|
سڤیل:
سلێمانی
لەرانیە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە 450 دۆنم زەوی
داگیركراوە بۆ دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون،
تەنها لە 20%ی پرۆژەكەی كردووە بەخانوو ئەوی
تری دەستی بەسەردا گرتووە
لەهەڵەبجە وێستگەیەكی كارەبا بەبڕی (17) ملیار
دینار لەساڵی 2010 دەبوایە جێبەجێبكرایە،
بەڵام ئەسەری دیار نییەو تەندەرشی بۆ نەكراوە
لەسەیدسادق وەزارەتی ناوخۆ پارەی تەرخانكردوە
بۆ بیری ئاو، جێبەجێنەكراوەو پارەكەش دیارنیە،
لێدانی بیریش ئیشی ئەو نییە
لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لیژنەی
خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و گواستنەوەو
گەیاندن و گەشتوگوزار، لەپەرلەمانی كوردستان
بەمەبەستی چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەت و
لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەپرۆژەكان سەردانی
چەند قەزاو ناحیەیەكیان كردووە، لەم دیدارەدا
بیلال سلێمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی لیژنەی
خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی مەبەستی
سەردانەكان رووندەكاتەوەو ئەوەش ئاشكرادەكات،
كە ژمارەیەك كەموكوڕی بەرچاویان
لەپرۆژەكانیاندا بەدی كردووە.
بیلال سلێمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی لیژنەی
خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و گواستنەوەو
گەیاندن و گەشتوگوزار لەسەرەتای دیدارەكەدا
مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوەو ئاماژەی بۆ
ئەوەكرد ئەو سەردانانەی ئەوان بۆ ئەو قەزاو
ناحیانە، لەچوارچێوەی كاروباری پەرلەمانتاریان
دایەو بەئەركی سەرشانی خۆیان زانیوە كە
لەنزیكەوە بچنە ئەو شوێنانە، یەكێك لەكارە
سەرەكیەكانی ئەندام پەرلەمان چاودێریكردنی
كاروبارەكانی حكومەتە، كاتێك كە دانیشتنی
پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانیان نەبێت هەوڵ
دەدەن بەدواداوچوونی مەیدانی بكەن.
لیژنەكەی پەرلەمان لەماوەی دوو هەفتەی
رابردوودا سەردانی شارەوانی قەزاكانی "رانیە،
قەڵادزێ، پێنجوێن، سەیدسادق، هەڵەبجەی شەهید،
(هەڵەبجەی تازە) شارەزوور" یانكردووە بەهەموو
ناحیەكانیشیەوەو لەگرفتەكانیان كۆڵیوەتەوەو
لەنزیكەوە هەوڵیانداوە لە چۆنیەتی ئیشوكارەكان
بكۆڵنەوەو ئەو پرۆژانەشی كە پەیوەندی
بەلیژنەكەیانەوە نەبووبێت، دوورونزیك
چاودێرییان كردووە.
بەبۆچوونی بیلال سلێمانی تاڕادەیەكی باش
بەشێكی زۆر پرۆژەكان كاری باشكراوە بەتایبەتی
ئەوانەی لەمساڵدا چوونەتە بواری
جێبەجێكردنەوەو جدیەتی باشیان پێوەدیارە،
سەبارەت بەكەموكوڕی پرۆژەكان بەگشتی لەو
شوێنانە ناوبراو گوتی "بەڵام بەگشتی لەكۆی
شوێنەكاندا هەندێك پرۆژە هەبوو حكومەت و
لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵیان دەدات
راستیەكانمان لێبشارنەوە، لەوەی هەندێك پرۆژە
هەبوو هەوڵیانداوە ئاڵوگۆڕ لەو پرۆژانەدا
بكەن، كەپەرلەمان بڕیاری لێداوە، بەبێ ئەوەی
بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان یاخود ئاگادار
بكرێینەوە، هەندێك پرۆژە هەبوو كە پارەی بۆ
تەرخانكراوە، بەڵام دواتر جێبەجێنەكراوە،
هەندێكی بۆ پێش 2010 دەگەڕێتەوەو هەیانە
تەندەریشی بۆ نەكراوە". ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات
كە ئەوەی بۆ ئەوان مایەی سەرنج بووە كێشەی
تاپۆ لەهەموویاندا دووبارەبووەتەوە، بەوتەی
ئەو ژمارەیەكی زۆر لەزەوی و خانوو لەو شوێنانە
تاپۆ نەكراون، هەروەها لەزۆربەی قەزاو
ناحیەكان زەوی ئەوتۆ نەماوە بۆئەوەی
دابەشبكرێت بەسەر هاوڵاتیاندا یان پرۆژەی
وەبەرهێنانی لەسەر بكرێت. لەهەندێك شوێنەكان
زەوی كشتوكاڵیەكان بەبێ ئاگاداری خاوەنەكانیان
لەسەردەمی رژێمدا تاپۆی كردووە لەسەر
شارەوانیەكان ئەمەش گرفتی دروستكردووە.
