سڤیل وردەكاریی چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆڕمی‌ قەرەبووكردنەوەی‌ زیانلێكەوتوانی‌ دەستی رژێمی‌ بەعس بڵاو دەكاتەوە  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

75%ی خەڵكی كوردستان لەو قەرەبووكردنەوەیە سودمەند دەبن


راوێژكارێكی دەستەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، لەڕێگەی (سڤیل)ەوە زانیاری ورد دەربارەی چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆڕمی‌ قەرەبووكردنەوەی‌ زیانلێكەوتوانی‌ دەستی‌ رژێمی بەعس باس دەكات، ئاماژەش بەوە دەكات، 75%ی هاوڵاتیانی كوردستان دەتوانن سودمەندبن لەو قەرەبووكردنەوەیە كە بڕەكەی 10 ملیۆن دینارە.
عەدالەت عومەر، راوێژكار لەدەستەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ناوچانەی ناكۆكیان لەسەرە لەچاوپێكەوتنی لەگەڵ (سڤیل)، باس لەوە دەكات، لە 1/1/2012 دابەشكردنی فۆرمەكە دەستی پێكردووە، تاوەكو 31/3/2012 بەردەوام دەبێت.
دەربارەی ئەو كەسانەی كە دەتوانن ئەم فۆرمە پڕ بكەنەوە، عەدالەت گوتی "بەپێی مادەی 58ی یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی راگوزەری ساڵی 2004دا ئەو كەسانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
راگوێزراوەكان، دوورخراوەكان، كۆچپێكراوەكان، دانیشتوانی گوندە تێكدراو و راگوێزراوەكان، كە نزیك بە 4500 گوندی كوردستانە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق بەپێی بەڵگەنامەكان دانی بەوە داناوە كە 2250 گوندی كوردستانی ڕووخاندووە، بۆیە دەتوانم بڵێم بەپێی ئەو فۆرمە بێت، ئەگەر 80% هاوڵاتیانی كوردستان فۆرمەكە پڕبكەنەوە، 75%ی دەتوانن سودمەندبن لەو بڕە پارەیە".
عەدالەت ئەوەشی گوت "پێویستە ئەو كەسەی‌ زیانی‌ بەركەوتووە بەبەڵگە بیسەلمێنێت و بەڵگەیەك پێشكەش بكات، كە پێویستە كاتی‌ زیانەكانی‌ لەنێوان (17/7/1968-9/4/2003 )بێت، هەروەها پێویستە ئەو كەسانەی‌ فۆرم پڕدەكەنەوە، مێژووی‌ هاوسەرگیریان لەپێش رووخانی‌ رژێمی‌ بەعس بێت، واتا پێش 9/4/2003، لەگەڵ سورەت قەیدی‌ هاوسەر و كۆپی‌ رەگەزنامە و ناسنامە.
سەبارەت بەو كەسانەی كە سودمەندبوون لەمادەی 140، راوێژكارەكە گوتی "ئەو كەسانە ناگرێتەوە، كە بڕی 10 میلۆن دیناریان وەرگرتووە، وەك قەرەبووكردنەوەی مادەی 140، چونكە ئەم پرۆسەیەش تەواوكەری مادەی 140ە".
پڕكردنەوەی فۆرمەكە لەئێستادا گەیشتوەتە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، راوێژكارەكەی دەستەی گشتی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئاماژە بەرۆڵی سەرۆكی دەستەكە د. محەمەد ئیحسان دەكات، لەچۆنیەتی داكۆكیكردن لەوەی كە قەرەبووكردنەوەكە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوەو گوتی "بەهەوڵی سەرۆكی دەستە، كە جێگری سەرۆكی لیژنەی مادەی (140)ە لەعێراق، پرۆسەی قەرەبووكردنەوەكە هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، كە بڕی 10 ملیۆن دینارە". عەدالەت ئاماژە بەوە دەكات، لەماوەی رابردوو سەرۆكی دەستەكە لەگەڵ سەرجەم بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك كۆبووەتەوە، دەربارەی چۆنیەتی پێدانی زانیاری لەسەر چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمەكە".
وابڕیارە دوای تەواوبوونی وادەی پڕكردنەوەی فۆرمەكان و گەڕانەوەی بۆ یەكە ئیدارییەكان تاكۆتایی 31/3 ئەوكات، دەستەی گشتی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەڕێگەی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەیری فایلەكان بكات و دواتر بخرێتە سیستەمی داتابەیس، ئەم پرۆسەیەش تا كۆتایی مانگی 6 تەواو دەبێت، ئەوكات ئەو كەسانەی كە فایلەكانیان وردبینی كراو مەرجەكانی تێدابوو، چەكی 10 میلیۆن دیناری وەردەگرێت.

مەرج و رێنماییەكانی ئەوانەی دەتوانن فۆرمەكە پڕبكەنەوە:

ئەو كەسانەی كە لەماوەی زەمەنی نێوان 17ی تەمموزی 1968 تاوەكو 9ی نیسانی 2003.
1.راگوێزراوەكان.
2. دوورخراوەكان.
3. كۆچپێكراوەكان.
4. راگواستن.
5. دانیشتوانی گوندە تێكدراو و راگوێزراوەكان.

پێویستییەكان بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی قەرەبووكردنەوە:

قەواڵە رەسمییەكان وەك بەڵگەی نوسراو لەسەلماندندا وەردەگیرێن.
ب- قەواڵە رەسمیەكان (السندات الرسمیە) بریتین لە:
ناسنامەی باری شارستانی.
رەگەزنامە.
بەڵگەنامەی خزمەتی سەربازی (دفتر الخدمە).
فۆرمی خۆراك.
گرێبەستی هاوسەرگیری.
تۆماری لەدایكبوون.
تۆماری كۆچی دوایی كردن.
پەساپۆرت.
كاری فەرمی و كاری ئازاد لەماوەیەكی دیاریكراودا.
یەكێك لەئامارە فەرمییەكانی ساڵانی (1947-1957).
بڕیاری دادگاكان.
داهێنانكاری لە هەر بوارێك (براءە الاختراع)
گرێبەستە كشتوكاڵییەكان.
تۆماری خانوبەرە.
تۆماری دەنگدەران.
ئاماژەی نیشتەجێبوون و مانەوە لەپەساپۆرتی عێراقیدا.
بەڵگەنامەی دانپێدانان بە سیفەتی پەنابەریەتی لەوڵاتانی عەرەبیدا.
بڕوانامەی دانپێدانان بە سیفەتی پەنابەریەتی.
تۆماری كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان.
هەر بەڵگەنامەیەكی فەرمی تر.
سەبارەت بەو كەسانەی كە بەڵگەی نوسراویان نیە بۆ ئیسپاتكردنی، راوێژكارەكەی دەستەی گشتی ناوچە كێشە لەسەرەكان گوتی "دەكرێ واقیعە مادییەكان بەگەواهیدان (الشهادە) ئیسپات بكرێن. لە هەر پارێزگایەك لێژنەیەك بەسەرۆكایەتی دادوەرێك پێكدەهێنرێت، كە سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی لەناوچەكەدا دەستنیشانی دەكات، لەگەڵ ئەندامیەتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پارێزگا، بەڕێوەبەری نوسینگەی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور لەپارێزگاكە. ئیسپاتكردن لە رێگای گەواهیدانەوە لەبەردەم ئەو لێژنەیەدا ئەنجام دەدرێت".

 

 

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com