(ئیكسۆن مۆبیل) كێڵگەیەكی نەوتی عێراق بەشەش كێڵگەی كوردستان دەگۆڕێـتەوە؟  

 

 

سڤیل: بیلال سەعید

شارەزایەكی بواری نەوت: مانەوەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیــــل دەســــكەوتەكـــــــانی كوردستــــــــان دەپارێزێت

مشتومڕی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند رۆژ بەرۆژ سەبارەت بەگرێبەستەكانی گەورە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبیل) Exxon Mobil توندتر دەبێت، سەرچاوە رۆژنامەوانیەكانیش باس لەوە دەكەن، حكومەتی ناوەند دەستی بەسەر بڕی 50 ملێون دۆلاری كۆمپانیەكەدا گرتووە، وەك سزادانێك بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
ئیكسۆن مۆبیل كۆمپانیایەكی ئەمریكی جیهانی بواری وزەیە، مێژووی دروستبوونی بۆ زیاتر لە 130 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. كۆمپانیەكە لە 140 وڵاتدا لەتەواوی كیشوەرەكانی جیهاندا كاردەكات، بەپێی ئامارەكان كۆمپانیاكە 3%ی نەوتی جیهان و 2%ی وزەی جیهان بەرهەم دەهێنێت.
لەعێراقدا لەدوای رووخانی حكومەتی بەعس تائێستا سێ خولی مۆڵەتپێدان ئەنجام دراوە، لەخولی دووەمی مۆڵەتپێدانیدا كۆمپانیای Exxon Mobil گرێبەستێكی بەستووە، بەمەبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی خۆرئاوای قوڕنە، كەیەكێكە لە كێڵگە گەورەكانی نەوتی عێراق و جیهان و دەكەوێتە خۆرئاوای شاری بەسرە. بەپێی زانیاریەكان یەدەگی نەوت لەكیڵگەی قوڕنە رێژەكەی 43 ملیار بەرمیل دەبێت، بەو پێەش دەبیتە دووەم كێڵگەی نەوت لەجیهاندا، بۆیە لەبەر گرنگی كێلگەكە كۆمپانیای ئیكسۆن توانیویەتی لەخولی دووەمی مۆڵەتپێداندا لەگەڵ گەورە كۆمپانیای بواری وزە (شێل) ئەم كێڵگەیە وەربگرن. لە ئێسـتادا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت لەو كێڵگەیە بەرهەم‌ دەهێنێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی سودوەرگرتن لەم كۆمپانیا زەبەلاحەی بواری نەوت، بەتایبەت كە هاوتەریبە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، لە 18ی تشرینی یەكەمی 2011 شەش گرێبەستی نەوتی لەناوچەكانی (عەرەبەت، قوش، كانكی، پیرمام، بەردەڕەش، بێتواتە) لەگەڵ ئیكسۆن مۆبیل ئیمزاكرد.
(سەباح ساعیدی) جێگری‌ فەرمانگەی‌ گرێبەست و مۆڵەتەكان لەوەزارەتی‌ نەوتی عێراق بەماڵپەڕی‌ (شەفەق نیوز)ی‌ راگەیاندوە "كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبێل لەناو 37 كۆمپانیادایە كە تەندەری‌ زانیاریەكانیان بۆ بەشداری‌ لەخولی‌ چوارەمی مۆڵەتەكان كڕیوە، بەشداریكردنی‌ هەڵدەپەسێرین و چاوەڕێی هەڵوێستی‌ دەكەین دەربارەی‌ گرێبەستەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
(ڤیكتۆریا نۆنلاند) وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "ئیدارەی‌ واشنتۆن سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكانی‌ ئەمریكا بەتایبەتی‌ كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبیلی‌ ئاگادار كردووەتەوە لەمەترسییە یاساییەكان، بەر لەگەیشتن بە رێكەوتنێكی‌ نیشتمانی‌ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ عیراق لەبواری‌ نەوت‌ و غازدا". (حوسێن شەهرستانی)ی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، رایگەیاندووە "عێراق لەسەپاندنی كۆمەڵێك سزا دەكۆڵێتەوە بەسەر كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلدا، كە گرێبەستی پێشخستنی كیڵگەی قوڕنەی لە باشوور لەگەڵ عێراق هەیە".
شەهرستانی كە كابینەكەی پێشوو وەزیری نەوت بوو، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە كەسێكی دژ بە هەرێمی كوردستان ناویان دەبرد گوتیشی "گرێبەستەكانی نەوت و غاز لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێویستە بەرەزامەندی حكومەتی عێراق بێت".
