|
سڤیل:
بیلال سەعید
"لەساڵی 2012، نزیكەی 10 پێشانگای ئابوری
دەكرێتەوە"
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لەپێشانگای
نێودەوڵەتی هەولێر، زیاتر لە 40 پێشانگای
ئابووری لەبوارە جۆراوجۆرەكان كراوەتەوە.
سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر باس لەوە
دەكات، لەساڵی 2012دا 10 تا 15 پێشانگای دیكە
دەكرێتەوە، شارەزایەكی بواری ئابوریش داوا
دەكات، لەجیاتی كردنەوەی پێشانگا، گرنگی
بەوەبەرهێنەر و بازرگانی ناوخۆیی بدرێت.
پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، لەساڵی 2005
دامەزراوە، بەپێی ئاماری پێشانگاكە لەماوەی 6
ساڵی رابردوودا 40 پێشانگای ئابووری
كراوەتەوە، لەماوەی ساڵی رابردوو لەپێشانگای
نێودەوڵەتی هەولێر 11 پێشانگای تایبەتمەند
لەبوارەكانی (پیشەسازی، شارەوانی، بیناسازی،
كتێب، نەوت و غاز، فڕۆكەوانی، كاڵای ئێرانی،
كشتوكاڵ، تەندروستی و كاڵا ئیتالییەكان)
كراوەتەوە.
عەبدوڵڵا ئەحمەد سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی
هەولێر، بە (سڤیل)ی راگەیاند، "وەك
سەرپەرشتیارانی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر
ساڵانە بەرنامەیەك بۆ كردنەوەی پێشانگاكان
دادەڕێژین، بۆیە بەپێی بەرنامەكەمان 10 تا 15
پێشانگا لەساڵی 2012 دەكەینەوە.
عەبدوڵڵا ئەحمەد لەگەڵ سەیركردنی خشتەی
بەرنامەكانی ساڵی 2011ی پێشانگاكەیان گوتی
"لەماوەی ساڵی 2011دا 11 پێشانگای
نێودەوڵەتی لەهەولێر كراونەتەوە، كە دوا
پێشانگا لەبواری نەوت و غاز بوو، كە لە 15ی
كانونی یەكەم بەبەشداری 85 كۆمپانیا لە 15
وڵاتی جیهان كرایەوە".
سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر ئاماژەشی
بەوە كرد، بەپێی بەرنامەكە هەر مانگێك
پێشانگایەك یان دوو پێشانگای نێودەوڵەتی
دەكرێتەوە، جگە لەمانگەكانی حەوت و هەشت،
ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما،
لەنێو ئەو پێشانگایانە یەك پێشانگا گشتی
دەبێت، ئەوانی تر هەر پێشانگایەك تایبەت بە
بوارێكی دیاریكراو دەبێت.
كردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتییەكان لەناو
رۆژنامەنووسانی ئابووری و شارەزایانی بواری
ئابووری لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت،
رۆژنامەنووسێكی ئابووری باس لەوە دەكات،
پێویستە میدیای كوردی و رۆژنامەنووسانی
ئابووری لەكاتی رووماڵكردنی پێشانگاكاندا
بەدوای كاریگەری ئەو پیشانگایانەدا بگەڕێن.
محەمەد عەبدوڵڵا رۆژنامەنووسی ئابووری
بە(سڤیل)ی راگەیاند، "دوای دەرچوونی یاسای
وەبەرهێنان حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵەكانی
خستوەتە كار بۆ هێنانی زۆرترین كۆمپانیای
جیهانی بۆ ناو كوردستان، ئەم هەوڵە كارێكی
باشە، بەڵام لایەنی سلبی و ئیجابی هەیە، ئەویش
ئەوەیە كە زۆر لەو كۆمپانیایانە كاڵاكانیان
لەڕووی كوالێتییەوە باش نیە، لەگەڵ ئەوەشدا
رۆڵی باشیان هەیە بۆ برەودان بەگەشەپێدانی
سەرجەم بوارە ئابوورییەكان".
دەربارەی زۆربوونی كردنەوەی پێشانگا
ئابوورییەكان و كاریگەری لەسەر هەرێمی
كوردستان، محەمەد عەبدوڵڵا كە لەهەمانكاتدا
بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەیەكی ئابووریە،
ئاماژە بەوە دەكات كردنەوەی پێشانگاكان كارێكی
باشە، بەڵام تائێستا ئاماژە بەوە ناكرێت لەو
پێشانگایەدا چەند ڕێكەوتننامە لەنێوان
كۆمپانیا بیانییەكان و بازرگانەكانی كوردستان
مۆر كراوە؟ چەند لەو كۆمپانیانە ئامادەن
لەكوردستان بمێننەوە؟ ئەو پێشانگایانە چ
دەرئەنجامێكی بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە؟ كە
هەر سی خاڵەكە پێویستە راگەیاندن لەدوای
تەواوبوونی پێشانگاكان بەدوایدا بچێت.
