
ئافرەتێك و پیاوێكی بەساڵاچوو، كە بەهۆی
نەزانی و ناشارەزایەوە خێزانەكانییان ون
كردبوو، لەگەڵ بەهاناوەچوونی 22 ئافرەت كە
گومان هەبوو توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام
درابێت، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی 11 پارچە
چەكی سوك، لەكاتی بەنایاسایی بەكارهێنانیان
لەلایەن هاوڵاتییانەوە، هەروەها بەخشینی چەند
بوتلە خوێنێك بۆ دووچاربوانی نەخۆشی
تەلاسیما".
لەكۆتایی ئاخاوتنەكەیدا بەڕێوەبەری پۆلیسی
فریاكەوتنی سۆران، ئاماژەی بەوەدا "ئەوەی
جێگەی خۆشحاڵییە ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ
ساڵانی رابردوو، رووداوەكان لەكەمبووندان،
هۆكارەكەی بۆ ئاستی هۆشیاری خەڵك و پاراستنی
باری ئەمنی ناوچەكە دەگێڕێتەوە، بەڵام
لەهەمانكاتیشدا شوێنێكی ئەوها فراوانی
دەڤەرەكەمان، كە چەندین گوندو شارو شارۆچكە
لەخۆدەگرێت، بێگومان چاوەڕێی رووداوی
لێدەكرێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا توانراوە تا
راددەیەكی باش باری ئەمنی ناوچەكەمان
بپارێزرێت".
|