|
سڤیل:
بیلال سەعید
سەرپەرشتیاری كەمپینی دژ بەگەندەڵی: ئەگەر
لەدادگاكانی گەرمیان ئەنجامێكی نەبێت،
كەیسەكانمان دەبەین بۆ دادگاكانی هەولێر
گەنجان و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی گەرمیان
بۆ ماوەی چەند ساڵێك دەبێت دەستیان داوەتە
ناڕەزایی دەربڕین دژ بەگەندەڵی لەدەڤەرەكەیان،
لەتازەترین هەوڵدا كۆمەڵێك لەرۆژنامەنووس و
رۆشنبیر لەدەڤەرەكە لەڕێگەی یاداشتێكەوە
كەمپینێكی واژۆكۆكردنەوەیان سەبارەت
بەكەیسەكانی (گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی
پۆستەكان و ئەو زیادەڕۆ زۆرانەی بۆسەر موڵكی
گشتی كراوە) ئەنجام دەدەن.
سنوری ئیدارەی گەرمیان لەهەریەك لەشارەكانی
كەلار و كفری و چەمچەماڵ پێكهاتووە، بەپێی
ئامارەكان رێژەی دانیشتوانی ئەو 3 شارە زیاد
لە400 هەزار كەسە، ناوەندی ئیدارەكەش شاری
كەلارە، كە ئێستا رێژەی دانیشتوانی لەسەروو
196 هەزار كەسە.
لەكاتێكدا رێكخراوەكانی سنوری گەرمیان
هەوڵەكانیان خستەگەڕ بەمەبەستی بەیەكەوە
كاركردن و هەماهەنگی هەوڵێكی لەو شێوەیە
لەكوردستان زۆر كەم بوو، بۆیە ناوەندی كاری
هاوبەش لەیەكێك لەچالاكیەكانیان دەستیان دایە
كاركردن لەسەر كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و
دوكیومێنت لەسەر گەندەڵی دامودەزگاكانی حكومەت
لەسنوری گەرمیان.
عەدنان قوربانی، ئەندامی رێكخراوەكانی
كۆمەڵگەی مەدەنی لەگەرمیان كە پێشتر وتەبێژی
ناوەندی كاری هاوبەشی ڕێكخراوەكانی گەرمیان
بووە، بە(سڤیل)ی راگەیاند "لەساڵانی رابردوو
وەك ناوەندی كاری هاوبەش و گروپی
بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لەگەرمیان چەندین
دوكیومێنت و مەلەفی گەندەڵیمان لەدامودەزگا
حكومیەكانی سنوری گەرمیان ئاشكرا كردووە،
ئێستاش بەردەوامین لەهەوڵەكانمان بەدوای
بەدەستهێنانی مەلەفی گەندەڵی لەبەرئەوەی
گەندەڵی ئەگەر ڕێگری لێ نەكرێت دەبێتە
دیاردە".
ئەو ئەندامەی رێكخراوەكانی كومەڵگەی مەدەنی
ئاماژە بەوە دەكات، بەشێك لەو كەسانەی لەسەر
كەیسی گەندەڵی دراونەتە دادگا بەهۆی دوكیومێنت
و مەلەفەكانی ناوەندی كاری هاوبەش و گروپی
بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بووە.
لەسەرەتای ساڵی 2012 لەگەڵ وادەی تەواوبوونی
ماوەی سەرۆكایەتی كابینەی شەشەمی حكومەت،
كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و رۆشنبیری گەرمیان
یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی
پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و
وەزارەتی ناوخۆ و داد كردووە، كە
لەیاداشتەكەدا هاتووە "ئێمە وەك كۆمەڵێك
رۆژنامەنووس و رۆشنبیری گەرمیان لەدەستپێكی
ئاڵوگۆڕكردنی كابینەی حكومەت هەڵدەسین
بەڕاگەیاندنی كەمپینی واژوكۆكردنەوە سەبارەت
بەكەیسەكانی (گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی
پۆستەكان و ئەو نادادپەروەریانەی كە بەرانبەر
بەرێژەیەكی بەرچاو لەهاوڵاتیان كراوە، ئەو
زیادەڕۆ زۆرانەی بۆسەر موڵكی گشتی كراوە، ئەو
كەموكورتیانەی لەهەندێك لەپرۆژەكاندا
دەستنیشان كراوەو هەندێكیان هەیەو
لەرۆژنامەكان بڵاوكراونەتەوە).
