ساڵی 2011 نزیكەی 9 هەزار هاوڵاتی بریندار بوون  

 

 

سڤیل: هەولێر

بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2010 رووداوەكان و قوربانییەكانیش كەمتر بۆتەوە

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندنی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، لەساڵی 2011 نزیكەی 9 هەزار رووداوی هاتوچۆ لەهەرێمی كوردستاندا روویانداوە، وێڕای زۆری رووداوەكان، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2010 رووداوەكانی هاتوچۆ كەمیكردۆتەوە.
عەمید قادر سدیق، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ راگەیاندنی‌ هاتوچۆی‌ هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ "سڤیل" زیانە گیانی و جەستەییەكانی رووداوەكانی هاتوچۆی لە ساڵی 2011دا ئاشكراكردو گوتی "لە 12 مانگی رابردووی ساڵی 2011دا لەسەرجەم شارەكانی كوردستان هەولێر، سلێمانی، كەركوك، دهۆك، لەئەنجامی سەرپێچی هاوڵاتیاندا 8817 كەس بریندار بوون، بەپێی دەرئەنجامەكانیش لەشاری سلێمانی 278 هاوڵاتی مردوون، لەهەولێریش 178 هاوڵاتی مردوون، هەروەها لەشاری دهۆك 85 مردوون، لەكەركوك و گەرمیانیش 127 هاوڵاتی لەرووداوەكانی هاتوچۆدا مردوون. واتە كۆی گشتی ئەو هاوڵاتیانەی لەرووداوەكاندا مردوون نزیكەی 749 هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان بە رووداوی هاتوچۆ مردوون، ئەو رێژەیەش رووداوەكانی شاری كەركوكیشی تێدا تۆماركراوە". عەمید قادر هۆكاری ئەو رووداوانەی بۆ دەرئەنجامی تیژ لێخورین و پابەند نەبوونی شۆفێران بە یاساكانی هاتوچۆ و خراپی رێگاكان گێڕایەوە.
عەمید قادر لەلێدوانێكەیدا بۆ (سڤیل) بەراوردی لەنێوان رووداوەكانی 2010 و 2011 كردو گوتی "بەگوێرەی ئامارەكان رووداوەكانی ئەم ساڵ لەچاو ساڵی رابردوودا كەمیكردووە. چونكە لەساڵی 2010 نزیكەی 12 هەزار بریندار هەبووە، لەگەڵ 870 كەسیش گیانیان لەدەست داوە. لەگەڵ 67 كەمئەندام ئەمەش بەراورد بەساڵی 2011 رووداوەكان كەمیكردووە". گوتیشی "هیوادارم بەجیاوازی رووداوەكانی ساڵی 2011 بەراورد بەساڵی 2010 هەوڵ بدەین بەرنامەی تێروتەسەل دابڕێژین، بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك بتوانین رووداوەكان بۆ ساڵی 2012 زیاتر كەمتر ببنەوە، چونكە بەداخەوە من رووداوەكان لە 90% بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێنمەوە، لەبەر ئەوە بەبڕوای ئێمە دەبێت شۆفێر لەرێگاكاندا لەسەرخۆبێت، هەورەها مۆبایل بەكار نەهێنێ و خۆی ببەسێتەوە".
دیاردەیەكی تر كە ئایندەی هاتوچۆی كوردستان دەخاتە ژێر مەترسیەوە، زیادبوونی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەیە كە روژانە دەهێنرێنە كوردستان، بەگوێرەی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم نزیكەی "1043000" ئۆتۆمبێل لەهەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام عەمید قادر سدیق ئەو ژمارەیە بەمەترسی نازانێت و دەڵێ "ئەوەندە پابەندبوون بە رێنماییەكان لەلایەن شۆفێران و چارەسەركردنی رێگاوبانەكان گرنگە بۆ كەمبوونەوەی رووداوەكان، ئەوەندە زۆربوونی ئۆتۆمبێل مەترسی نییە لەسەر رووداوەكان كە لەئێستادا یەك ملیۆن و 43 هەزار ئۆتۆمبێل لەكوردستان هەیە".
بۆ چاكتركردنی باری هاتوچۆ و بەرنامەی حكومەت، عەمید قادر سدیق گوتی "هەوڵدەدرێت لەساڵی 2012 سیستمی پێدانی مۆڵەت بەشۆفێران ببێتە یەك سیستم، جەخت لەسەر كاری هەموو ئەو نوسینگانە بكرێتەوە، كە دەبێت وانەبێژی چاك دەوری راهێنەر ببینن، بۆ ئەوەی كە هۆشداری باش بدەن بە شۆفێران". بەڕێوەبەرەی‌ گشتی‌ راگەیاندنی‌ هاتوچۆی‌ هەرێم لەكۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ (سڤیل) كەموكوڕی رێگاوبانەكانیشی لەبیر نەكردو گوتی "بێگومان بەشێكی زۆر لە جادە و شەقامەكانیش تا ئێستاكە دیزاینی باشیان بۆ دانەنراوە، بۆیە پێویستیان بە دووسایدكردن و فراوانكردن هەیە، هەروەها لەهەموو ئەو شوێنانەش هێماكانی هاتوچۆ دابنرێت، بۆیە بەبۆچوونی ئێمە ئەوە هەنگاوێكی گرنگە بۆ رێگەگرتن لە رووداوەكان و كەمكردنەوەیان، دەبێت راگەیاندنەكانیش بەجۆرێك ئاگاداربكرێنەوە، كە لەرێگەی ئەوانەوە هاوكاری هاتوچۆ بكرێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زیاتر پابەندبوونی خۆیان بە یاسا و رێنماییەكان زیاتر بەهەند وەربگرن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com