(عەبدولكەریم لعێبی) وەزیری نەوتی عێراق گوتی، كە ئەوان واچاوەڕوان دەكەن ئیكسۆن مۆبیل پتر گرنگی بە جێبەجێكردنی گرێبەستە گەورەكەی لەباشووری عێراق بدات، نەك چەند گرێبەستێكی بچووكی جێی مشتومڕ لەگەڵ كوردستان.
رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بەریتانی راپۆرتێكی لەسەر كیڵگەنەوتییەكان و گازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە، حكومەتی هەرێم توانیویەتی نەوت و گاز بكاتە كارتێك و پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە. لەرۆژنامەكەدا هاتووە، هەرێمی كوردستان چەندین بیری پڕ لەنەوتی هەیە و یەدەكی نەوت بە 40 ملیارد بەرمیل نەوت مەزەندە دەكرێت، هەروەك دەزگای لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریكیش هەمان پێشبینی كردووە.
رۆژنامە بەریتانیەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، چوار ساڵ پێش ئێستا بەرپرسانی ئەنقەرە بەرپرسانی هەرێمیان بەدوژمن دەزانی، بەڵام ئێستا گازی سروشتی پەیوەندییەكانی ئاسایی كردوونەتەوە و رۆژ بەرۆژ لەپەرەسەندندان، كوردیش سەروەتەكەی وەكو كارتێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا بەكارهێناوە.
سەبارەت بەگلەیی و گازندەكانی بەرپرسانی عێراق لەبەردەم جەماوەرێكی زۆر لەشاری دهۆك سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی‌ لەگرنگی‌ كاركردنی‌ كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبیل كرد و گوتی ‌"ئیكسۆن مۆبیل گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بۆ دەرهێنانی نەوت واژۆ كردووە، چونكە بوونی ئەو كۆمپانیایە لەكوردستاندا گرنگییەكی گەورەی هەیە و من پاڵپشتیم لەو كۆمپانیایە كردووە". سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "حكومەتی عێراق و خودی مالكی ئاگاداری گرێبەستەكەی ئیكسون مۆبیل بوون، بەڵام دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە گوتیان ئێمە قبوڵی ناكەین، وەلێ لە راستیدا قسەی ئەم وەزیر و ئەو وەزیرە بۆ ئێمە گرنگ نییە".
لەبەرگرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبواری نەوت، ساڵی رابردوو لەكۆی 11 پێشانگای نێودەوڵەتی كە لەهەرێمی كوردستان كرایەوە، پێشانگایەكی تایبەت بەبواری نەوت لەشاری هەولێر، بەبەشداری 85 كۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیهان كرایەوە.
(عەبدوڵڵا ئەحمەد) بەڕێوەبەری پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی هەولێر بە(سڤیل)ی راگەیاند "ئامانجی كردنەوەی پێشانگا لەبواری نەوت و گاز ئەوەیە كۆمپانیا جیهانیەكان بازاڕێكی دیكەی نەوت بدۆزنەوە، كە كوردستانە، تا زۆرترین كۆمپانیا بەبازاڕی نەوتی كوردستان ئاشنا بكەین" . (فەرهاد حەمزە) شارەزا لەبواری نەوت، ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەر هۆكارە سیاسییەكان وەلابنرێن و تەنها هۆكاری قازانج بخرێتە بەرچاو، ئەوا بێ دوودڵی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل كێڵگەی قوڕنە هەڵدەبژێرێ و ئەوەی هەرێم هەڵدەپەسێرێت. ئەگەر حكومەتی عێراق رازی نەبێت، ئامادە نییە كێڵگەی خۆرئاوای قوڕنە بكاتە قوربانی ئەو ستراكچەرە جیۆلۆجییانەی هەرێم. فەرهاد گوتیشی "دەبێ ئەوەشمان لەبیرنەچێت، حكومەتی عێراق لەكۆندا و لەئێستاشدا پێشكەوتنی پیشەسازیی نەوت لەكوردستاندا بەهەڕەشەی سەرخۆیان دەزانن بەردەوام هەوڵ دەدەن كوردستان لەرووی ئابوورییەوە هەر بەپاشكۆی مەركەز بمێنێتەوە، هەموو كاتێك بەوە بژین، كە لەبەغداوە بۆیان دێت".
