لە سۆران ئاژەڵە دڕندەكان مەترسیان لەسەر ئاژەڵدارە خۆماڵیەكان دروست كردووە  

 

 

سڤیل: محەمەد هەسنانی

ماوەیەكە ئاژەڵی دڕندەی كێوی لەسنووری شار و شارۆچكەكانی سۆران بەدی دەكرێت و بووەتە هۆی لەناوبردنی ژمارەیەك لە مەڕ و بزن و ئاژەڵی خۆماڵی، ئەمەش مەترسی لەلای هاوڵاتییان دروست كردووە، لەوەی كە بەردەوام چاودێری ئاژەڵەكانیان بكەن، بەرپرسی پاراستنی ژینگەش لەسۆران بۆ (سڤیل) دەڵێت "بۆ رووبەڕوبوونەوەو كوشتنی ئەم ئاژەڵە دڕندانە، دەبێت پرس و را بە ئێمە بكرێت".
عەبدولهادی رەفعەت دانیشتووی گوندی تۆبزاوەی سەر بەشارۆچكەی سیدەكان، ئاماژەی بەوەدا "ماوەیەكە ئاژەڵی دڕندە بەتایبەتی گورگ لەناوچەكەمان بەدی دەكرێت، بێگومان ئەوەش مەترسی دروست دەكات لەسەر پەلاماردانی ئاژەڵەكانمان، ماوەیەك لەمەوبەر لەكاتی لەوەڕاندنی مەڕو بزنەكانماندا چەند گورگێك پەلاماری مێگەلەكەمانیاندا، لەئەنجامدا 8 سەر مەڕو بزن، كە هەندێك لەوانە مرداربوون و هەندێكمان سەر بڕین و هەندێكیشیان زامداربوون، بێگومان ئەوەش زیانێكی كەم نییە، جگە لەوەش لەكاتی پەلامارەكەدا تائێستا چاودێرێكی وردم خستۆتە سەر مەڕ و بزنەكانم، لەترسی دووبارەبوونەوەی پەلاماردانەكانی ئاژەڵە دڕندە كێوییەكان، وەك دیاریشە زۆر كەسیی دیكەش لەسنوورەكەی ئێمە تووشی زیانی ئاژەڵداری بووەتەوە، بەهۆی ئەو پەلامارانەی گورگەوە".
لەناوچەی باڵەكایەتیش وەك هاوڵاتیان بۆ (سڤیل) باسیان لێوەكرد "بەشێوەیەكی بەرچاو ئاژەڵی دڕندە، وەك گورگ و بەراز بەدی دەكرێت، كە بەهۆیەوە ناو بەناو پەلامارەی ئاژەڵەكانی خەڵكی ناوچەكە دەدرێت، كە بەهەمان شێوەی دەڤەری سیدەكان، ماوەیەك لەمەوبەر چەند گورگێك پەلاماری مێگەلە مەڕ و بزنی هاوڵاتی رەسوڵ حوسێن قادر، لەدانیشتووی گوندێكی سەر بەشارۆچكەی سمیلان دەدەن، لەئەنجامدا دەبێتە هۆی لەناوبردن و زامدار كردنی 13 سەر مەڕو بزن، بەبڕوای بەشێك لەدانیشتوانی ئەو شوێنانە قەدەغەكردنی راوكردنی ئاژەڵی كێوی لەناوچەكەدا هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی ئاژەڵی دڕندە لەناوچەكەدا".
لەلایەكی دیكەوە لەگوندەكانی سەر بەشارۆچكەی سۆران، هەمان دیاردە بوونی هەیەو لەهەفتەی رابردوودا لەئەنجامی پاراستنی ئاژەڵەكانیان، لەلایەن شوانكارانی گوندەكانی بناری چیای حەسەنبەگ، 4 بەراز بەگوللە كوژران، شوانكارێكی دانیشتووی گوندی شێخان سەر بەشارۆچكەی دیانا، كە نەیویست ناوەكەی بنوسرێت، بۆ (سڤیل) روونی كردەوە "ئەمساڵ لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، ژمارەیەكی زۆر لەئاژەڵە دڕندەكان لەدەوروبەری گوندو ئاوایەكانمان بەدی دەكرێن، كە بەداخەوە زۆرجار رووداوی پەلاماردانی لێدەكەوێتەوە بۆ سەر ئاژەڵە خۆماڵییەكاندا، ئەمەش شوانكارو هاوڵاتیانی ناوچەكەی ناچار كردووە، كە بەشێوەیەكی وردتر ئاگاداری مەڕو بزن و ئاژەڵەكانیان بن، هاوكات هەفتەی رابردوو لەمەزاری گوندی شێخان، كە دەكەوێتە بناری چیای حەسەنبەگ، دوای ئەوەی لەلایەن چەند شوانكارێكەوە هەست دەكرێت، كە چەند ئاژەڵێكی دڕندە هەوڵی پەلاماردانی مێگەلێك دەدرێت، شوانكاران بەمەبەستی دوورخستنەوەیان، راویان دەنێن و بەگوللە، دەرئەنجام 4 بەراز دەكوژرێن".
ملازمی یەكەمی پۆلیس نەزیر مستەفا، بەرپرسی پاراستنی ژینگە لەسۆران، وەك دیارە راوكردنی ئاژەڵی كێوی بەهەموو شێوەیەك قەدەغەكراوە، واتە هەركەسێك رووبەڕوی ئەم كار بەببێتەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام سەبارەت بەئاژەڵی دڕندە واتە گورگ و بەرازو...هتد، ئەگەر مەترسی بۆ ئاژەڵداران دروست بكات، ئێمە رێمان بەو ئاژەڵدارانە داوە كە رووبەڕویان ببنەوە، بەڵام نەك هەركەس و بەویستی خۆی پەلاماری ئاژەڵە دڕندەكان بدات و بیانكوژێت، بەڵكو دەبێت ئێمە رێگە بەو جۆرە كەسانە بدەین، یان ئەگەر كەسێك ئاژەڵێكی دڕندەش لەناو بەرێت پێویستە سەردانی ئێمە بكات و هۆكارەكەمان بۆ روون بكاتەوە، بۆ نموونە تا ئێستا دوو حاڵەتی لەو جۆرەمان هەبوونە، واتە لەدۆڵی خانەقا و گوندی دەرگەڵەی سەربەشارۆچكەی رواندز، كە سەلماندویانە كە گورگ لەناوچەكەیاندا مەترسی دروست كردووەو پەلاماری ئاژەڵەكانیان داوە، ئێمە رێگەمان پێداون، كە رووبەڕوویان ببنەوەو بیانكوژن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com