كاوە گەرمیانی، سەرپەرشتیاری كەمپینەكە گوتی
"ماوەی پێشوو سەرۆكی هەرێم لیژنەی لێكۆڵینەوەی
سەبارەت بەكەیسەكانی گەندەڵی و خراپ
بەكارهێنانی پۆستەكان راگەیاندووە، بەڵام هیچ
كارێكی ئەو لیژنەیەمان لەسنوری گەرمیان هەست
پێنەكردووە، جگە لەوەش وەك رۆژنامەنووسانی
دەڤەرەكە چەندین كەیسی گەندەڵیمان
بڵاوكردوەتەوەو داواكاری گشتی و دیوانی
چاودێریش چەندین كەیسیان رەوانەی دادگا
كردووە، بەڵام تائێستا ئەنجامەكانی دیار نین".
كاوە ئەوەشی گوت "وەك رۆشنبیران و
رۆژنامەنووسان دەستمان داوەتە ئیمزا كۆكردنەوە
و نزیك بە 1500 ئیمزامان كۆكردوەتەوە، لەگەڵ
ئەوەشدا داواكارین لێكۆڵەرەوەی پسپۆر و
بێلایەن و دادوەری لێهاتوو دوور لەگوشار جێگای
تایبەت بۆ دادگاییكردنی شەفافانەو یاساییانە
دوور لە تحیزو تمیز بەپێی بنەما یاساییەكانی
عێراقی دادگایی بكرێن".
كاوە هەرچەندە نیگەرانە لەنەبوونی ئەنجامی ئەو
كەیسانەی سەبارەت بەگەندەڵی لەبەردەم
دادگاكانی كوردستان و گەرمیان بەتایبەتی بوونی
هەیە، بەڵام ئاماژە بەوە دەكات "لەحالێكدا
ئەگەر سكاڵا و داواكارییەكانمان ئەنجامی
نەبێت، ناچارین داوابكەین سكاڵا و داواكان
لەسەر گەندەڵكاران رەوانەی دادگاكانی هەولێر
بكرێن".
فەرمانگەی داواكاری گشتی لەگەرمیان، كە لەساڵی
2011 بەرەسمی كراوەتەوە، بەپێی وتەی
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەكە،
بەڕێوەبەرایەتییەكەیان تائێستا چەندین دۆسیەی
گەندەڵی كردووەتەوە و چەندین كەیسی ڕەوانەی
دادگا كردووە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە.
حاكم نزار حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی
داواكـــــــــاری گشــــــتی
لــــــــــــــەگەرمیــــــــان بە (سڤیل)ی
ڕاگەیاند "هەر هەوڵێك هەبێت لەلایەن
رۆژنامەنووس و گەنجان و رۆشنبیرانەوە سەبارەت
بەڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەك بەڕێوەبەری
فەرمانگەی داواكاری گشتی وەك شەخس پاڵپشتی
دەكەم، بەمەرجێك هەوڵێك نەبێت لەپێناو
لەكەداركردنی كەسایەتیێك یان بەرپرسێك، بەڵكو
شتەكان بەدوكیومێنت بێت".
فەرمانگەی داواكاری گشتی لەماوەی ڕابردوو
چەندین دۆسیەی لەسەر موڵكە داگیركراوەكانی
حكومەت لەسنوری گەرمیان و كۆمەڵێك زەوی و
دوكانی شارەوانی گەرمیان و چەندین دۆسیەی
دیكەی گەندەڵی لەسنورەكە كردووەتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواكاری گشتی ئەوەشی
گوت كە وەك فەرمانگە كار لەسەر سەرجەمی ئەو
دوكیومێنتانە دەكەین، كە دەگاتە دەستمان یان
لەڕاگەیاندنەكان لەسەر گەندەڵی بڵاودەبێتەوە".