(ئەیمور حوسێنۆف) سەرۆكی راوێژكارانی وزەی جیهانی لەكۆمپانیای (ئێكسكڵۆسڤ ئەناڵیسیز) كە كۆمپانیایەكی جیهانییە، بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) دەڵێ "ئیكسۆن وای لێكداوەتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق دواجار ئەوە بەگرنگتر دەزانێ، كە پاڵی پێوەنەنێ لەپڕۆژەكانی باشوور بكشێتەوە".
دوای ئەنجامدانی گرێبەستەكە رۆژنامەی (نیۆرك تایمز) بڵاویكردبۆوە، كە بەپێی گرێبەستەكە دەبێت كۆمپانیای‌ ئیكسۆن مۆبیل بڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەهەرێمی‌ كوردستان لەماوەی‌ حەوت ساڵدا ئەنجام بدات، ئەمەش لە رێگای‌ دەرهێنانی‌ نەوت بەبڕی‌ دوو ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا، بەمەبەستی‌ بەرزكردنەوەی‌ هەناردەكردنی‌ نەوتی‌ عێراق بۆ ئەمریكا، بەتایبەتی‌ كاتێك هێزەكانی‌ ئەمریكا لەعێراق بەتەواوەتی‌ دەست بەكشانەوە دەكەن.
ئاشتی‌ هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان لەكۆنگرەی نەوت و غاز كە لەرۆژی 13ی تشرینی دووەم لەشاری هەولێر ئەنجامدرا، لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكە بەئاشكرا گرێبەستەكەی حكومەتی هەرێمی لەگەڵ (ئیكسۆن مۆبیل) راگەیاند و گوتی "پێموایە هاتنی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بۆ كوردستان، تەنها هەواڵێكی گرنگ نییە بۆ هەرێم، بەڵكو هەواڵێكی گرنگە بۆ سەرجەم عێراقییەكان، لەبەرئەوەی وەبەرهێنانی زیاتری بەرەو عێراق هێنا". هەر لەو كۆنگرەیەدا، بەرهەم ساڵح، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی گرێبەستەكانەوە گوتی "حكومەتی هەرێم بەپێی چوارچێوەی دەستووری عێراق هەنگاوی ناوە بۆ دەرهێنان و فرۆشتن و مامەڵەكردن بەنەوتی هەرێم، ئێمە پابەندی دەستووری عێراق دەبین و ئەو هەنگاوانەی نراون لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور دان".
هەرچەندە بەرپرسانی‌ حكومەتی‌ هەرێم باس لە یاساییبوونی‌ ئەو گرێبەستانە و بەرژەوەندەیكانی‌ بۆ سەرجەم عێراق دەكەن، بەڵام بەرپرسانی‌ عێراقی و تەنانەت بەشێك لەپەرلەمانتارانی كوردستان ناڕازین لەوەی تائێستا ئەو گرێبەستە نەخراوەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.
(عەبدوڵڵا مەلا نوری) ئەندامی لێژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان بە (سڤیل)ی راگەیاند "تائێستا وردەكاریی ئەو گرێبەستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیكسون مۆبیل رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام گرنگی ئەو گرێبەستە بۆ هەرێمی كوردستان لەوەدایە، كە رەهەندیكی سیاسی هەیە، ئەویش پێكەوەگرێدانی بەرژەوەندی ئابووری هاوبەشی نێوان ئەمریكا و كوردستانە، كە دەبێتە زەمانێكی سیاسی بەمەرجێك لەسەر ئەو ئەساسە رێكەوتنەكە كرابێت".
(فەرهاد حەمزە) كە شارەزای بواری نەوتە و ئەندازیاریكی جیۆلۆجیە لەكۆمپانیای نەوتی باكوور لەكەركوك باس لەگرنگی تەواوی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆییل دەكات و ئاماژە بەوە دەكات پێشتر حكومەتی عێراق گلەییان ئەوە بووە، حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بچوكەكان گریبەستی كردووە، بەڵام ئێستا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل گەورەیی ئاستی نەوتی كوردستان دەردەخات. ئەم شارەزاییەی بواری نەوت لەرووی سیاسیەوە باس لەگرنگی مانەوی كۆمپانیاكە دەكات و دەڵیت "كۆمپانیاكە سەیری قازانجی خۆی دەكات و دڵنیابە لەبەرخاتری چاوی كاڵی ئێمە نەهاتووە، بۆیە بۆ مانەوەیان كۆمپانیاكە كۆمەڵێك گرەنتی خۆیان و بەرژەوەندی ئەو جێگایەش دەپارێزن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com