د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی
كوردستان لەكاتی كردنەوەی حەوتەمین پێشانگای
نێودەوڵەتی ئاماژەی بەگرنگی كردنەوەی پێشانگا
ئابوورییەكان بۆ هەرێمی كوردستان كردو گوتی
"بەهۆی كرانەوەی ئەو پێشانگا نێودەوڵەتییانە،
جولەیەكی بازرگانی بەرچاو هەرێمی كوردستان و
عێراقی گرتۆتەوە، ئەو پیشانگایانە
رێخۆشكەربوونە بۆئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا
ئاوەدانكردنەوە لەسەر دەستی كۆمپانیا
بیانییەكان دەست پێبكات".
سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێریش باس لەوە
دەكات، كردنەوەی پێشانگاكانی هەرێم دەرفەتێكی
گەورەیە بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بەجیهانی
دەرەوە، هەرێمی كوردستان بووەتە دەروازەیەك بۆ
بازاڕی هەموو عێراق، بۆیە كۆمپانیاكان
دەیانەوێت لەهەرێمی كوردستان كاربكەن.
دەربارەی ژمارەی ئەو ڕێكەوتننامانەی كە لەكاتی
كردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتییەكان لەهەرێمی
كوردستان هاتونەتە كایەوە، سەرۆكی پێشانگای
نێودەوڵەتی هەولێر، كە پیشتر بریكاری وەزیری
دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئاماژە
بەوە دەكات، لەدوای تەواوبوونی هەموو
پێشانگایەك فۆرمێكی هەڵسەنگاندن ئامادە
دەكەین، بۆئەوەی بزانین ئایا كۆمپانیاكان
تاچەند رازیبوون؟ ئایا پێشانگای دیكە بكرێتەوە
ئامادەن یان نا؟ ئایا رێكەوتنامەیان ئەنجام
داوە؟ چەند پرسیاری دیكە، بۆیە ئەوەی
زانیومانە تا ئێستا زۆرینەیان ئامادەن بێنەوە
كوردستان و رێكەوتننامەیان ئەنجام داوە.
كیڤین ترا، سەرۆكی گشتی كۆمپانیای ئێل جی، كە
لەحەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ئامادەبوون
بە(سڤیل)ی راگەیاند "بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای
ئێل جی لەئێستادا رۆڵێكی سەرەكی لەجیهاندا
دەگێڕێت، بۆیە بەبەشداربوونمان لەو
پێشانگەیەدا دەمانەوێت رێكەوتننامە مۆر بكەین،
لەگەڵ بازرگانە عێراقییەكان بۆ ئەوەی زۆرترین
كاڵاو پێداویستی رەوانەی بازاڕەكانی عێراق
بكەین".
كۆمپانیای ئێل جی كە لەئێستادا 80 لقی سەرەكی
لەجیهاندا هەیەو چەندین كارگەی هەیە، سەرۆكی
كۆمپانیاكە ئاماژە بەوە دەكات، كۆمپانیاكەیان
لەئێستادا زۆرترین كاڵا رەوانەی بازاڕەكانی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
ئەیوب سماقەیی، شارەزا لەبواری ئابووری،
بە(سڤیل)ی راگەیاند، "ئەوەی لەكردنەوەی ئەو
پێشانگا ئابوورییانەی لەهەرێمی كوردستان
دەبینرێت، تەنیا بابەتێكی راگەیاندنە، چونكە
لەكوردستان ئابووری كراوەتە قوربانی سیاسەت،
بۆنمونە لەكاتی كردنەوەی پێشانگای كتێب،
حكومەت بڕە پارەیەك بەوەزارەتەكان دەدات،
بۆئەوەی كتێب لەو پێشانگایە بكڕن، بۆئەوەی
بڵێن لەپێشانگاكەدا كتێبی باش فرۆشراوە".
ئەیوب سماقەیی كە ئێستا خوێندكاری دكتۆرایە
لەبواری ئابووری، بەپێویستی دەزانێت حكومەت
لەجیاتی گرنگیدان بەكردنەوەی پیشانگا
ئابوورییەكان، گرنگی بەبازرگان و كۆمپانیا
ناوخۆییەكان بدات، بۆئەوەی سەردانی دەرەوە
بكەن، "چونكە ئەو بیركردنەوەیە هەڵەیە، كە
دەڵێت بازاڕی كوردستان لەڕێگەی ئەو
پێشانگایانەوە بەدەرەوە دەناسێنرێت، چونكە
كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان خۆیان بەهۆی
نەخشەوە بەدوای بازاڕی خۆیاندا دەگەڕێن".
سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەربارەی
رۆڵی حكومەت لەگرنگیدان بەپێشانگاكان گوتی
"پێشتر گلەیی و گازندەمان لەوەزارەتەكانی
حكومەت هەبوو، كە وەك پێویست سەردانی
پێشانگاكان ناكەن، بەڵام لەئێستادا زۆر باشە و
پێویستە باشتر بكرێت، بەوەی بەشێك لەو
ڕێكەوتنانەی كە وەزارەتەكان ئەنجامی دەدەن لەو
پێشانگایانەدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین
كۆمپانیا بێتە هەرێمی كوردستان، ئەوكات
گەشەسەندنێكی زیاتری ئابوری لەكوردستان دێتە
كایەوە".
|