بەپێی زانیارییەكان لەگەڵ دەستبەكاربوونی
بەرپرسی تازەی ئیدارەی گەرمیان لەساڵی 2011
تائێستا چەندین بەرپرسی ئیداری گۆڕدراون و
ئێستاش گۆڕانكارییەكان بەردەوامی هەیە، نزار
سەبارەت بەڕۆڵی داواكاری گشتی لەگۆڕانكاری
بەرپرسە ئیداریەكانی گەرمیان گوتی "ئێمە
ناتوانین كەس بگۆڕین، بەڵام چەند جارێك
تێبینمان داوەتە ئیدارەی گەرمیان سەبارەت
بەكەموكوڕی لەئیداراتی گەرمیان".
رۆژنامەنووس پشتیوان جەلال هۆكاری كارانەبوونی
رۆڵی دادگا لەسنوری گەرمیان بۆ بوونی
باڵادەستی یەكێتی لەگەرمیان دەگەڕێنێتەوە،
لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەكات كە ئەمە نیشانەی
پرسێكی گەورەیە لەبەردەم یەكێتی كە بەرپرسانی
ئیداری سنورەكە ئەندامی ئەو حیزبەن و رێگەگرتن
لەدادگاییكردنی گەندەڵكارانی سنورەكە دەبێتە
هۆی ئەوەی رۆژ بەرۆژ دەنگەكانی یەكێتی كەم
بكاتەوە.
پشتیوان داوا دەكات كە حكومەت سنورێك بۆ
گەندەڵی بەرپرسانی لەسنورەكە دابنێت و
بەرپرسان لەسەر ئاستی ئینتیمای حزبی دانەنرێن،
بەڵكو لەسەر ئاستی پسپۆری دابنرێن لەگەرمیان و
دانانی كەسایەتییەكان بەسیڤی بێت.
بەهۆی بوونی گەندەڵی لەسنوری گەرمیان و
كاركردنی پێشووتر لەگەڵ ناوەندی كاری هاوبەش و
گروپی بەگژاچوونەوەی گەرمیان، لەكۆتایی ساڵی
2011 كۆمەڵێك گەنجی گەرمیانی بیریان
لەوەكردەوە كە ڕێكخراوی كاری شەفافیەت بۆ
نەهێشتنی گەندەڵی لەكوردستان ڕابگەیەنن،
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوەكەش ئاماژە
بەوەدەكات سنوری كاركردنیان لەسەر ئاستی سێ
پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەبێت، گوتی
"یەكەم چالاكیمان تایبەتە بەكاركردن لەسەر
داهاتی نەوت".
جەلال هۆرینی، بەڕێوەبەری جێبەجیكار
لەڕیكخراوی كاری شەفافیەت بۆ نەهیشتنی گەندەڵی
بە(سڤیل)ی ڕاگەیاند "لەماوەی داهاتوو ڕاپۆرت
بڵاودەكەینەوە لەسەر دیاردەی گەندەڵی و
كۆمەڵێك دوكیومێنت و بەڵگەی گەندەڵی گەیشتوەتە
ڕێكخراوەكەمان و كاری لەسەر دەكەین".
جەلال ئاماژە بەرۆڵی ناوەند و گروپەكانی دیكەی
گەرمیان دەكات لەڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و
دەڵێت، دەستخۆشی لەهەوڵەكانی پێشوتری ناوەندی
كاری هاوبەش و گروپی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی
دەكەین كە بوونە هۆی لابردنی بەڕێوبەری
تەندروستی گەرمیان و گواستنەوەی
بەڕێوبەرایەتیەكەی بۆ گەرمیان
لەدەربەندیخانەوەو هەروەها كاركردن لەسەر
چاودێری كۆمەڵایەتی و گۆڕینی چەند بەرپرسێك و
كاركردن لەسەر شارەوانیەكانی كەلار و كفری كە
تاوەكو ئیستا دۆسیەی شارەوانی كفری لەدادگای
كفرییە.
|