|
سڤیل:
سلێمانی
"هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت و رێكخراوەكانیش
تەنها رۆڵی چاودێر دەبینن نەك نوێنەریان
هەبێت"
نزیكەی 800 هەزار قوتابی مافی دەنگدانیان
دەبێت و پڕۆسەكە بەشێوەی لیست بەڕێوەناچێت
هەرچەندە بڕیاربوو لەرۆژانی 22 و 30 ئەم
مانگەدا هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی خوێندكاران و
قوتابیان لەناو ناوەندەكانی خوێندن و لەزانكۆ
و پەیمانگاكاندا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی
ئەوەی هێشتا ئامادەكارییەكان یەكلایی
نەبوەتەوەو رێكخراوەكانی ئۆپۆزیسۆنیش رەخنەیان
هەیە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەكەو ئاماژە بۆ
ئەوەدەكەن تائێستا یاسایەك نییە بۆ چۆنیەتی
ئەنجامدانی پرۆسەكە، پێدەچێت هەڵبژاردنەكە
ئەنجام نەدرێت یاخود بكەوێتە كاتێكی ترەوە.
لای خۆیەوە ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان
ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە تائێستا هیچ پرۆژە
یاسایەكیان نەهاتوەتە بەردەست سەبارەت
بەچۆنیەتی هەڵبژاردنەكان و سكرتێری فدراسیۆنی
رێكخراوە قوتابی و خوێندكاریەكان جەخت لەسەر
ئەوەدەكاتەوە هەڵبژاردنەكە هەر ئەنجام دەدرێت.
نزیكەی 9 ساڵە هەڵبژاردنی خوێندكاران و
قوتابیان ئەنجام نەدراوەو دوایین هەڵبژاردنی
نوێنەرایەتی قوتابیان و خوێندكاران لەساڵی
2003 بۆ 2004 ئەنجامدراوە، هەردوو رێكخراوی
كۆمەڵەی خوێندكارانی سەر بەیەكێتی لەسلێمانی و
گەرمیان زۆرینەی دەنگەكانیان بەدەستهێناو
لەسنوری هەولێر و دهۆكیش رێكخراوی یەكێتی
قوتابیانی سەر بەپارتی زۆرترین دەنگی
بەدەستهێناو تائێستاش ئەو دوو رێكخراوە
نوێنەرایەتی خوێندكاران دەكەن.
مامۆستا رێبوار محەمەد سكرتێری رێكخراوی
قوتابیانی كوردستان (كۆمەڵی ئیسلامی) سەبارەت
بە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی خوێندكاران ئاماژە
بۆ ئەوەدەكات، ئەوان پێشتر دوای چەندین
كۆبوونەوە لەسەر ئەوەرێكەوتوون كە هەردوو
وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ئەركی
بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان لەئەستۆ بگرن.
گوتیشی "رێكخراوەكانی قوتابیان ئیشیان تەنها
چاودێریكردنی پرۆسەكە دەبێت لەسەر چۆنیەتی پاك
بەڕێوەچوون و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان".
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئەوان وەك
رێكخراوەكانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەوە هاوڕا و
كۆدەنگن گەر یاسایەك نەبێت بۆ چۆنیەتی
هەڵبژاردنەكە، ئەوا بەشداری نەكەن، ئەو گوتی
"ئێمە ماوەی دوو ساڵ زیاترە پرۆژە یاسایەكمان
ناردوەتە پەرلەمان سەبارەت بەچۆنیەتی
بەرێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام تائێستا
ئەوە نەخراوەتە دەنگدانەوەو لەئێستاشدا
میكانیزمێكی گونجاو نیە بۆ ئەوەی
هەڵبژاردنەكەی لەسەر بەڕێوە ببرێت، بۆیە ئێمە
رەخنەو تێبینی خۆمان هەیە لەو بارەیەوە".
لەكوردستاندا زیاتر لە 14 رێكخراوی قوتابیان و
خوێندكاران هەیە، سەرجەم ئەو رێكخراوانەش
پێكهاتەی حیزبەكانی كوردستانن، لەدواین
كۆبوونەوەی فیدراسیۆنی قوتابی و
خوێندكارەیەكان بڕیار درا هەڵبژاردنی قوتابیان
بەسەرپەرشتیی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو
پەروەردە ئەنجام بدرێت.
گەر هەڵبژاردن لەمساڵدا ئەنجام بدرێت نزیكەی
800 هەزار قوتابی و خوێندكار مافی دەنگدانیان
دەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمەی رێكخراوەكان
لەسەری رێكەوتون پڕۆسەكە وەك رابردوو بەشێوەی
لیست بەڕێوە نەچێت، بەڵكو هەر خوێندكارێك
بەسەربەخۆیی و بەبێ گەڕانەوەی بۆ ڕێكخراوەكەی
لەپۆلەكەیدا خۆی كاندید دەكات. لەپاش
دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە رایەڵەی
خوێندكارانیش دروستبووەو سەرپەرشتی
كاروبارەكانی خوێندكارانی ناو بزوتنەوەكە
دەكات، پەیامنێری (سڤیل) چەند جارێك پەیوەندی
بەسەرپەرشتیاری ئەو رایەڵەوە كرد، بەڵام
پەیوەندیەكان بەردەست نەبوو، سەرچاوەیەكی
ئاگادار لەناو ئەو رایەڵەوە بە (سڤیل)ی گوت
"ئێمەش هاودەنگین لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی ترداو
پێدەچێت نوێنەرانی خۆمان بەشداری ئەو
هەڵبژاردنە نەكەن، چونكە ئێمە ئەندام نین
لەناو فیدراسێۆنی رێكخراوەكانی قوتابیان و
خوێندكاران".
