|
سڤیل:
هەڵەبجە
بەهۆی كیمیابارانەكەوە، زیاتر لە 50 منداڵ ون
بوون و چارەنوسیان دیارنیە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 23 ساڵ بەسەر
كیمیابارانی ساڵی 1988ی هەڵەبجەدا، بەڵام
هێشتا ئاسەواری ئەو رووداوە ماوەو لەو
چوارچێوەیەشدا زیاتر لە 50 منداڵی ونبووی ئەو
كارەساتە چاوەڕوانی دۆزینەوەن و كەسوكاریان
تامەزۆری ئەوەن، جارێكی تر بەیەك شادببنەوە.
لەماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا دوو گەنجی
شارەكە كەمپینێكیان لەوڵاتی ئێران راگەیاند
بەمەبەستی دۆزینەوەیان.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەش ئاماژە بۆ
ئەوەدەكات، ئەوان چەند جارێك ئەو پرسەیان لای
دەسەڵاتداران وروژاندوە، بەڵام تائێستا هیچ
شتێك لەوبارەیەوە نەكراوە، بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی
هەڵەبجە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئەوان
بەرنامەیەكی نوێیان بەدەستەوەیە بۆ گەڕان و
دۆزینەوەی ئەو منداڵانە. هاوكات لەكاتی
پێشوازیكردنیان لەعەلی و دایكی (زمناكۆ) كوڕە
دۆزراوەكەی هەڵەبجە، هەر یەك لەمەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح
سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەڵێنیان دا
بەدواداچوونی جدی بۆ دۆزینەوەی منداڵە
ونبووەكانی هەڵەبجە بكەن، بەڵام هێشتا ئەو
بەڵێنە نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دوو گەنجی هەڵەبجەیی بەمەبەستی دۆزینەوەی
منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجەی شەهید كە
لەكیمیارانەكەدا ون بوون، تائێستا لەوڵاتی
ئێران لەلایەن چەندین خێزانی ئەو وڵاتەوە
بەخێودەكرێن، كەمپینێك لەمیدیاكانی ئێراندا
رادەگەیەنن. راگەیاندنی ئەو كەمپینە دوای ئەوە
دێت كە لەساڵانی رابردوودا چەندین رووداوی
گەڕانەوەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە
لەئێرانەوە روویدا، بەتایبەتی رووداوی
گەڕانەوەی گەنجێك بەناوی (عەلی) كە ئەو
رووداوە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە
دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. كەمپینەكە
لەلایەن دوو گەنجی شاری هەڵەبجەوە بەناوەكانی
(سەڵاح جەمیل و نەریمان عەلی)ەوە
راگەیەنراوە، كە بەشێوەیەكی بێ بەرامبەر و بێ
پشتگیری هیچ لایەن و رێكخراوێك هەستاون بە
راگەیاندنی و بڵاوكردنەوەی لەچەندین دەزگای
راگەیاندنی وڵاتی ئێراندا.
سەڵاح جەمیل یەكێك لەڕێكخەرانی كەمپینەكە بە
(سڤیل)ی گوت "بۆ كەمپینەكەمان پشتگیرییەكی
باشمان بەدەستهێناوە لەلایەن كەسانی ناوەوەو
دەرەوەی ئێران، كە تایبەتمەندی بواری چەكی
كیمیاوین، بەڵێنیان پێداوین هاوكاریمان بكەن
لەسجیلی نەخۆشخانەكاندا كە كاتی خۆی ئەوان
منداڵەكانی هەڵەبجەیان تەبەنی (لە ئەستۆ)
گرتووەو هەموو سجیلەكانیان پارێزراوە".
ئەو رێكخەرەی كەمپینەكە باسی لەوەشكرد هەوڵی
تەواو دەدەن بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكانی
هەڵەبجە، ئەگەر زانیارییان لەسەر منداڵە
ونبووەكان دەستكەوت سەردانی ئێران دەكەن،
گوتی "چەندین خێزانی هەڵەبجەیی كە منداڵیان
ونبووە داوا دەكەن كە هەوڵیان بۆ بدرێت بۆ
دۆزینەوەی منداڵەكانیان". سەڵاح جەمیل ئاماژە
بۆ ئەوەشدەكات بەنیازن لەئایندەیەكی نزیكدا
سەردانی شاری قوم بكەن و بچنە حەوزەی عیلمی
ئەوشارەو لەرێگەی ئەوانەوە داوا لەسەرجەم
وتارخوێنەكانی ئێران بكەن، كە لەوتاری رۆژێكی
هەینیدا ئەو پرسە بوروژێنن و بانگەواز بۆ
دۆزینەوەو هاوكاریكردنی ئەو منداڵە ونبوانە
ئەنجام بدەن.