دەربارەی وردەكاری و كەموكوڕیەكان سەرۆكی
لیژنەی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، ئەوەی
خستەڕوو لەزۆربەی شوێنەكان پرۆژە هەبووە
گوێزراوەتە بۆ شوێنێكی تر بەنمونە لەكاتی
پەسەندكردنی بودجەدا لەپەرلەمان پێشنیاری ئەوە
كراوە پرۆژەیەك بەبڕی (4) ملیار دینار تەرخان
بكرێت بۆ بەدووسایدكردنی شەقامی گشتی
ناوبازاڕی قەڵادزێ و پارەكەشی بۆ تەرخانكراوە،
بەڵام ئەم پرۆژەیە بەبێ ئەوەی پرس بەپەرلەمان
بكرێت گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێكی تر، ئەو گوتیشی
"ئێمە تائێستاش نازانین بۆكوێ گوێزراوەتەوەو
پارەكەشی چی لێهاتووە"، نمونەیەكی تریش
دەهێنێتەوەو دەڵێت "پرۆژەیەكی تر لەشكارتە سەر
بە رانیە سەرۆكی شارەوانی گلەیی ئەوەی كرد كە
پرۆژەیەكیان بۆ دەرچووە كە تایبەتە
بەقیرتاوكردن و كۆنكرێتی كۆڵانەكان بڕی
پارەكەی كەمەو بەشی ناكات، دوای ئەوەی
لێكۆڵینەوەمان كرد بڕی یەك ملیارو نیوی بۆ
تەرخانكراوە، بەڵام بەئەوانیان راگەیاندوە
تەنها 400 ملیۆنتان بۆ خەرجكراوە، ئەوی تری
پارەكە بۆ كوێ چووە؟ دیار نییە".
"بیلال سلێمان ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات لەقەزای
سەیدسادقیش پرۆژەیەك بەبڕی ملیار و نیوێك بۆ
گەڕەكی ئاشتی تەرخانكراوە لەساڵی 2010دا
پارەشی بۆ دەرچووە، بەڵام جێبەجێنەكراوە و
هێشتا ئەسەری پرۆژەكە دیارنیە" گوتیشی "ئێمە
بەدواداچونمان كرد دەركەوت ئەو پرۆژەیەش
گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێكی تر بەبێ ئاگاداری
پەرلەمان كە حكومەت بۆی نییە ئەو پرۆژانە
بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی تر، مەگەر تەنها لەناو
سنوری قەزاكەدا ئاڵوگۆڕی پێ بكات، حكومەت ئەم
ئاڵوگۆڕانەشی كردووە ئێمەی ئەندامانی
پەرلەمانی ئاگادارنەكردوەتەوە"، جگە لەوە هەر
لەسەیدسادق لەساڵی 2010دا لەلایەن وەزارەتی
ناوخۆوە پارە تەرخانكراوە بۆ لێدانی شەش بیری
ئاو، بەڵام ئەوەش جێبەجێنەكراوەو پارەكەش
دیارنیە، ئەو گوتیشی "سەیرم لەوەش دێت لێدانی
بیر كەی ئیشی وەزارەتی ناوخۆیە"، هەر لەوێ
پارە بۆ دروستكردنی بینایەك بۆ دادگا لەساڵی
2010 تەرخانكراوە، بەڵام پرۆژەكە
جێبەجێنەكراوەو پارەكەشی چی لێهاتووە دیار
نییە.
