كابینەیەك كێشە لەنێوان بەرپرسێك و چەند ماڵێك دروست دەكات  

 

 

سڤیل: شوان سدیق ـ هەولێر

چەند ماڵێكی گەڕەكی ئەندازیارانی شاری هەولێر ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر بەرپرسێكی حزبی دەردەبڕن، كە كابینەیەكی بۆ پاسەوانەكانی لەبەرامبەر ماڵەكانیان داناوە، بەرپرسەكەش دەڵێ كە باخچەكە چاك كرا كابینەكەش لادەدرێت.
لەگەڕەكی ئەندازیارانی شاری هەولێر لەتەنیشت باخچەی وەفایی، ماوەی دوو ساڵە حكومەت پارچەزەویەكی دەستنیشانكردووە، بۆ باخچە و چوارچێوەشی وەك سیاج بۆ كردووە، بەگوتەی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەكە حكومەت هەستاوە، بە پێدانی نزیكەی 150 مەترێك زەوی لەو باخچەیە بە مامۆستا گۆران كە پێشتر بەرپرسی لقی مەخموری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ئەویش كردیەتی بەشوێنی حەوانەوەی پاسەوانەكانی لەگەڵ دانانی مۆلیدەیەكی گەورە.
گەڕەكی ئەندازیارانی هەولێر دەكەوێتە نێوان جادەی 40 مەتری و 100 مەتری لەنزیك باخچەی وەفایی، سەردار پیرباڵ، هاوڵاتیەكی دانیشتوی ئەو گەڕەكە بە "سڤیل"ی راگەیاند "ماوەی ساڵ و نیوێكە هاتوومەتە ئەم گەڕەكە، بەر لەوەی ئێمەش بێینە ئێرە، حكومەت بۆ نزیكەی دوو ساڵ دەبێت، رێگای بەوكابرایە داوە، كە ئیستغلالی موڵكی گشتی بكات، چونكە حكومەت خۆی هەستاوە بەشێك لەزەوی باخچەكەی بۆ بڕیوەتەوە"، سەردار پیرباڵ گوتیشی "ئەو بەرپرسە ئەگەر پێشتر بیانووی ئەوەبێت، كە پاسەوانی هەبووە، بەڵام لەئێستادا خۆ هیچ پاسەوانێكی نییەو كابینەكەش بەتاڵە".
لەلای خۆیەوە (مامۆستا گۆران) بە "سڤیل"ی راگەیاند "چاوەڕوان دەكرێت، ئەو زەویەی كە دەستنیشانكراوە، بۆ پارك بیدەنە مەقاول، كە دایانە مقاولیش باخچەكە بەگشتی چاك دەكرێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ نەوزاد هادیش قسەم كردووە، كە هەمووی چاك دەكەنەوە، پێشتریش بۆ ئەوەی نەبێـتە شوێنی راوەستانی ئۆتۆمبێل من لەو شوێنە كابینەی پاسەوانەكانم داناوە، بەڵام كە چاكرا مۆلیدەكە هەر لەشوێنی خۆی دەمێنتەوە".
مامۆستا گۆران رەتی دەكاتەوە كە پاسەوانی نەبێت و گوتی "من 17 پاسەوانم هەیە، بەڵام خەڵكی تر هەیە دنیایەك شوێنی تری داگیركردووە، ئەو كابینەش كە من دامناوە بۆ پاسەوانەكانم هیچ رێگایەكی خەڵكی نەگرتووە".
سەردار پیرباڵ، كە ماوەی دوو ساڵە نیشتەجێی ئەو گەڕەكەیە وەك خۆی باسی كرد، ساڵێك زیاترە چەندین جار سەردانی شارەوانیان كردووە، ئەو ئاماژەش بەوە دەكات، كە چەندین جار بەنوسراوی رەسمی تەنانەت نوسراوی نهێنیش كراوە بۆ قایمقامیەت، بەڵام "قایمقامیەت پێیان گوتین ئەوە لەسەلاحیەتی ئێمەدا نییە، كە بێین كابینەی ئەو بەرپرسە لابەرین، چونكە كابرایەكی گەورەیە"، پیرباڵ گوتیشی "دوای ئەوەی زۆر سەردانی شارەوانی و قایمقامیەتیمان كرد، دواتر شارەوانی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە نوسراوێكمان بۆ ئاشكرا بكات، بەژمارە "246" لەبەرواری (13/2/2011) ئەو نوسراوەش بەرزكراوەتەوە، بۆ لێژنەی ئەمنی لەقایمقامیەت، بەڵام تا ئێستاكە هیچیان نەكردووە".
بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەوبارەوە "سڤیل" پەیوەندیكرد بە سەرۆكایەتی شارەوانی چواری هەولێر، لەلای خۆیەوە ئەندازیار (پێشڕەو) سەرۆكی شارەوانی چوار بێئاگایی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر ئەم كێشەیەو گوتی "با ئەو هاوڵاتیانە سەردانی ئێمە بكەن، ئەگەر هاتوو كێشەكەیان لەسنوری ئێمە بوو، بێگومان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین و كێشەشمان نابێت لەچارەسەركردنیدا".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com