عەلی كە ناوی راستەقینەی (زمناكۆ محەمەد)ە ئەو
گەنجەیە كە مانگی یەكی ساڵی 2009 دۆزرایەوەو
زۆربەی میدیاكانی بەخۆیەوە خەریك كردو بووە
یەكەمین گەنجی دۆزراوەی هەڵەبجە، ئەو دوای 21
ساڵ ئاوارەیی و دوور لەخێزانی راستەقینەی خۆی
گەڕایەوە هەڵەبجە، چیرۆكی دۆزینەوەی عەلی وای
لە كەسوكاری منداڵە ونبوەكانی تری هەڵەبجەكرد
كە سەرلەنوێ بەدوای منداڵەكانیاندا بگەڕێن و
سۆراخیان بكەن.
لای خۆشیەوە لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی
قوربانیانی هەڵەبجە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات دوای
دۆزینەوەی عەلی ئەو خێزانانەی كە بانگەشەی
ونبوونی منداڵەكانیان دەكرد، لای ئەوان ناوی
خۆیان تۆمار كردووەو داوای دۆزینەوەی
منداڵەكانیان دەكەن، ئەو گوتیشی "لەڕووداوی
كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا، ژمارەیەك خێزان
منداڵیان ونبووە كە 46 خێزانە زیاتر لە 50
منداڵ تائێستا دیارنین". سەرۆكی كۆمەڵەی
قوربانیان هێما بۆ ئەوەشدەكات، كە چەند جارێك
ئەو پرسەیان وروژاندوە لای حكومەت، بەڵام
هێشتا هیچ نەكراوە، ئەو گوتیشی "حكومەتی
هەرێمی كوردستان ئێستە لەهەوڵدایە تا
گرێبەستێك بكات لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانیایی
بۆ ئەوەی شیكاری DND بۆ ئەو خێزانانە بكات، كە
بانگەشەی ونبوونی منداڵەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی
ئامادە بێت بۆ هەركاتێك كە پێویستمان بوو".
بەبڕوای سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە
ئەم ئامادەكارییە ئاسانكارییان بۆ دەكات، بۆ
ئەوەی هەر منداڵێكی تری هەڵەبجەیی دۆزرایەوە
ئەوان شیكاری DND یان ئامادە بێت بۆ خێزانەكان
و تەنیا ئەو شیكارییە بۆ كەسە دۆزراوەكە بكەن.
قەزای هەڵەبجە دەكەوێتە سنوری پارێزگای
سلێمانیەوەو 81 كم لێوەی دوورەوەو لە 16ی 3ی
1988 كەوتوەتە بەر هێرشی كیمیایی رژێمی
بەعسەوە، بەپێی ئامارە نارەسمیەكان نێزیكەی 5
هەزار كوژراو و 10 هەزار برینداری لێ كەوتەوە،
هاوكات ژمارەیەك لەهاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە
منداڵیان لێ ونبووەو تائێستاش نەدۆزراوەتەوە.
لای خۆشیەوە سەعدون محەمەد ساڵح بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی
هەڵەبجە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئەوان
كەمتەرخەمیان نەنواندوە بۆ دۆزینەوەی ئەو
منداڵانەو لەپشكنین و گەڕانی بەردەوامدان.
گوتیشی "بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو منداڵانە ئەو
خێزانانەی كە منداڵیان ونبوە پشكنینمان
بۆكردوون، بەڵام بەهۆی هەڵەیەكەوە ژمارەیەك
لەو فەحسانە هەڵە دەرچوون و پێویستە
جارێكیتریش پشكنینیان بۆ بكەینەوە".
ئەو بەرێوەبەرە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئەو
كێشەیە ئەوەندە ئاسان نیە تۆ بەرۆژ و دوو رۆژ
چارەسەری بكەیت و زیاتر لە 23 ساڵ بەسەر
رووداوەكەدا تێپەڕبووە، بۆیە پێویستی بەكات و
دەرفەتی زیاترە بۆ ئەوەی كێشەكە بەتەواوەتی
چارەسەر بكرێت، گوتیشی "ئێمە وەك وەزارەت ئەو
پرسەمان ئیهمال نەكردوەو لەمساڵدا بەبەرنامەی
نوێوە كار بۆ دۆزینەوەی ئەوكەسانە دەكەین و
پێدەچێت وەفدی تایبەت بنێرینە ئێران بۆ
سۆراخیان". سەعدون محەمەد جەخت لەسەر
ئەوەشدەكاتەوە تائێستا هیچ كەسێكی نوێ
نەدۆزراوەتەوە، گوتی "راستە دەنگۆی ئەوە
هەبوو، كە چەند خێزانێك لە دەربەندیخان و
سەیدسادق و رانیە منداڵی ئەوكاتەیان لەلایە،
بەڵام ئەو دەنگۆیە راست نەبووەو بەپێی
زانیاریەكانی ئێمە سەرجەم منداڵە ونبوەكانە
هەڵەبجە لەئێرانن ئەگەر مابن".
بۆ وەرگرتنی رای قایمقامی قەزای هەڵەبجە،
(سڤیل) چەند جارێك پەیوەندیكرد بە گۆران
ئەدهەمەوە، بەڵام بەبیانووی سەرقاڵیی
بەئیشوكاری هاوڵاتیانەوە، ئامادەنەبوو
روونكردنەوە لەوبارەیەوە بدات.
|