لەهەڵەبجەی شەهیدیش چەند پرۆژەیەكیش
نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو شارەوانیش
وەڵامی بۆ دواكەوتنی ئەوە بوو كە شوێنەكەی
ئەوان سنورییەو كەمتر كۆمپانیا روویان تێدەكات
و مەسروفاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش زیاتریان
تێدەچێت، بە نموونە پرۆژەیەك لەناوشاری
سلێمانی هەمان بڕی پارەی بۆ دانراوە لەهەڵەبجە
كە ئەمەش ناگونجێت، چونكە ئەوێ شوێنەكەی
دوورترەو بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و كرێكار
مەسروفاتی زیاتری تێدەچێت. هەر لەهەڵەبجە
وێستگەیەكی كارەبا بەبڕی (17) ملیار دینار
لەساڵی 2010 دەبوایە جێبەجێبكرایە، بەڵام
ئەسەری دیار نییەو تەندەریشی بۆ نەكراوە، هەر
لەهەڵەبجە خەستەخانەیەك بۆ بەركەوتوانی
كیمیاباران دەرچووە، بەڵام تەواو نەكراوەو
لەوەش خراپتر كۆمپانیای جێبەجێكار رایكردووەو
تەواونەكراوە.
بیلال سلێمان ئەوەشی گوت "بەگشتی پارە بۆ
پرۆژە تەرخانكراوەو ئێستاش هەندێك لەو پرۆژانە
جێبەجێنەكراوەو پارەكەشی دیار نییە، جا ئەو
پارە چوەتەوە خەزێنەی حكومەت یاخود كراوە
بەپرۆژەی تر روون نییەو نازانین چی لێهاتووە،
ئێمە ناتوانین بڵێین پارەكە خوراوە، بەڵام لای
ئێمە روون نییە پارەكە چی لێهاتووە، پێویستە
لایەنە پەیوەندیدارەكان روونكردنەوەمان
بدەنێ".
دەربارەی كەموكوڕییەكانی تریش ئەو
پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە
لەقەڵادزێ پرۆژەی ئاوی خاسە لەساڵی 2005
بڕیاری لەسەر دراوەو لەساڵی 2007 چووەتە بواری
جێبەجێكردنەوە، لەوكاتەدا بڕی 11 ملیاری بۆ
دانراوە، پرۆژەكەی گەورە كردووە، كە ئەمە
یاسایی نیە لەكاتی گەورەكردنی پرۆژەدا پێویستە
تا 20%ی گەورەبكرێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە 300%
گەورە كراوە، كە ئەمە نایاساییەو بڕەكەی
بووەتە 43 ملیار كە هێشتا داوای 2 ملیاری
تریان كردووە. گوتیشی "لەرانیە شارەوانی ئێستا
زەوی نەماوە بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان، لەرانیە
لەلایەن كۆمپانیایەكەوە 450 دۆنم زەوی
داگیركراوە بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ
دروستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام تەنها لە
20%ی پرۆژەكەی كردوە بەخانوو، ئەوی تری
ماوەتەوەو دەستی بەسەردا گرتووە لەشوێنێكی زۆر
باشی رانیەشدایە، هەروەها ئەو ماوەیەی كە بۆ
تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە دانراوە لە 70%ی
تەواوبووە، كەواتە ئەوەمان پێدەڵێت ئەم
كۆمپانیایە بەم شێوەیە ناتوانێت پرۆژەكە
جێبەجێبكات، حكومەت لێپرسینەوەی بۆ نەكردووە
نازانم".
سەبارەت بەوەی كە چ لایەنێك زیاتر كەمتەرخەمە
ئەو پێیوایە كە خودی شارەوانیەكان كەمتر
مەسئولیەتیان دەكەوێتە سەر شان و زیاتر
كێشەكان پەیوەندی بە خودی وەزارەتەكان و
پارێزگارەوە هەیەو ئەوان ئاڵوگۆڕی پرۆژەكانیان
كردووەو دەستكاریان كردووە، سەرۆكی لیژنەی
خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لەپەرلەمان گوتیشی
"ئێمە بەردەوام دەبین لەسەردانەكانی خۆمان
هەموو شارو شاروشارۆچكەكان بەسەر دەكەینەوە،
راپۆرتی خۆمان لەسەر ئەو كەموكوڕیانە دەدەینە
سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و داوای
روونكردنەوەی پێویست دەكەین". |