لای خۆشیەوە رۆژنامەنوس شاخەوان عەلی پێی وایە
گەر لەسەر ئەو میكانیزمەی ئێستا هەڵبژاردن
بكرێت سەركەوتوو نابێت، گوتی "لەساڵانی
رابردوودا ئەو رێكخراوانە بینیومانە چیان
كردووەو چۆن بوون لەهەڵبژاردنەكاندا ئەوە 9
ساڵ دەبێت هەموو ناوەندەكانی خوێندنیان بۆ
خۆیان قۆرخ كردووەو ناهێڵن هیچ رێكخراوێكی تر
نوێنەر دابنێت". بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە
لەماوەكانی رابردوو پێشێلكاری كراوەو
ناوەندەكانی خوێندن بەر لەهەڵبژاردن نوێنەریان
تێدا هەڵبژێردراوەو ناوەندەكانی خوێندن
بەكارهاتوون بۆ هەردوو رێكخراوی دەسەڵات.
شاخەوان گوتیشی "ئەو دوو رێخراوەی سەر
بەدەسەڵات لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەستیان
لەكاروباری قوتابیان و خوێندكاران وەرداوە و
حەرەمی ناوەندەكانی خوێندنیان شكاندووە، گەر
بەم میكانیزمەی ئێستاش هەڵبژاردن بكرێت، ئەوا
بێگومان سەركەوتوو و پاك نابێت".
لەبەرانبەر رەخنەی ئەو رێكخراوانەدا لای
خۆیەوە عیرفان عەزیز سەرۆكی فیدراسیۆنی
رێكخراوە قوتابی و خوێندكارییەكان ئاماژەی بۆ
ئەوەكرد، كە لەدواین كۆبوونەوەدا سەرجەم
رێكخراوەكان لەسەر 14 خاڵ رێكەوتوون یەكێك
لەخاڵەكانیش ئەوەیە هیچ رێكخراوێك بەشێوەی
راستەوخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات و
قوتابیان و خوێندكاران خۆیان راستەوخۆ
لەناوەندەكاندا بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن و
خۆیان هەڵدەبژێرن، گوتیشی "بۆ سەرپەرشتیكردنی
هەڵبژاردنەكە لێژنەیەكی تایبەت لەهەردوو
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و
پەروەردە پێكدەهێنرێ بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەو
هەڵبژاردنە بكات، ئەنجومەنی وەزیرانیش كولفەی
تێچوونی هەڵبژاردنەكە دەگرێتە ئەستۆ". عیرفان
عەزیز گوتیشی "لەماوەی رابردوودا ئەو
رێكخراوانەی ئێستا گلەییان هەیە، دەیان جار
ئەوەیان گوتوە كە ئێمە دەستمان گرتوە بەسەر
ناوەندەكانی خوێندنداو نوێنەران ئێمە
دایدەنێن، بەڵام ئێستا لەسەر ئەوە رێكەوتووین
كە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت رەخنەی تریان
دۆزیوەتەوەو دەیانەوێت پرۆسەكە ئەنجام
نەدرێت". بەوتەی ناوبراو زۆرینەی
ئامادەكاریەكانی هەڵبژاردنی ئامادەییەكان
كۆتاییان هاتوەو هەڵبژاردن لەناو خوێندنگا
ئامادەییەكاندا لەكاتی خۆیدا واتە لە 30ی 1دا
ئەنجام دەدرێت، بەڵام سەبارەت بە زانكۆ و
پەیمانگاكان هێشتا روون نیە دەكرێت، عیرفان
عەزیز گوتیشی "تائێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا
ئێمەیان ئاگادار نەكردوەتەوە كە چیانكردوەو بۆ
هەڵبژاردنەكە، بەڵام ئێمە سورین لەسەر ئەوەی
كە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت".
عیرفان عەزیز كە لەهەمان كاتدا سكرتێری
رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی سەر بەپارتیە
ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە ئەوان هەمیشە لەگەڵ
ئەو ڕایەدا بوون كە هەڵبژاردنی قوتابیان
بكرێت، گوتیشی "یەكێتی قوتابیان هەمیشە داكۆكی
كردووە لەقوتابیان و داواشی كرد لەڕێگەی
هەڵبژاردنەوە ئەو مافە بۆ قوتابیان
بگەڕێنرێتەوە كە خۆی نوێنەری خۆی دیاربكات،
بۆیە لەكۆبوونەوەی فیدراسیۆنیش یەكێك لەو
ڕێكخراوانەبوو كە زۆر داكۆكی لەهەڵبژاردنی
قوتابیان كرد".
لای خۆشیەوە عومەر نورەدینی سەرۆكی لیژنەی
پەروەردەو فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
لەپەرلەمانی كوردستان جەختی لەسەر ئەوەكردەوە
ئەوان هاوكارو پشتیوان دەبن بۆ سەرخستنی
پرۆسەكەو نوسراوی فەرمیشیان كردووە بۆ سەرجەم
وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، گوتی "تائێستا هیچ
پرۆژە یاسایەك سەبارەت بەچۆنیەتی هەڵبژاردنی
نوێنەرایەتی خوێندكاران لەناوەندەكانی
خوێندندا نەهاتوەتە بەردەستی ئێمە، تاقسەی
لەسەربكەین و بیخەینە بەرنامەی كارەوە، بەڵام
لەرابردوودا فیدراسیۆنی رێكخراوەكان هاتنە لای
ئێمەو لەسەر میكانیزمێك رێكەوتبوون كە چۆنیەتی
هەڵبژاردنی دیاریكردبوو، ئێمەش لای خۆمانەوە
نوسراوی فەرمیمانكردوە بۆ سەرجەم وەزارەتە
پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی سەركەوتوو
ئەنجام بدرێت". |