ژمارەیەك مامۆستای زانكۆی سلێمانی بێ ئەوەی وانە بڵێـنەوە موچە وەردەگرن  

 

 

سڤیل: سەنگەر عەبدولرەحمان

ژمارەیەك مامۆستای پێشوی بەشی راگەیاندنی سەر بە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی، ماوەی نزیكەی پێنج مانگە بێ ئەوەی هیچ وانەیەك بڵێنەوە، موچەكانیان وەردەگرن.سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە بە گەندەڵی ناو دەبات و بەڵێنی بەدواداچونیش دەدات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانیەوە بە (سڤیل) دراوە، شەش مامۆستای ئەو بەشە لەسەرەتای دەستپێكی خوێندنی ساڵی 2011 – 2012، بەهۆی رازینەبونی سەرۆكی بەشەكە بە جۆری وانەكانی ئەو مامۆستایانە و شێوازی وتنەوەی وانەكانیان، لەبەشی راگەیاندن پەیوەندی (موباشەرە)یان بۆ نەكراوە، بەڵام دواتر بێ ئەوەی هیچ وانەیەكیان لەهیچ بەشێكی تر بۆ دیاری بكرێت، كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان موباشەرەیان بۆ دەنوسێت و لەوكاتەوە تا ئێستا، كە نزیكەی پێنج مانگە، بێ وتنەوەی وانە موچە وەردەگرن.
بەپێی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە پێویستە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران لە 1/9 ی هەموو ساڵێك پەیوەندی بكەن.
سەرۆكی بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی زانیاریەكانی (سڤیل)ی پشتراست كردەوە، (دكتۆر سابر بۆكانی) گوتی"ئەو مامۆستایانە چەند ساڵێكە لە بەشی راگەیاندن وانە دەڵێنەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن رازینەبووین بە وەرگرتنەوەیان و لەبەشەكەمان پەیوەندی (موباشەرە)مان بۆ نەكردن".
بەشی راگەیاندن یەكێكە لەپێنج بەشەكەی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكانی زانكۆی سلێمانی، ساڵی 2000 دامەزراوە، تا ئێستاش حەوت خولی دەرچونی هەبووەو لە هەر خولێكی دەرچونیشدا بڕوانامەی بەكالۆریۆس بە 70 بۆ 80 قوتابی دراوە.
سەرچاوەكەی سڤیل لە بەشی راگەیاندن گوتی "ئەو حاڵەتە تەنها لەبەشەكەی ئێمە نیە، لە زۆر لە بەشەكانی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان و كۆلێژەكانی تریش هەمان حاڵەت هەیە و مامۆستای وا هەیە هەر لە كوردستانیش نیە، مانگانە كەسێك دێت موچەكەی بۆ وەردەگرێت".
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان بونی حاڵەتێكی لەو جۆرە بە"گەندەڵی" ناو دەبات، بەڵێنیش دەدات لیژنەكەیان بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكات.
دكتۆر عومەر نورەدینی سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان گوتی "ئەوەی پیشەی مامۆستایە و ئەو ناسنامەی هەڵگرتوە، ئەركی ئەو بریتیە لە وانە وتنەوە، ئەركێكی تری مامۆستای زانكۆ بریتیە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، دەكرێت هەر مامۆستایەكی زانكۆ مۆڵەت وەربگرێت بۆ درێژەپێدانی خوێندن لەدەرەوە بێت یان لە كوردستان، بەگوێرەی ڕێنمایی و یاساكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدات و بڕوانامەی بەرزتر لەوەی خۆی بەدەست بێنێت". گوتیشی "لەدەرەوەی ئەو پرۆسە یاساییە، ناكرێت مامۆستا موچە وەربگرێت و هیچ یەكێك لەو ئەركە زانستیانەی باسم كرد جێبەجێ نەكات".
لە ئێستادا بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی 17 مامۆستای هەیە، 6 مامۆستایان بڕونامەی دكتۆرا و 6ی دیكەشیان بڕونامەی ماستەر و پێنج مامۆستاكەی تریش هێشتا خوێندكاری ماستەرن.
دكتۆر سابر بۆكانی گوتی "هەندێك لەو مامۆستایانە پێشتریش هەر وانەیان نەبووە و مانگانە موچەكەیان وەرگرتوە، دوان لەوانیش عەرەبن و كێشەی زمانیان لەگەڵ خوێندكارەكاندا هەیە، مامۆستایەكیشیان یونسكۆ وانەكەی لە مەنهەجی ئەمساڵدا لابردوە".
دكتۆر (جەزا تاڵب) راگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان، هەرچەندە رەتیكردەوە كە ئەو مامۆستایانە بێ وتنەوەی وانە و دەوامكردن موچە وەربگرن، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێكی زیاتر لەو بارەیەوە بدات.
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان جەختی كردەوە، ئەو بابەتە پێویستی بەساغكردنەوە و بەدواداچونی زیاتر هەیە، "هەروەخت سەلمێنرا لەدەرەوەی رێنمایی و یاساكان كارەكە كراوە بێگومان دەچێتە خانەی گەندەڵیەوە".
لای خۆشیەوە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی بێئاگایی خۆی لەو بابەتە نیشاندا. دكتۆر بەختیار محەمەد ئەمین بۆ (سڤیل) گوتی "هیچ زانیاریەكمان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەیشتوە، هەڵبەت وەك سەرۆكایەتی زانكۆ بەدواداچون دەكەین، لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ دروست دەكەین، ئەگەر دەركەوت راستە بێگومان لێپێچینەوەی یاسایی لەهەموو ئەو كەسانە دەكەین، كە كەمتەرخەم بوون لەم مەسەلەیە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com